حیکایەتەکانی کالچیۆ (٤) “فاشیزمی ئیتاڵی و تۆپی پێ”

بڵند جاف

295

لە مەراسیمێکی تایبەتدا، بەسەر ئەسپە سپییەکەیەوە، لە سەر نەغمەی چەپڵەڕێزانی هاندەران هاتە نێو یاریگا نوێکەی شاری بۆڵۆنیاوە. بە ڕواڵەت، یاریگاکە وەکوو هەموو یاریگایەکی دیکەی تۆپی پێ، لە دوو گۆڵ و چیمەنێکی سەوز پێکهاتبوو، بەڵام لە ناوەڕۆکدا، یاریگاکە گوزارشتی لە سەردەمێکی تەواو جیاواز دەکرد. سەردەمێک کە سەرەتاکەی دەگەڕایەوە بۆ پایزی ساڵی ١٩٢٢، کاتێک بێنێتۆ مۆسلینی بە یارمەتی کۆمەڵێک نەتەوەپەرست و دژە سۆسیالیزم، ڕێپێوانێکی بۆ سەر ڕۆما دەستپێکرد (March on Rome.) ئامانجی ڕێپێوانەکە تۆقاندنی سیستەمی دەسەڵاتداری شاهانە بوو، لێ دەستکەوتەکانی مارشەکە زۆر لەوە زیاتر بوو. چوونکە شا ڤیکتۆر ئیمانیۆلی سێهەم، لە ترسی هەڕەشەی ئەو سوپا گەورەیەی کە لە چینی ناوەڕاست و دەوڵەمەندەکان پێکهاتبوو، ناچار بێنێتۆ مۆسلینی کردە سەرۆک وەزیرانی وڵات، لێرەوە مۆسۆلینی بۆ ماوەی ٢١ ساڵ حکومڕانی ئیتاڵیای کرد.

Italy. Debuts of the fascism. From left to right: Emilio of Bono, Vecchi, Benito Mussolini ( 1883-1945 ) and Italian Balbo, during the walking on Rome. Italy, in October 28, 1922. HRL-601812
ئیل دوچێ لە ڕێپێوانەکەی بۆ سەر ڕۆما، لەگەڵ هاوڕێ ئەنتی سۆسیالزم و نەژادپەرستەکانیدا.

مۆسلینی کە بە سەرەتای فاشیزم و لوتکەی دەسەڵاتی فاشی دادەنرێت لە مێژووی ئیتاڵیادا، خەونی گێڕانەوەی سەرەوەرییەکانی یۆلیۆس قەیسەر و ئیمپراتۆریەتی ڕۆمی لە سەردا بوو. ئیتاڵیایەک، کە لە هەمووان باشترە، ئیتاڵیایەک کە سوارچاکی هەموو کێبڕكێکانە، ئیتاڵیایەک کە پلە و پایەی لە هەموو گەلانیتر بەرزترە.

بۆ بینینی ئەم خەونانە، مۆسلینی هێزێکی زۆری لە کڕوکاڵی گەلەوە وەردەگرت. ئەو گەلەی کە کچانی بە بەردەوامی نامەی خۆشەویستی و عەشقبازییان بۆ سەرۆک دەنارد و کوڕانی لە جەنگەکانیدا گیانی خۆیان بەخت دەکرد، بۆ ئیل دوچێ وەکوو خۆی هەمیشە بە هاوەڵانی دەوت: “وەکوو ئافرەتن، بۆ ئەوە هەن تاکوو ئەتک بکرێن”

بە پشت بەستن بەم دونیابینییە، هەر لە سەرەتاوە، مۆسلینی وەرزشی بە گشتی و تۆپی پێی بە تایبەت وەکوو کەرەستەیەک بەکارهێنا تاکوو گەلی ئیتاڵیای پێ ئەتک بکات. چوونکە، مۆسلینی وەکوو هەموو دەسەڵاتدارەکانی دیکەی مێژوو، هەستی بەو هێزە پەنهانەی تۆپی پێ کردبوو کە وادەکات گەلان مەدهۆش بکات. لێرەوە یەکێک لە پرۆژەکانی ئەوە بوو کە تۆپی پێی ئیتاڵیا لەسەر ئاستی جیهاندا یەکەمین بێت، بەمەش هەموو تاکێکی ئیتاڵی، لە ڕێگای تۆپی پێوە، شانازییەکی زیاتر بە فاشیەتی خۆیەوە بکات. بۆ بەجێگەیاندنی ئەم کارە، پێویست بوو ئیل دوچێ، چەند بڕیارێكی گرنگ بدات لە بارەی تۆپی پێ وڵاتەکەوە.

پێش هاتنی فاشیزم، لە ئیتاڵیادا، فوتبۆڵ بە یارییەکی تازەپێگەیشتووی بیانی دادەنرا. تازە پێگەیشتوو، چوونکە لە ساڵی ١٩٢٢دا، کۆنترین یانەی ئیتاڵی کە یانەی جێنوا بوو تەنها ٢٩ساڵ تەمەنی بوو. هاوکات یارییەکی بیانی بوو، بەو پێیەی یارییەکە لە بنەڕەتدا لە لایەن ئینگلیزەکانەوە گواسترابووەوە بۆ وڵاتەکە و هەموو ئەو یانانەی کە تاکوو ئەو کاتە هەبوون، سەرباز یاخود بازرگانێکی ئینگلیزی دایمەزراندبوو. هاوکات لەسەر ئاستی زەمینەی لەبار بۆ یارکردن، ژمارەی یاریگاکان بە پەنجەی دەست دەژمێردران. ئەمە جگە لەوەی کە خولێکی نیشتمانی بە ناوی خولی ئیتاڵی بۆ تۆپی پێ بوونی نەبوو، بەڵکوو خولی تۆپی پێی وڵاتەکە دابەشببوو بەسەر چەند کۆمەلەیەکدا کە هەر کۆمەڵەیەک نوێنەرایەتی هەرێمێکی وڵاتەکەی دەکرد.

سەرەتایترین هەنگاوەکانی فاشیزمی ئیتاڵی لە دونیای یارییەکەدا، گۆڕینی ناوی ئەو یانانە بوو کە ناوەکانیان ئیتاڵی نەبوو، بۆ نموونە یانەی ئینتەرناسیۆنالی میلانۆ، ناچار بوو ناوەکەی بگۆڕێت بۆ ئەمبرۆزیانا ئینتەر (Ambrosiana Inter)، هەروەها یانەی جینوا کە هەر لەسەرەتاوە لە سەردەستی دکتۆرێکی سوپای ئینگلیزی دامەزرا و کاریگەری گەورەی کولتوری ئینگلیزی بەسەرەوە بوو، ناچارکرا ناوەکەی بگۆڕێت بۆ (جێنۆڤا ١٨٩٣ چیرکۆلۆ دیل کالچیۆ ـGenova 1893 Circolo del Calcio).

لەسەر ئاستی خولی تۆپی پێی نیشتمانی، بە چەند قۆناغێک و لە ساڵی ١٩٢٩ بۆ دواین جار خولی نیشتمانی ئیتاڵی بە دوو پلە دامەزرا بە ناوی سیریاA و سیریاB. جگە لەمەش، مۆسلینی بڕیاریدا یاریگای تۆپی پێ لە سەرانسەری ئیتاڵیادا دروستبکرێت، بە مەرجێک یاریگاکان گوزارشت بکەن لە دەسەڵاتی فاشیزمی ئیتاڵی. لە ناودارترین یاریگاکان کە تاکوو ئەمڕۆیش بۆ یاریکردن بەکاردێن، یاریگای ئۆلۆمپیکۆ لە ڕۆما، یاریگای ئۆلۆمپیکۆ دی تۆرینۆ (یاریگای گراندی تۆرینۆ) لە شاری تۆرینۆ و یاریگای ڕیناتۆ دیلارا لە بۆلۆنیا…هتد.

لە بەرامبەردا، فاشیزمی ئیتاڵی، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی، سوودی لە تۆپی پێ بینی. لەلایەکەوە ئیل دوچێ تۆپی پێی بەکارهێنا تاکوو تۆوی فاشیزم لە نێو گەنجەکانی وڵاتدا بچێنێت. لەم بارەیەوە گۆڵپارێزی یانەی لازیۆ ئوبێر گرادێلا (١٩٣٩ـ٤٨) دەلێت:“ لە قۆناغی لاوێتییەوە بیروهۆشمان دەشۆردرایەوە. ئاراستە دەکراین بەرەو جۆرە دونیابینییەکی دیاریکراو. ئێمە لاوانی فاشیزم بووین و بە هەموو شێوەیەک ئامادەی قوربانیدان بوون لە پێناویدا.” بەم شیوەیە ئیل دوچێ بە بەردەوامی نەوەکانی لەسەر فاشیزم پەرەوەردە دەکرد.

لەلایەکیترەوە، بەکارهێنانی تۆپی پێ وەکوو ئامرازی پڕوپاگەندە لە ژێر دەستی مۆسیلینیدا لە ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی بیستەمدا گەیشتە ترۆپکی خۆی، کاتێك ئیل دوچێ هەموو هێز و توانای خۆی خستە گەڕ بۆ ئەوەی ئیتاڵیا میواندارێتی پاڵەوانێتی جامی جیهانی ساڵی ١٩٣٤ بکات. ئاشکرا بوو کە بۆ ئیل دوچێ، میوانداریکردنی مۆندیالی ١٩٣٤ تەنها هەنگاوی سەرەتا بوو، چوونکە مۆسلینی دەیەویست ئەم ڕووداوە نێونەتەوایەتییە بەکاربهێنێت تاکوو فاشیزمی ئیتاڵیا بە دونیای دەرەوە بناسێنێت و هاوکات خەونە گەورەکەی خۆی بەدیبهێنێت کە ئەویش سەپاندنی باڵادەستی ئیتاڵیا بوو بەسەر نەتەوەکانیتردا.

coppadelduce
یاریزانانی ئیتاڵیا دوای بردنەوەی مۆندیالی١٩٣٤، لەگەڵ نازناوی کۆپا دیل دوچێ ئاهەنگ دەگێڕن.

بۆ بەجێهێنانی پیلانەکانی، مۆسۆلینی هەر لە سەرەتاوە پاڵەوانێتییەکەی خستە ژێر سێبەری دەسەڵاتی خۆیەوە. بۆ نموونە دیارییەکی گەورەی بە ناوی (کۆپا دیل دوچێ ـ جامی دوچێ) تەرخانکرد بۆ تیپی براوەی نازناوی مۆندیال. جامی ئیل دوچێ ، چۆن لە ناوەڕۆکدا ئاماژەی بە باڵادەستی فاشیزمی ئیتاڵی دەکرد، هەروەها لە ڕواڵەتدا شەش هێندەی جامی جیهانی گەورە بوو. بێگومان مەبەستی پشتەوەی ئەم هەنگاوە، هیچ نەبوو جگە لەوەی کە بە هاندەران و جەماوەری تۆپی پێ بڵێت کە گرنگی کۆپا دیل دوچێ زۆر لە گرنگی بردنەوەی جامی مۆندیال گەورەترە. لەم بارەیەوە ژیولغ ڕیمێ سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی(فیفا) دوای تەواو بوونی پاڵەوانێتییەکە دەلێت: “ لە ماوەی پاڵەوانێتییەکەدا هەستێکی وەهام هەبوو کە موسلینی پاڵەوانێتییەکەی ڕێکخستووە، نەوەک فیفا”.

ڕەنگە بەم شیوەیە، ڕیمێ ویستبێتی بێتاوانی خۆی ڕابگەیەنێت لە بەڕیوەچوونی مۆندیالەکە، بەو پێیەی مشتومڕێكی گوماناوی بەرفراوان لە دەوری پاڵەوانێتییەکە دروست بوو. چوونکە دەستێوەردانی دوچێ لە ڕێکخستنی پاڵەوانێتییەکەوە سنوورەکانی تێپەڕاند و پەڕییەوە بۆ ئەوەی کە تیپی براوە دیاری بکات.

لەم ڕووەوە، یارییەکانی ئیتاڵیا لە چارەکی کۆتایی، چوارگۆشەی زێڕین و تەنانەت لە یاری کۆتایشدا جێگای گومان و پێداچوونەوەی وردن، چوونکە لە هەموو ئەو یارییانەدا بریاری هەڵەی ناوبژیوان سیمای سەرەکی یارییەکانی ڕەشکردبوو. ئەمە جگە لەوەی کە لە یاری چوارگۆشەی زێڕینی پاڵەوانێتییەکە لە بەرامبەر نەمسا کە ئیتاڵیا بەشێوەیەکی مشتومڕئامێز بە ئەنجامی ١ـ٠ یارییەکە بردەوە، لێکۆڵێنەوەکان دەریانخستووە کە داوەری سویدی ئیڤان ئێکلوند پێش یارییەکە لەسەر خوانێک چاویدەکەوێت بە موسلینی. ئەم گومانانە قووڵتر دەبنەوە کاتێك موسلینی پێداگیری لەسەر ئێکلوند دەکات تاکوو داوەری یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بکات بەرامبەر چیکۆسلۆڤاکیا و دیسانەوە پێش دەستپێکردنی یارییەکە دوچێ چاوی بە ئێکلوند دەکەوێتەوە. هەرچەندە ناوەڕۆکی ئەو چاوپێکەوتنانە بە ناڕوونی ماونەتەوە، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری بەڵگەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن داوەران پشتگیرییەکی تەواوی ئیتاڵیایان کردبێت بە درێژای پاڵەوانێتییەکە. بەهەمەحاڵ بردنەوەی جامی جیهانی، دەسکەوتێكی ناوازە بوو بۆ فاشیزمی ئیتاڵی، بردنەوەیەک بوو لە سەر ئاستی دەرەوە و لەسەر ئاستی ناوەوە. لە دەرەوە دوچێ خەونی باڵادەستی فاشیزمی بەدیهێنا، لە ناوەوەش تا دەهات خەڵكی زیاتر ئاڵوودەی گەمەکە دەبوون، بەمەش مۆسلینی نەتەوەکەی بە ئارەزووی خۆی، ئەتک دەکرد.

وەرزشی ئیتاڵی بە گشتی و تۆپی پێ بە تایبەتی، لە ڕووی بونیادی ماددی و دروستکردنی زەمینەیەکی لەبارەوە بۆ ئەنجامدانی تۆپی پێ، قەرزاری فاشیزمی ئیتاڵییە. چوونکە پێش فاشیزم و دوای فاشیزمیش، هیچ دەسەڵاتێکی دیکە هاوشێوەی موسلینی کەرەستە و ئامرازی ئابووری لە پێناوی گەشەپێدانی بونیاتی یارییەکەدا خەرجنەکردووە. هاوکات لە ڕووی کارگێڕی و ڕێکخستەنەوە لە سەردەمی فاشیزمدا، تۆپی پێی ئیتاڵی بە قۆناغێکی تەواو جیاوازدا تێپەڕدەبێت و هاوشانی گەلانی پێشکەوتوو دەچێتە قۆناغی پیشەگەرییەوە، لێ لە ناوەڕۆکدا، تۆپی پێی ئیتاڵی لە ژێر دەستی فاشیزمدا تووشی قەیرانێکی قووڵ دەبێت لە ڕووی ئەخلاق و کولتور و ڕۆحییەتەوە. فاشیزمی ئیتاڵی، تۆپی پێی وڵاتەکە، لەسەر بنەمای سڕینەوەی بەرامبەر و بردنەوە بە هەرچی نرخێک بێت، پەرەوەردە دەکات. لێرەوە سەردەمی دەستکاریکردنی ئەنجامی یارییەکان، گوشارخستنە سەر داوەر و فریودان، شەڕ و ئاژاوەگێڕی هاندەران و تەڵەکەبازی سەرۆک و کارگێڕی یانەکان دەبنە بەشێک لە سروشتی تۆپی پێی وڵاتەکە.

لەم بارەیەوە نازناوی پاڵەوانێتی خولی وڵاتەکە لە ساڵی ١٩٢٥، بە سەرەتایترین دەستێوەردانەکانی فاشیزم دادەنرێت لە مێژووی تۆپی پێی ئیتاڵیدا. لەو ساڵەدا، شەڕی بردنەوەی نازناوەکە لە نێوان هەردوو یانەی بۆلۆنیا و جێنوادادا بوو. لیاندرۆ ئەرپێناتی کە دەسەڵاتدارێكی باڵادەستی تۆپی پێی ئیتاڵی بوو، سەرکردەیەکی دیاری فاشیزمی شاری بۆڵۆنیا بوو، لەبەرامبەردا یانەی جێنوا یەکێک بوو لە یانە هەرە بەهێزەکانی خولی ئیتاڵی.

وێنەی تیپی بۆڵۆنیا دوای بردنەوەی نازناوەکە. بەهۆی مەترسی ئاژاوەگێڕی، یاری پێنجەم  لە پشتەوە دەرگا داخراوەکان لە کاتژمێر 7 بەیانی بەبێ ئامادەبوونی هاندەران ئەنجامدرا.

دوای ئەوەی هەردوو یانەکە لە یاری کۆتایی خولەکەدا دەکەونە بەرامبەر یەکتر و بەو پێیە بۆ دیاریکردنی براوە، یاساکانی پاڵەوانێتییەکە لەو کاتەدا بواری بە لێدانی سزای یەکلاکەرەوە نەدەدا، ناچار بۆ دیاریکردنی ئەنجامی ئەو یارییانە کە بە یەکسانبوون تەواو دەبوو، پەنا دەبرایە بەر دووبارە کردنەوەی یارییەکان. هەر بۆیە بۆ دیاریکردنی براوەی یاری کۆتای پاڵەوانێتییەکە لە نیوان بۆڵۆنیاـ جێنوادا، پێنج جار یاری کۆتایی دووبارە کرایەوە. لەم نێوەندەدا و بە پێی بەڵگەکان، جێنوا لایەنی کەم سێ جار دەبوو براوە بێت، کەچی بە هۆی دەستێوەردانی دارودەستەکەی ئەرپێناتییەوە هەموو جارێک یارییەکان بە یەکسانبوون تەواو دەبوون و تاکوو لە کۆتاییدا، لە یاری پێنجەمدا، یانەی بۆڵۆنیا بە ئەنجامی ٢ـ٠ یارییەکەی بردەوە و بووە پاڵەوانی خولەکە. سکانداڵی یاری سالی ١٩٢٥ دواین ئابڕووچوونی تۆپی پێی وڵاتەکە نەبووە و بە درێژای مێژووی خۆی تاکوو دەگاتە ڕۆژگاری ئەمڕۆ، تۆپی پێی ئیتاڵی بە بەردەوامی ڕووبەڕووی کارەساتی لەم شێوەیە بووەتەوە. ئەم هەنگاوە، بە یەکەمین هەنگاوی فاشیزمی ئیتاڵی دادەنرێت بۆ تێکدانی مۆڕاڵ و ڕۆحی وەرزشی یارییەکە لە ئیتاڵیادا، بە جۆرێک تاکوو ئەمڕۆیش، هیچ یارییەکی خولی ئیتاڵی بەبێ گومانی دەستکاریکردن تێناپەڕێت.

کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی فاشیزم لەسەر تۆپی پێ، لە دەرەوەی یاریگاش دەردەکەوێت، بەو پێیەی کولتوری ئاژەوەگێڕی و شەڕ و پێکدادانی نێوان هاندەران بە تەواوەتی جێپێی خۆی دەگرێت و دەبێتە بەشێک لە سروشتی هاندەرانی ئیتاڵی.

وەک دیارە، فاشیزم لە پەیوەندییەکی ڕاستەخۆ و توندوتۆڵدا بووە لەگەڵ تۆپی پێدا، ئەمە وایکردووە، هاندەرە مەستەکانی تۆپی پێ لە ڕێگای فاشیزمەوە گوزارشت لە چالاکییە وەرزشییەکانیان بکەن. هەر بۆیە جەماوەری هەر یانەیەک لە یانەکانی ئیتاڵیا بە هەموو شێوەیەکی جەستەیی و ڕۆحی هەوڵی سڕینەوەی ناسنامە و کولتوری یانەکانیتریان داوە. لێرەوە چیرۆکی ئەلدۆ میلانۆی تەمەن ٢٤ لەگەڵ هاندەرانی یانەی پرۆ ڤێرچێڵی، کە یەکێكە لە یانە بەهێزەکانی خولی ئیتاڵی سەرەتای نۆسەدەکان، وەکوو نموونەی ئەو فکرە فاشیزمە دەردەکەوێت کە لەو سەردەمەدا هاندەرانی تۆپی پێی ئیتاڵی ئاراستە دەکرد.

ئەلدۆ میلانۆ یەکێك بوو لەو چوار برایەی کە بۆ یانەی پرۆ ڤێرچێلی یارییان دەکرد. هاوکات میلانۆ بە یەکێک لە ئەندامە سەرسەختەکانی فاشیزم دادەنرا. هەربۆیە پێش یەکێک لە یارییەکانیان، لەگەڵ گروپێکی فاشی لە هاندەرانی پرۆڤێرچێلی سەردانی شارێکیتر دەکەن تاکوو یەکێک لەو پەیکەرانەی شارەکە لابدەن، کە کۆمەڵەکە وەکوو سوکایەتیکردن بە شەهیدانی ئیتاڵیا لە جەنگی جیهانی یەکەمدا ئەژماریانکردووە. لە سەرووبەندی لابردنی پەیکەرەکەدا، ئەلدۆ میلانۆ بە گوللەیەکی پاسەوانانی شەوان دەکوژرێت. بۆ تۆڵەسەندەوەی شەهیدکردنی ئەلدۆ میلانیانەی، پرۆڤێرجێڵی و هاندەرەکانی دەچنە نێو ململانێیەکی دوورودرێژەوە لەگەڵ هاندەرانی یانەکانیتردا.

cbustocco.it_playoff.Pro-Tsarbitro1
وێنەی داوەرێکی یاری خولی ئیتاڵی لە کاتی هەڵهاتنی لە دەستی وەحشییەتی هاندەرەکان.

ئەلدۆ میلانۆ و ئاژەوگێڕی هاندەرانی پرۆڤێرچێلی یەکێکە لە سەرەتایترین نموونەکانی ئەو کولتورە بارگاوییە ناتەندروستەی کە فاشیزمی ئیتاڵی تۆپی پێ وڵاتەکەی پێ ئاڵوودە دەکات و دواتریش چەندین هاندەری دیکە دەبنە قوربانی دەستی بیرۆکەی سڕینەوە بەرامبەر و خۆسەپاندن بەسەر ئەویتردا.

لێرەوە دەتوانین بڵێین کە کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی فاشیزمی ئیتاڵی بەسەر تۆپی پێی وڵاتەکەوە زۆر زەقتر و زیاترە، بە بەراورد بە کاریگەرییە پۆزەتیڤەکانی.

چوونکە هەرچەندە فاشیزم زەمینەیەکی ماددی لەباری بۆ گەشەکردنی یارییەکە فەراهەمکردووە، لێ تێکدانی مۆڕاڵ و چاندنی تۆوی گەندەڵکاری لە نێو سروشتی تۆپی پێی وڵاتەکەدا وایکردووە کە ئەو زەمینە ماددییەش تووشی خراپبوون و تیكچوون ببێت. هەربۆیە نموونەی وەکوو دزینی پارەی پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی یاریگا، یاخود دروستکردنی یاریگا، زۆر دووبارە دەبێتە لە مێژووی یەکێتی تۆپی پێی وڵاتەکەدا. هەروەها دزین و بڕینی هەژماری بانکی یانەکان دیاردەیەکی باوە لە تۆپی پێی وڵاتەکەدا.

فاشیزم و تۆپی پێ پەیوەندییەکی قووڵیان هەیە، ئەمە لە فاشیزمی ئەڵمانی و ئیسپانیشدا رەنگدانەوەی دیارتری هەبووە و بەوەندەوە نەوەستاوە بەڵکوو، لەگەڵ هیتلەردا گەشەکردنێکی زیاتری بە خۆیەوە بینیووە، واتا هیتلەر بەشێوەیەکی ژیرانەتر لە ئیل دوچێ تۆپی پێ و وەرزشی بەگشتی بەکارهێناوە بۆ کاری پڕوپاگەندە و لە خشتەبردنی جەماوەر، لێ کاریگەری ئیل دوچێ لە جێگەیەکدا هەمیشە دەگمەن و تایبەت دەمێنێتەوە، بەو پێیەی ئاسەواری فاشیزمی ئیتاڵی، تاکوو ئەمڕۆیش بە تۆپی پێی وڵاتەکەوە ماوە. 

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.

You might also like More from author

Comments are closed.