حیکایەتەکانی کالچیۆ (٣) “کاتێناچیۆ”

بڵند جاف

449

 راهێنەرێکی شڵەژاوی تۆپی پێ، سپێدەیەک پێبەپێی ڕۆخی دەریای (تیرانی) پیاسەی بەیانیانی دەکرد.

لەو کاتەدا کە بەلەمێكی ماسی گرتن لای کەنارەکەوە لەنگەری گرتبوو، لە ئاسمانیشەوە دەنگی نەورەسەکان دەهات، ڕاهێنەرەکە بەردەوام پرسیارێکی لە خۆی دەکرد و دەیوت؛ “چۆن وابکەم یاریزانەکانم باشترین ئاست پێشکەش بکەن؟” بە درێژایی ڕێگاکە بیری لە بەهێزکردنی هێڵی بەرگری تیپەکەی دەکردەوە.

لەو دەمەداو بەدەم ڕێگاوە، چاوی دەکەوێتە سەر ماسیگری ناو بەلەمێک کە سەرقاڵی ڕاکێشانی تۆڕێكی پڕ لە ماسییە. بەهۆی ئەو ڕێژە بێشومارەی  لەماسی، كە گرتبوونی، جاروبار دانەیەک یان دووان لە ماسـییەکانی لە  کوونی تۆڕی یەکەمەوە دزەیان دەکرد، بەڵام خێرا لەلایەن تۆڕی دووەمەوە دەگیرانەوە. 

بەرگریکردن پێویستی بە تۆڕی دووەمە

ئەمە چرکەساتێکی مێژوویی بوو لە ژیانی ئەو ڕاهێنەرەدا، چونکە لەو ساتەدا بۆی دەرکەوت کە هێلی بەرگری تیپەکەی پێویستی بە تۆڕی دووەمە. بەمانایەکی تر، هێڵی بەرگری پێویستی بە یاریزانێکە کاری تۆڕی دووەم بکات، واتە هەرکاتێك تیپی ڕکابەر لە هێڵی بەرگری تێپەڕدەبن، ئەم یاریزانە ئامادە بێت تاکوو ڕۆڵی تۆڕی دووەم ببینێت و بەرەنگارییان ببێتەوە.

ڕاهێنەرەکە ناوی (جۆسێپێ ڤیانی) بوو. ئەگەرچی (ڤیانی) چیرۆکی داهێنانی (کاتێناچۆ)ی بەم شێوە ڕۆمانسی و دراماییە گێرایەوە، بەڵام دوواجار بیرۆکەی ئەو (کاتێناچۆ)یەی لە ئیتاڵیا سەری هەڵدا، زۆر جیاواز نەبوو لەوەی کە لە وڵاتی دایک (سویسرا) و لەلایەن ڕاهێنەری نەمساوی(کارڵ ڕاپان)ەوە داهێنرا.

(کاتێناچیۆ) کە بەمانای (زنجیر) دێت لە زمانی کوردیدا بە یەکێک لە ناودارترین سیستەمەکانی یاریکردن دادەنرێت لە جیهانی تۆپی پێدا.

لە ڕووی تاکتیکییەوە، لە بنەڕەتدا سیستەمەکە کار لەسەر بەهێزکردنی لایەنی بەرگری تیپەکە دەکات، بەو پێیەی یاریزانێک لە پشتەوەی هێلی بەرگری، وەکوو (لیبرۆ/سویپەر) ڕادەوستێت تاکوو هەموو ئەو تۆپانە دووربخاتەوە کە لە نێوان یاریزانەکانی هێڵی بەرگرییەوە دزە دەکەن. لێرەوە، ئاشکرایە کە  نهێنی سەرکەوتنی کاتێناچیۆ لە چۆنێتی دروستکردن و دابینکردنی  ئەو (لیبرۆ)یەیە بۆ تیپەکە.

(ڤیانی) بەشێوەک لە شێوەکان هەروەک (کارڵ ڕاپان)، بۆ دابینکردنی (لیبرۆ) جوڵەیەکی تاکتیکی ژیرانەی دروستکرد. ڤیانی کاتێك ڕاهێنەری یانەی (سالێرنیتانا) بوو، لە کاتی لەدەستدانی تۆپدا، فەرمانی بە یاریزانی هێڵی ناوەڕاست (ئەلبێرتۆ پیچینینی) دەدا بگەڕێتە دواوە بۆ ناوچەی هێڵی بەرگری، بۆئەوەی ڕۆڵی (لیبرۆ) ببینێت و  لەگەڵ سێ دڵە بەرگریکارەکەی دیکەدا یاری بکات.

ڤیانی بەم شێوەیە تیپی بەرامبەری ناچار دەکرد بە یاریزانی زیاترەوە هێرش بهێنن، ئەمەش وایدەکرد بۆشایی زیاتر لە نێو هێلی بەرگری تیپی بەرامبەردا دروست ببێت و لەکاتی وەرگرتنەوەی تۆپدا، تیپەکەی ڤیانی بۆشایی زۆرتری لە هێڵی بەرگری تیپی بەرامبەردا دەدزۆییەوە.

کاتێناچۆ خۆی ناساند

پێش داهێنانی کاتێناچیۆ، سالێرنیتانا، یانەیەکی بچووکی خولی (سیریاB)ی ئیتاڵیا بوو، بەڵام لەگەڵ سیستەمە نوێکەی ڤیانییدا، تیپەکە توانی سالی ١٩٤٧ خۆی بگەیەنێت بە خولی (سیریاA)ی ئیتاڵیا.

لەبەرئەوەی دەکرا بە یاریزانی ئاست مامناوەند و نابەهرەدار ئەم سیستمە جێبەجێبکرێت، کاتێناچۆ بەخێرایی وەکوو نوێنەر و بەرگریکار لە مافی هەژار و بەشخوراوان خۆی ناساند. تیپە بچووکەکانی ئیتاڵیا ناسنامە و شێوازی خۆیان لە سایەیی ئەم سیستەمە نوێیەوە دۆزییەوە. هەر بەهەمان شێوەی(سالێرنیتانا) یانەیەکی دیکەی بچووکی وەکوو (تێرێستینا) لەگەڵ (نیرۆ ڕۆکۆ)ی ڕاهێنەری ناوداری یانەی (ئەی سی میلان) توانی ئاستێکی باش پێشکەش بکات و لە ناو یاریگای خۆیدا بەبێ دۆران وەرزی ١٩٤٧ـ١٩٤٨ تەواو بکات، بەڵام لە کۆتاییدا (نیرۆ ڕۆکۆ) بەهۆی جیاوازی بیروڕا لەگەڵ سەرۆکی یانەکە، تێریستینا بەجێدەهێڵیت و ساڵی ١٩٦١ ڕوودەکاتە یانەی ئەی سی میلان و لەوێ بەهەمان سیستەمی یاریکردن ٢ نازناوی خولی ئیتاڵیا و٢ نازناوی (جامی ئەوروپا/خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا) لەگەڵ یانەکەدا دەباتەوە.

کاتێناچیۆ هەر وەک سیستەمەکانیتری یاریکردن، بە قۆناغی گەشەکردندا تێپەڕیووە. گەشەکردنی کاتێناچیۆ کاتێک ڕوویدا کە (ئەلفرێدۆ فۆنی) ساڵی ١٩٥٢ سیستەمەکەی لەیانەی (ئینتەرناسیۆنالی میلانۆ) جێبەجێکرد. لەگەڵ (ئەلفرێدۆ فۆنی)دا سیستەمەکە بەرگە هەژارەکەی خۆی فڕیدا و جلی دەوڵەمەندانی لەبەرکرد، چوونکە فۆنی سیستەمەکەی بەشێوەیەک گۆڕی کە  ئیدی لەبار بێت بۆ یانە گەورەکان تاکوو لەڕێگایەوە نازناو ببەنەوە.

(فۆنی) فەرمانی دەدا بە ( جینۆ ئەرمانۆ)ی یاریزانی باڵی هێرشبردن تا بگەڕێتە دواوە بۆ جێگای (ئیڤانۆ بلاسۆن)ی باڵی بەرگری ڕاست، هاوکات فەرمانی دەدا بە (ئیڤانۆ بلاسۆن) جێگای خۆی چۆڵ بکات و بجوڵێتەوە بۆ ناوچەی دڵی بەرگری تاکوو رۆڵی (لیبرۆ) ببینێت لە تیپەکەدا. لێرەوە ئەرمانۆ بوو بە یەکەمین یاریزانی لەو جۆرەی کە لە ئیتاڵیادا بە ناوی (گەڕاوەکان) ناودەبران. هاوکات بلاسۆن وەکوو یەکەمین لیبرۆی ناوداری ئیتاڵیا بەدەرکەوت. بە جۆرێک بلاسۆن پێش هەموو یارییەک هێڵێکی لەسەر ناوچەی بەرگری ڕادەکێشا و بە هێڕشبەرەکانی دەوت کە بۆیان نیە سنوری ئەو هێڵە ببڕن، وە ئەگەر هاتوو تێپەڕایان کردبایە، ئەو بلاسۆن یەکڕاست بە حەوادا هەڵیانیدەدا.

 TacticsManager_3-3-2016_19-2-53

(ئەنتەرمیلانۆ) هەرچەندە لەو وەرزەدا لە ٣٤ یارییدا تەنها ٤٦ گۆڵیان کردبوو کە  ئەمەش بەبەراورد بە (یوڤانتۆس)ی پاڵەوانی وەرزی پێشوو زۆر کەم بوو، چوونکە (یوڤانتۆس)لە وەرزی پێشوودا لە کۆی ٣٤ یاریدا ٩٨ گۆڵی کردبوو، کەچی ئەم گۆڕانە نوێیە وایکرد (ئینتەرمیلانۆ) نازناوی خولی ئیتاڵیای ساڵی ١٩٥٢ـ١٩٥٣ بباتەوە. لەو وەرزەدا ئینتەرمیلانۆ لە هەشت یارییدا بە ئەنجامی ١ـ٠ یارییەکانی بردەوە و لە ٤ یاریدا یەکسان بوو.

لەلایەکی دیکەوە، بەهەندێک گۆرانکاری بچووکەوە (فیۆرەنتینا) بەهەمان سیستەم (سکۆدێتۆ)ی وەرزی ١٩٥٦ـ١٩٥٧ی بردەوە. بەگشتی لەم ڤێرژنە نوێیەدا سیستەمەکە بە وەرچەرخانێکی ڕادیکاڵیانەی بەرگریانەدا تێپەڕ بوو. واتا سیستەمەکە جەختی دەکردەوە سەر داخستنی گۆڵ و یاریکردن تەنها بەدەست هێنانی ئەنجام، هەر بۆیە تیپەکان زۆر جار بە گۆڵی کەم دەگەیشتنە مەرامەکانی خۆیان کە ئەویش نازناو و پاڵەوانێتییەکان بوو.

گەیشتنی کاتیناچیۆ بە لووتکە لەگەڵ هیلینۆ هێرێرادا

قۆناغی کامڵبوونی کاتێناچۆ  ڕووینەدا، تاوەکوو ڕاهێنەرێکی لاتینی بە پاشخانی هێڕشبەرانە و بە دیسپلینی وەکوو (هیلێنۆ هێرێرا)ی ئەرژەنتینی نەهاتە (کالچیۆ). (هێرێرا) کە دەبێتە ڕاهێنەری (لاگراندی ئەنتەر)ی نێوان ساڵانی ١٩٦٠ـ ١٩٦٨ لە باسی ڤێرژنەکەی خۆیدا دەڵێت: “هەموو ئەو تیپانەی کە کۆپی سیستەمەکەی منیان کرد، لەبیریانچوو بوو بنەماکانی هێرشبردنی تایبەت بە سیستەمەکەی من ببەن، هەر بۆیە تیپەکانیان تەنها لایەنی بەرگری سیستەمەکەی منیان جێبەجێدەکرد ئەمەش وایکرد خەڵکی بێزار بێت لە شێوازی کاتێناچێۆ.

لە ڤێرژنەکەی خۆیدا، (هیلێنۆ هێرێرا) چەند هەنگاوێكی تاکتیکی ئەنجامدا، تاکوو ڕەهەندێکی هێرشبەرانە بە کاتیناچیۆ ببەخشیت، بەمەش سیستەمەکەی لەو چەقبەستنە ڕزگارکرد کە تێیدا دەژیا. هێرێرا  یەکێک لە یاریزانەکانی هێڵی ناوەڕاستی بەکارهێنا وەک (لیبرۆ) لە پشتەوەی هێڵی بەرگری، هاوکات لە باڵی بەرگری چەپ (گاچینتۆ فاکێتی)ی لە گرنگترین ئەرکە بەرگرییەکانی ڕەها کرد، تاکوو فەراهەم بێت بۆ کاری هێرشبردن.

 هاوکات (لویس سوارێز) کە لەگەڵ خۆیدا لە یانەی بەرشەلۆناوە هێنابووی، ئەرکی داپۆشینی ناوچەکانی ناوەڕاست و باڵەکانی لەسەر بوو، هەروەها کاری دابەشکردنی تۆپ و ئاڵگۆڕکردنیشی هەر بە سوارێز سپارد.

herea

بێگومان تیپەکەی هێرێرا پڕ بوو لە ئەستێرە و یاریزانی بەهرەدار، بەڵام ئەمە بەهیچ شیوەیەک لە داهێنانەکانی ڕاهێنەرەکە کەم ناکاتەوە. هەربۆیە لەگەڵ هێرێرادا کاتێناچیۆ گەیشتە ترۆکی گەشەکردنی خۆی و یانەکە بە کۆنترۆڵی ئەورووپا و جیهانی کرد. یانەی ئینتەرمیلانۆ لەو ماوەی ڕاهێنەرایەتی هێرێرا دا, ٣ نازناوی کالچیۆ و ٢ جامی یانەکانی ئەورووپا و ٢ (کۆپا ئینتەرکۆنتینێنتاڵ)ی بردەوە، ئەمەش بە سەردەمی زێڕینی یانەکە دادەنرێت.

کالچیۆ و گرفتە بنەڕەتییەکەی

گرفتی کاتیناچیۆ هەر لەسەرەتاوە و بە درێژای گەشەکردنی، لەوەدا بوو کە ئەرکەکانی  یاریزانی تەوەری ناوەڕاستی زۆر بوو. واتا لەیەکاتدا دەبوو چەند ئەرک و بەرپرسیارییەتێك جێبەجێ بکات. چوونکە  دەبوو  لە کاتی سەرکەوتنی یاریزانی باڵەکاندا، ناوچەکانی باڵی بەرگری دابپۆشێت و هەروەها ئەرکی دروستکردنی یاریشی لەسەر بوو.

کاتیناچیۆ بە درێژایی مێژووی خۆی لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا بوو، ئەمەش چ لە ڕێگای بەکارهێنانی لیبرۆوە بێت تا بەشداری دروستکردنی یاری بکات، یاخود لەڕێگای گەڕانە دواوەوەی خێرای باڵی بەرگری چەپەوە بێت بۆ ناوچەکەی خۆی، بەڵام لە کۆتایدا هەموو سیستەمێکی یاریکردن گرفتی خۆی هەیە و سیستمەکانی دیکە ئەو هەڵانە دەقۆزنەوە بۆ پەکخستنی.

لەگەڵ کاتێناچیۆ ئەمە کاتێک ڕوویدا کە یانەی (ئینتەرمیلانۆ) لە کۆتایی(جامی یانەکانی ئەورووپا)دا لەوەرزی ١٩٦٧ـ١٩٦٨  ڕووبەڕووی (سیلتیک)ی(سکۆتلەند)ی بووەوە، ئەوکات سیلتیک نوێنەرایەتی سیستمێکی هیرشبەرانەی دەکرد، لەڕیگای دارشتنی ٤ـ٢ــ٤. لەو یارییەدا  سیلتیک توانی بە تەواوەتی سوود لەو گرفتانەی وەربگرێت کە سیستەمەکەی ژێر دەستی هێرێرا بە دەستییەوە دەیناڵاند. سیلتیک لەو یارییەدا و تاهەتایە کۆتایی بە ئەسفانەی کاتینچیۆ هێنا، سەلماندی کە دەکرێت سیستەمەکە ببەزێندرێت و بە ئەنجامی ٢ـ١ لە (لاگراندی ئینتەر)ی بردەوە.

سەرچاوە: 2014,Inverting The Pyramid, Jonathan Wilson

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.

You might also like More from author

Leave A Reply

Your email address will not be published.

error: Content is protected !!