دیالۆگ له‌گه‌ڵ میشێل ئۆنفرای
له كتێبه‌كه‌یدا به‌ناونیشانی (توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی بێباوه‌ڕییه‌وه) كه زیاتر له ٢٠٠ هه‌زار دانه‌ی لێ فرۆشرا میشێل ئۆنفرای ته‌نها به‌وه‌وه ناوه‌ستێت كه ئابڕووی فه‌نده‌مێنتالیزم و ده‌ركه‌وته جۆراوجۆره‌كانی ببات، به‌ڵكو بۆیشمان ڕوونده‌كاته‌وه كه چۆن هه‌ر سێ ده‌قه پیرۆزه‌كه هانمان ده‌ده‌ن بۆ كوشتن و خوێنڕشتن و هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ، چونكه ئایینه یهكتاپهرستیهكان تا بینه‌قاقایان بارگاویه به غه‌ریزه‌ی مه‌رگ. هه‌ر له شمشێری خوێناوی یههودیهكانهوه كه كهنعانیهكان سه‌رده‌بڕێ و له‌ناویان ده‌بات بیگره تاوه‌كو به‌كارهێنانی فڕۆكه وه‌ك بۆمبی باڵدار له نیۆرك بۆ ئه‌و بۆمبه ئه‌تۆمیانه‌ی به هێرۆشیما و ناكازاكی دا، كێشران، ئه‌وانه هه‌ر هه‌موویان به ناوی خوداوه و به ده‌ستخۆشی ئه‌و كراون، هه‌روه‌ها به ده‌ستخۆشی ئه‌وانه‌یشی كه به‌رده‌وام بهناویه قسه ده‌كه‌ن.
شایه‌نی باسه كه هیتله‌ری ڕێبه‌ری نازیزمیش زۆر باوه‌ڕی به ئینجیل هه‌بوو، هه‌رگیزیش نه‌سه‌لماوه كه ئه‌و بێباوه‌ڕ بووبێت. ئه‌و عاشقی ڤاتیكان بوو، ئه‌و ڤاتیكانهی هه‌مان هه‌ستی خۆشه‌ویستی بۆ هیتله‌ر خۆی هه‌بوو. هه‌ر بۆیه به پێوه‌ری ئه‌و پێویستبوو هه‌موو ڕێبه‌ره لاهوتیه‌كان نهحهوێنهوه تاوه‌كو جیهان دابه‌ش نه‌كه‌ن بۆ دوو پۆل: دۆستان و دوژمنان، خه‌ڵكی ماڵی ئاشتی و خه‌ڵكی ماڵی جه‌نگ. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیه و چه‌ندین هۆكاری تریش، ئۆنفرای ده‌گاته ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه بڵێت: پێویسته به‌ره‌نگاری ئایینه‌كان ببینه‌وه، چونكه گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م ژیانێكی خۆشگوزه‌ران و هه‌ر جۆره پێشكه‌وتنێكی زانستی، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی كه ئایین له‌وه ده‌كه‌وێت به‌ته‌نها دۆخێكی تایبه‌تی مرۆڤه‌كان بێت و به‌زۆری زۆرداری به‌سه‌ر ته‌واوی مرۆڤه‌كاندا ده‌سه‌پێنرێت.
گۆڤاری سایكۆلۆژی: بۆچی كتێبی ((توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی بێباوه‌ڕییه‌وه)) ت نوسیوه؟
ئۆنفرای: له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه، هه‌رگیز كێشه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئایینیی (ئه‌و شته‌ی كه ئایینیه) شتێكی ئاسایی نه‌بووه. ده‌مه‌وێت بڵێم هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه شۆڕشی فه‌ره‌نسی پێیان هه‌ستا، جا داماڵینی مۆركی ئایینی بێت له ژیانی گشتی یان پاراستنی ئازادیه به‌ده‌ستهاتووه‌كانی ڕاپه‌ڕینی مایۆی 1968، دواجار وا كه‌وته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هیچ كام له‌و شتانه هه‌ر بوونیان نه‌بووبێت، به‌ڕاده‌یه‌ك كه له‌پڕ خۆمان له نێو بڕێكی زۆر مرۆڤدا بینینه‌وه كه باوه‌ڕیان به ئه‌فسانه و خورافات و هه‌ندێك حیكایه‌تی مناڵانه هه‌یه، بۆ نمونه حیكایه‌تی ژیان دوای مه‌رگ، سزای یه‌زدانی، به‌هه‌شت و دۆزه‌خ، ئه‌مه سه‌رباری بڕێكی زۆر فه‌رمانی نالۆژیكی كه به ئه‌قڵی كه‌سدا ناچێت. ئا لێره‌وه‌یه كه هه‌ستمكرد پێویستیه‌كی زۆرمان به زانستێك هه‌یه بۆ زانستی بێباوه‌ڕیی كه بێژهیهكه و له (ژۆرژ باتای) یه‌وه وه‌رمگرتووه: زانستی بێباوه‌ڕیی وه‌ك میتۆدێك بۆ لێكشیتاڵكردن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و ئه‌فسانانه‌ی كه زاده‌ی هه‌ر سێ ئایینه یه‌كتاپه‌رستیه‌كه (ته‌ورات، ئینجیل و قورئان) ن.
گۆڤاری سایكۆلۆژی: به‌ڵام كه‌نیسه‌كان به‌ده‌ست چۆڵی و بهتاڵبوونیانهوه له باوه‌ڕداران، ده‌ناڵێنن. ته‌نانه‌ت كاتێك یۆحه‌نا پۆڵسی دووه‌م به‌كارهێنانی به‌رگری پزیشكی حه‌رام و قه‌ده‌غه كرد، كه‌س به قسه‌ی نه‌كرد و گوێڕاڵی نه‌بوون. ئایا مه‌سیحیه‌ت، كاریگه‌ری خۆی له‌ده‌ستنه‌داوه، به‌تایبه‌تی وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی كاریگه‌ر له‌سه‌ر ژیانمان؟
ئۆنفرای: زۆر ڕاسته، ده‌توانین بڵێین كه‌نیسه‌كان چۆڵن و كه‌س به‌ڕاستی باوه‌ڕی نه‌ماوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه خه‌ڵكی وه‌ك جاران به ئامۆژگاری و قسه‌كانی پاپا ناجوڵێنه‌وه، وه‌كچۆن مه‌سیحیه‌كان خۆیان ڕزگاركردووه له ئایینه‌كه‌یان، به‌و مانایه‌ی كه به‌ته‌واوه‌تی نایناسن و ته‌نها ئه‌وانه نه‌بێت كه خۆویستانه هه‌ڵیانبژاردووه، كه‌سانی دیكه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پراكسیسی ناكه‌ن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ڕاستیانهیشدا ده‌مه‌وێت بڵێم كه جگه له ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌می خه‌ڵك، هه‌موو ئه‌وانه‌ی تر به‌بێ كۆمه‌ك و مۆڵه‌تی كه‌نیسه نه هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن و نه مردووه‌كانیان ده‌نێژن! بێگومان پاشماوه‌كانی بیرێكی خورافی هه‌ن، لێ هاوكات به‌رده‌وامبوونی چه‌شنێك له میكانیزمی ستریۆتایپی یه‌هودی ـ مهسحییش هه‌یه كه هێشتان له‌ناو هزر و زه‌ینی مرۆڤه‌كاندا كار و ئیشی خۆی ده‌كات. ئێمه به‌هۆی جهستهیهكهوه بیرده‌كه‌ینه‌وه، تێده‌گه‌ین و خهیاڵدهكهین، خه‌ون ده‌بینین، ئازاردهچێژین یان ده‌بیستین كه ته‌نها به‌هۆ و له پێناوی ژیاری مه‌سیحییدا خوڵقێنراوه. چونكه ئه‌و سێكسه‌ی كه خه‌ڵكی حه‌زیان پێیه‌تی، كه ئاره‌زووكراوه و پراكسیسدهكرێت، سه‌رباری مامه‌ڵه‌كردنی نه‌خۆش له‌گه‌ڵ ئازار و ته‌واوی كۆیاسای تهمێكارانهی فه‌ره‌نسی و پراكسیسه پیداگۆژیهكان، هه‌موویان بۆ ماوه‌ی زیاتر له پانزه سه‌ده له توندوتیژی و چه‌وساندنه‌وه، له دڕنده‌یی و ناتۆلێرانتی، له ژێر كاریگه‌ری ئاكاری مه‌سیحی و ئایینی كاتۆلیتزمدان.
گۆڤاری سایكۆلۆژی: ئه‌و قسه‌یه‌تان چۆن ڕاڤه‌ده‌كه‌ن و لێكده‌ده‌نه‌وه كه ده‌ڵێن هه‌ر سێ ئایینه‌كه له خزمه‌تی غه‌ریزه‌ی مه‌رگدان؟
ئۆنفرای: خاڵی هاوبه‌شی نێوان ته‌ورات و ئینجیل و قورئان بریتیه له ڕق، ڕقێك كه له بنچینه ژینالۆژیه كولتوریهكهیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یه‌كه‌مین ده‌ستنوسی سه‌ره‌كی ته‌وراتی (Book of Genesis): له‌و ده‌ستنوسه سه‌ره‌كی و ڕه‌سه‌نه‌ی یه‌كه‌می ته‌وراتدا سه‌رباری ڕق و كینه له جه‌سته و ژن و سێكس و چێژه‌كان و هه‌واوهه‌وه‌س و غه‌ریزه‌كان، ڕقێكی كوێر و ئه‌ستوریش له ئه‌قڵ و بیری ئازاد و بیركردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ، له ژیان و ماده و ئاره‌زوو ده‌بینین: ته‌نانه‌ت ڕق له خودی ژیانی ئازاد و كتێبه‌كانیش ده‌بینین، دیاره بێگومان به‌ته‌نها ئه‌و كتێبه نا كه خۆیان باوه‌ڕیان پێیه‌تی و له په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌واو ڕه‌هادان پێوه‌ی. شانبه‌شانی ئه‌و ڕق و كینانهیش، ڕێزێكی سه‌رتاسه‌ری و هه‌مه‌كی هه‌یه بۆ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه له‌سه‌ر بنه‌مای غه‌ریزه‌ی مه‌رگ دامه‌زراون: ڕێزگرتنی جه‌سته‌ی نا ماتهریاڵیانهی فریشته‌كان كه وه‌ك نمونه و شانسێكی گرنگ بۆ لاساییكردنه‌وه و دواكه‌وتنیان بۆمان پێشنیار ده‌كه‌ن، واته ڕێزگرتن له جه‌سته‌ی ناسێكسی، جه‌سته‌یه‌كی به‌تاڵ و خاڵی له هه‌ر ئاره‌زوویه‌كی ڕاسته‌قینه كه به‌زۆری خاوه‌نی هیچ ڕه‌هه‌ندێكی ماته‌ریاڵی نیه و ته‌نانه‌ت بێ تام و بۆن و گۆشتیشه، واته جه‌سته‌یه‌كی ناجهستهی نا به‌رجه‌سته، ته‌واو هاوشێوه‌ی جه‌سته‌ی دایك یان ئه‌و ژنه‌ی كه هاوسه‌رته، ڕێك پێچه‌وانه‌ی جه‌سته‌ی ئه‌و ئافره‌ته‌ی كه ته‌واو خاڵیه له هه‌موو ئه‌و ڕقانه، كه ڕزگاری بووه له هه‌موو كینه‌كان. ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم كه جۆرێك له بانگه‌شه هه‌یه بۆ لاساییكردنه‌وه و ملكه‌چی و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و وازهێنان له به‌كارهێنانی هزری ڕه‌خنه‌یی و دواجاریش خۆشه‌ویستنی زانست. هه‌موو ئه‌م شێوه جیاوازانه‌ی مه‌حرومبوون وای لێده‌كه‌ن كه گه‌وره‌بوو، جۆرێك له كه‌ڵكه‌ڵه بۆ غه‌ریزه‌ی مه‌رگ تیایدا گه‌شه‌بكات و دروستببێت، غه‌ریزه‌یه‌كی ته‌واو دیار و ئاشكرا كه به درێژایی سی سه‌ده له ته‌مه‌نی ئایینه یهكتاپهرستیهكاندا ده‌یبینین.
گۆڤاری سایكۆلۆژی: ئایا به‌ڕای تۆ زانستی بێباوه‌ڕیی، هه‌روه‌ها بۆچوونی ته‌واو دابڕاوی ئێوه له ئاكاری مه‌سیحیه‌ت چۆن ده‌توانن فریامان بكه‌ون له‌ناو گروپ و ژیانێكی باشتردا بژین؟
ئۆنفرای: هه‌ر له‌سه‌ره‌تاكانی دروستبوونیه‌وه، ئاكار له‌سه‌ر پایه‌كانی ئایین خۆی چێكردووه، ته‌نانه‌ت بێباوه‌ڕه‌كانیش (بیری ڕۆشنگه‌رانه) له‌ناو گوتاری نوێی فه‌لسه‌فییدا ڕازیه به هه‌ندێك ده‌ستێوه‌ردان و به‌كارهێنانی گریمانه‌ی یه‌هودی مه‌سیحی، لێ ئاكاری نا مه‌سیحی و ناتیۆلۆژی، واته ئاكارێكی خاوه‌ن مۆركی بێباوهڕانه پێی وایه كه ده‌بێت ئاكار وه‌ك خۆی ببینین، واته وا مامه‌ڵه‌ی بكه‌ین كه یاسای یارییه‌كه‌یه و پێویسته بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان و ته‌واوی ئه‌وانه‌ی له چوارچێوه‌كانی ئه‌و په‌یمانه كۆمهڵایهتیهدان به گرنگ و پێویستی بزانن، تاوه‌كو په‌یوه‌ندیه‌كی ئاكاری له نێوانیاندا (ئێوه و ئه‌وان و من) هه‌بێت كه ئه‌مه‌یش دیسان بۆخۆی سودی هه‌یه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئاكارێكی هاوته‌ریب و پهیوندیداربێت و له‌لایه‌ن خه‌ڵكیه‌وه (به نێر و مێوه) داڕێژرابێت، واته له‌پێناوی خه‌ڵكیدا و به ویستی خۆیان نه‌وه‌ك خوایه‌كی گریمانكراو، مه‌به‌ستم وه‌ك ئاكارێك كه به‌كه‌ڵكی ئه‌وه دێت پراكسیس بكرێت، نه‌ك وه‌كو ئاكارێكی نامرۆیی یان بانمرۆیی!
گۆڤاری سایكۆلۆژی: چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا مامه‌ڵه بكه‌ین كه نائاگا لێوانلێون له غه‌ریزه‌ی وێرانكار، مرۆڤگه‌لێك كه بوونی ئه‌وانی دی ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه؟
ئۆنفرای: ڕاستدهكهیت، ئه‌وه كێشه ڕاسته‌قینه و سه‌ره‌كیه‌كه‌یه. كه‌واته چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا مامه‌ڵه بكه‌ین كه له‌سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندی لاده‌رن؟ مرۆڤگه‌لێك كه ناتوانن هیچ په‌یمانێك له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌كانیاندا ببه‌ستن، له‌به‌ر هیچ نا ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه لێكههڵوهشاون، تێك‌شكاون، پهرتپهرتن و هێشتا وه‌ك كاره‌كته‌ر و كه‌سێتی گه‌شه‌یان نه‌كردووه. ئه‌و كه‌سانه به‌هۆی ئه‌و هه‌موو ڕق و كینه و خراپیه‌وه كه ژیاندویانه وایان لێهاتووه كه ناتوانن بچنه ناو هیچ جۆره په‌یوه‌ندیه‌كی ئاكارییه‌وه. له‌وه‌ش خراپتر، كێشه‌كه ئه‌وه‌یه كه بته‌وێت لێیان نزیكببیتهوه، چونكه ڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌ویته ناو په‌یوه‌ندیه‌كی نێگه‌تیڤه‌وه و ئیدی په‌یوه‌ندییه‌كه ته‌واو چه‌په‌ڵ و ناشرین ده‌بێت، به‌ڕاده‌یه‌ك كه ئیدی نا‌توانیت تیایدا به‌رده‌وام بیت، ئه‌وه‌یش ئه‌و دۆخه‌یه كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت: واته بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی نێگه‌تیڤ. ده‌مه‌وێت بڵێم، دواجار كه‌سی سادیستیش وه‌ك كه‌سێكی مازۆشی وایه و ناتوانێت ئاسان و ئاسایی بچێته ناو پهیوهندیهكهوه. ته‌واو هاوشێوه‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه زانستی ئه‌قڵی وه‌ك كه‌سانێك وه‌سفیان ده‌كات كه ناتوانن به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ كه‌سانی تردا بژین و هه‌ڵبكه‌ن. كه‌واته باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه دووره‌په‌رێز بیت لێیان و په‌یوه‌ستیان نه‌بیت. لێ واقیع ناڵێت وا بكه، چونكه ئه‌وه هه‌ڵه‌یه، واته ده‌بێت لانیكه‌م گه‌ر له نزمترین ئاستیشدا بێت، هه‌ر له‌گه‌ڵیان، له په‌یوه‌ندیدا بین. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین ئه‌وانه مرۆڤگه‌لێكن داخراو كه شانبه‌شان و هاوتا، یان ڕاستتر له‌ده‌ره‌وه و په‌راوێزی ئاكاردا ده‌ژین، كه ئه‌وه‌یش دیسان وا ده‌كات دروستكردنی په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌ندروستی درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵیاندا، سه‌خت و مه‌حاڵ بێت.
گۆڤاری سایكۆلۆژی: ئه‌ی كه‌واته چۆن هه‌ماهه‌نگیه‌ك له نێوان بێباوه‌ڕیی و ڕۆحخوازییدا دروستبكه‌ین؟
ئۆنفرای: به‌تكا وریابه كه ئه‌م قسه‌یه ده‌كه‌یت! مه‌به‌ستم له‌وه‌یه كه پێت وانه بێت مرۆڤی بێباوه‌ڕ به بوونی خوا مرۆڤێكی خراپه و چاكه‌كار نیه و له‌ده‌ره‌وه‌ی ڕۆحگه‌رایی ناتوانێت شتێكی باش بكات. ڕۆحخوازیی شتێك نیه ڕۆحگهراكان قۆرخیان كردبێت، چونكه شتێكی تر هه‌یه كه ناوی ڕۆحخوازییهكی مادی و ماتهریاڵیه كه من خۆم زۆر حه‌زم لێیه‌تی. ڕۆحخوازیی ته‌واو په‌یوه‌ست و پابه‌ندی په‌یوه‌ندیه به ژیان خۆیه‌وه، هه‌روه‌ها به چالاكیه‌كانی ڕۆح خۆیه‌وه. من له‌و كه‌سانه نیم كه نكۆڵی له بوونی ڕۆح بكه‌م، ته‌نها جیاوازیه‌كه ئه‌وه‌یه كه فراوانتری ده‌كه‌م، به‌و مانایه‌ی هه‌موو میتافیزیك، ئه‌نتۆلۆژیا، ڕۆحخوازی یان فه‌لسه‌فه‌یه‌ك ده‌توانن مادی و ماتهریاڵانه بن، ته‌نها به‌هۆی ئه‌وه‌یشه‌وه ده‌توانین وه‌ك فه‌یله‌سوف بژین، نه‌ك وه‌كو كه‌سانێكی باوه‌ڕدار كه بڕوایان به خواوه‌ندێكی نه‌بینراو هه‌یه.
سه‌رچاوه: علينا تفكيك أساطير الدينات التوحيدية، حوار مجلة علم النفس مع «ميشل أونفراي»، به‌رواری 8 ی ئۆكتۆبه‌ری 2014، وه‌رگێڕانی بۆ عه‌ره‌بی: حسین اوزال. ماڵپه‌ڕی (الاوان)،http://alawan.org/article13526.html .
ده‌قی چاوپێكه‌وتنه وه‌رگێڕدراوه‌كه بۆ عه‌ره‌بی، له ماڵپه‌ڕی ئه‌لكترۆنی نوسه‌ر (ئۆنفرای) خۆیه‌وه وه‌رگیراوه.