حیکایەتەکانی کالچیۆ (٥) “لە چاوەڕوانی گراندی تۆرینۆدا”

بڵند جاف

291

ساڵی ١٩٠٦، لە ئیرلەندا، ساموێل بیکێت لەدایک دەبێت بۆئەوەی دواتر شانۆنامەی ”لە چاوەڕوانی گۆدۆدا”مان بۆ بهێنێتە بەرهەم، لە ئەمەریکا گرەیس براون دەکوژرێت تا دواتر وەک تراژیدیایەکی نەتەوەیی ئەمریکا، چەندین شاکار و گۆرانی بە باڵادا هەڵبدرێت، هاوزەمان لەسەر یەکێک لە بەرزاییەکانی شاری تۆرینۆی ئیتاڵی، کۆمەڵێک پیاوی سویسری کۆدەبنەوە بۆ دامەزراندنی یانەی تۆپی پێی تۆرینۆ. ڕەنگە بۆ جیهانی دەرەوە، لەو کاتەدا، لە دایکبوونی یانەی تۆرینۆ بەشێک بووبێت لە شەپۆلی گرنگیدان بە تۆپی پێ لە ئیتاڵیادا، لێ بۆ خەڵكی شارە پیشەسازییەکەی باکوور، ئەمە گۆڕانێکی گەورە بوو لە جوگرافیای وەرزشی شارەکەدا.  چوونکە پێش چەند ساڵێك یانەی یوڤانتووس لەژێر دەستی خێزانی ئەنێلی کە خاوەن کارگەری بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی فیاتە، هاتە دامەزراندن.  بوونی یوڤانتووس وەکوو تاکە یانەی شارەکە، وایکرد بەشێكی زۆر لە چینەکانی کۆمەڵگای تۆرینۆ ببنە هاندەری تاکە یەک یانە، لەبەرامبەردا کۆمەلێکیتر لە هەوادارانی تۆپی پێی شارەکە کە خۆشەویستییان بۆ یوڤانتووس لا درووستنەبوو، بێ مەعشوق بمێننەوە، لێرەوە دامەزراندنی یانەی تۆرینۆ دەرفەتێکی باشی بۆ ئەو کۆمەڵەیە ڕەخساند، تاکوو ناسنامەیەکی تۆپی پێ بۆ خۆیان پەیدابکەن.

filadelfia
وێنەی تیپی گراندی تۆرینۆ، لەسەر سەکۆی یاریگای فیلادیلیفیا، کە ماڵی ئەفسانەکانی یانەکە بوو.

یانەی تۆرینۆ، بە پێچەوانەی ڕەنگە سپی و ڕەشەکەی یوڤانتووسەوە، رەنگی جەرگی بۆ خۆی هەڵبژارد، هاوکات نازناوی ئیل تۆرۆ/گاکەی لەلایەن هاندەرانەوە پێبەخشرا. یەکەم دێربی نێوان هەردوو یانەکە بەسەرکەوتنی ئیل تۆرۆ تەواو بوو. لە ڕووی نازناو و دەستکەوتیشەوە، هەردوو یانەکە بۆ ماوەیەکی درێژ بێ بەرهەم وەرزەکانی تەمەنی خۆیان بەسەربرد، چوونکە  یوڤانتووس تاکوو ساڵی ١٩٢٦ تەنها دوو نازناوی خولی ئیتاڵی بردبووەوە و هاکاوت تۆرینۆ تەنها لە ساڵی ١٩٢٨ توانای نازناوی یەکەمی خۆی لە خولەکەدا دەستەبەربکات. 

سەبارەت بە مێژووی تۆرینۆ، دەتوانین بلێین تاکوو ساڵانی چلەکانی سەدەی بیستەم، مێژووی یانەکە هیچ ڕووداوێکی تایبەت و گەورەی تێیدا تۆمارنەکراوە، بەڵام لە سەرەتای چلەکاندا دۆخی یانەکە بە تەواوەتی گۆڕانی بەسەرداهات، ئەمەش کاتێك یانەکە لە ماوەی ساڵانی نیوان ١٩٤٣-٤٩ بە تەواوەتی کۆنترۆڵی ئیتاڵیای کرد و ٥ نازناوی خولی ئیتاڵی بردەوە. تۆرینۆ لەو ماوەیەدا بۆ ماوەی ٩٣ یاری، بەبێ دۆڕان بەردەوام بوو، هاوکات لە زۆربەی یارییەکانیدا بە ئەنجامی پێنج گۆڵ و بەرە و سەرەوە یارییەکانی دەبردەوە و یاریزانەکان بە سەرکردایەتی ڤالێنتینۆ مازۆلا لەژێر چەپڵەڕێزانی هاندەرانی یانەی ڕکابەردا یاریگاکەیان بەجێدەهێشت.

پێش دەیەیەک، هێربێرت چاپمان، سیستەمی تاکتیکی(WM) پێشکەش بە جیهان کردبوو، ئەم سیستەمە کە لەسەر پلانی ٣-٢-٢-٣ خۆی جێگیرکردبوو، پێشکەوتنێکی گەورە بوو لە جیهانی تۆپی پێدا. بەشێوەیەکی تیۆری کورت، سیستەمەکەی چاپمان بریتی بوو لە سێ بەرگریکار و دوو یاریزانی چەقی ناوەڕاست لە دواوەی یاریگا، ئەما لەپێشەوەی یاریگاوە دوویاریزانی دیکە لە چەقی ناوەڕاستدا  یارییان دەکرد، هاوکات سێ هێرشبەر لە بەشی سەرەوەی یاریگادا بوون. 

دڵەکانی بەرگری بەرپرسی پاراستنی هێلی بەرگری و چاودێریکردنی باڵەکانی هێرشبردنی تیپی بەرامبەر بوون، هاوکات یاریزانی ناوەند دەگەڕانە دواوە تاکوو یارمەتی هێڵی بەرگری بدەن. لە بەشی سەرەوەیش یاریزانەکانی ناوەندی پێشەوە یارمەتییەکی تەواوی هێرشبەرانیان دەدا و بەرپرسی دروستکردنی یاری و ئامادەکاری بوون بۆ کۆتایی هێنان بە هێرش. بە شێوەیەکی گشتی، بۆ ئەو کاتە تاکتیکێکی لەم شێوەیە، بە شۆڕشێكی مەزن دادەنرا لە مێژووی یارییەکەدا، بەڵام لە ناوەڕاستی چلەکاندا، سیستەمەکە جۆرێک لە چەقبەستنی پەیداکردبوو، هەربۆیە  تازەکردنەوەی سیستەمەکە پێویستییەکی هەنووکەیی ئەو کاتە بوو. لێرەوە یانەی تۆرینۆ، لەگەڵ ڕاهێنەری جولەکەی هەنگاری؛ ئێگری ئێربستین و سەرۆکی یانەکە؛ فروچۆ نۆڤۆ دەستیان لەو  ڕیفۆرمە نوێیەدا هەبوو  کە سیستەمەکە بە خۆییەوە بینی. نۆڤۆ کە بە ئەندازیاری پشتەوەی ئەو تیپە ئەفسانەییە دادەنرێت، بۆ بەهێزکردنی تیپەکە چەندین گرێبەستی گرنگی ئەنجامدا، لەوانە، هێنانی یاریزانی خاوەن کوالێتی تاکنیکی و توانای جەستەیی بەهیزی وەکوو ڤالێنتینۆ مازۆلا، ئێزیۆ لۆیک، ئەلدۆ بەلارینی، ماریۆ ڕێگەمۆنتی، ئیزیۆبیۆ کاستیلینۆ، پێیترۆ فێراریس و گۆڵپارێزی بە توانا ڤالێریۆ باتیگالو و هتد …

 هەرچەندە ئێربستین بەهۆی ئەو تەگەرانەوە کە فاشیزمی ئیتاڵیا بۆی دروستدەکرد، ناچاردەبوو زۆربەی کاتەکانی، دوور لە تیپەکەی، لە شار و وڵاتی دیکە بەسەرببات و بەشێوەیەکی پچڕپچر سەرپەرشتی تیپەکە بکات، ئەو گۆڕانکارییانەی کە یانەی تۆرینۆ لە شیوازی یاریکردنی تۆپی پێدا، ئەنجامیدا، بە هۆکارێکی گرنگ دادەنرێت بۆ سەرکەوتنەکانی. کوالێتی یاریزان و شیوازی  یاریکردنی تۆرینۆ، بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ سیستەمیـی (WM) دەگوونجا، بەوپێیە سیستەمەکە لە بنەڕەتدا بۆ بەهیزکردنی لایەنی بەرگری دیزاین کرابوو. لێرەوە جۆرێک لە یەکگرتن لە نێوان ئەقڵیەتی بەرگرییانەی ناو سیستەمەکە و ئەقڵیەتی بەرگری  ئیتاڵی دروستبوو. هاوکات یانەکە توانی پرنسیپەکانی ئەو کاتەی یاری ئینگلیزی بگوازێتەوە بۆ نێو شێوازی یاریکردنی تیپەکە. هەموو ئەم فاکتەرانە پێکەوە، وایانکرد کە یانەی تۆرینیۆ بۆ تۆپی پێ، ببێتە گراندی تۆرینۆ-تۆرینۆی مەزن.. 

بۆنموونە، لە وەرزی ١٩٤٧-٤٨دا کە چوارەمین وەرز بوو تێیدا تۆرینۆ نازناوەکە بە دەستبهێنێت، توانی چەندین ڕیکۆردی مێژوویی  تۆماربکات، لەوانە: تەواوکردنی وەرزەکە بە جیاوازی ١٦ خاڵ لەگەڵ دووەمی ڕیزبەندی خولەکە، بردنەوەی بە ١٠-٠ بەرامبەر تریستینا لەناو یاریگا خۆیدا، بردنەوەی ٢٩ یاری لە کۆی ٤٠ یاری، شکستنەهێنانی لە ٢١ یاری یەک لەسەر یەک، بردنەوەی ١٩یاری لە کۆی ٢٠ یاری لەناو یاریگای خۆیدا (فیلادیلفیا ستادیۆم)، هەروەها لەو وەرزدا توانی ١٢٥جار تۆڕی تیپی بەرامبەر بهەژێنێت و هاوکات کەمترین گۆڵی لێکرا بە ٣٠ گۆڵ. هەموو ئەم سەرژمێرییانە دەرخەری ئەو ئاستە بەرزەن کە یانەکە لەو کاتەدا پێیگەیشتووە، بەجۆرێک زۆرێک لەڕێکۆردەکانی بۆ چەندین ساڵی دواتریش بە زیندوویی مانەوە، بەبێ ئەوەی هیچ تیپێک تەنانەت نزیکیشی ببێتەوە. 

یەکی مایۆی ساڵی ١٩٤٩، چوار یاری مابوو بۆ تەواوبوونی خولی ئیتاڵی و گراندی تۆرینۆ وەکوو هەموو وەرزەکانی پێشوو، لە پێشەوەی ڕیزبەندی خولەکە، بە پێنج خاڵ سەرکردایەتی دەکرد. تیپەکە دوای یارییەکی دۆستانە، لەشاری لێشبۆنای پورتوگالییەوە دەگەڕایەوە بۆ تۆرینۆ. کەش و هەوا ناساز بوو، باوبۆران ئاسمانی شارەکەی گرتبوو، پیاوێک لە بەرزاییەکانی شارەوە بە هەڵەداوان گەیشتە ناوەڕاستی شار، خێرا داوایکرد ئەمبۆلانس و پیاوانی ئاگرکوژێنەوە بگەنە بەرزاییەکانی سوپێرگا، تاکوو شارەکە لە چارەنووسی ڕەشی خۆی ڕزگاربکەن. دانیشتوانی شار باوەڕیان بە قسەکانی پیاوە شێتەکە نەکرد. ناکرێت ئەمە ڕاستی بێت، گراندی تۆرینۆ، بریتییە لە کۆمەلێک پاڵەوان و پاڵەوانەکانیشی نامرن، بۆیە لە وەڵامدا بە پیاوەکەیان وت؛ تۆ درۆ دەکەیت.، بەڵام درەنگ یان زوو، هەر دەبوو بچنە سوپێرگا، تاکوو ڕاستی ڕووداوەکە بە چاوی خۆیان ببینن، ڕووداوێک کە لە داهاتوودا دەبێتە سیمبولی شار و مەزارگەی ئەوانەی کە لە چاوەڕوانی گراندی تۆرینۆدا لەوێ بۆ هەتاهەتایە دەم.

Fiat_G.212_I-ELCE_tragedia_Superga
ڕۆژنامەوانەکان، تیمەکانی فریاگوزاری و هاندەران لە جێگای کارەساتەکە ئامادەن، تاکوو جەستەی شێواوی پاڵەوانەکانیان لەنێو پاشماوەی فڕۆکەکەدا بدۆزنەوە.

خەڵکەکە گەیشتنە سوپێرگا، ڤیتۆریۆ پۆتزۆی ڕاهێنەری مێژووی ئیتاڵیا، کە پێش یەک ساڵ لە ڕووداوەکە، ١٠ یاریزانی گراندی تۆرینۆی بۆ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بانگهێشت کردبوو، بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر بە نێو ئاسەواری سووتاوی فڕۆکەیەکدا دەگەڕا و سۆراغی لاشە مردووەکانی دەکرد تاکوو یاریزانەکانی خۆی بناسێتەوە. لە کۆتایدا پۆزۆ هەندێکیانی ناسییەوە و هەندێکیشیان تەنها لە ڕێگای ئەڵقەی دەست و ناسنامە و دیکۆمێنتەکانیانەوە ناسرانەوە. ٣١ کەس، بە ١٠ یاریزانی سەرەکی تیپی یەکەمەوە لەو کارەساتەدا تیاچوون … پۆزۆ لەمەڕ کارەستەکە بۆ ڕۆژنامەی ”لاستامبا” دەنووسێت ”چیتر  تیپی تۆرینۆ بوونی نییە، تیپەکە ونبوو، سووتا، تەقییەوە، وەک ئەوەی گرووپێک جەنگاوەری جەنگ لە خەندەقەکانی خۆیان دەرچووبن بۆ پێکدادان و هەرگیز نەگەڕابێتنەوە” 

سوپێرگا کە یەکێکە لە بەرزاییەکانی شاری تۆرینۆ، کەنیسەیەکی ڕۆمانی لەسەر دروستکراوە، بۆ ئەوەی هاندەرانی تۆرۆ نزا و داوای سەرکەوتنی تیپەکەیان لە مەسیح و مەریەم و خودا بکەن، کەچی وا بووە دوامەنزڵگای پاڵەوانانی گراندی ۆرینۆ. 

 بۆ تێگەیشتن لە کارەساتەکە، دەزگای سەربازی، دادگای سیڤیلی وڵاتەکە، لێکۆڵینەوەیانکرد و هەموویان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە: هۆکاری پێکدادنی فڕۆکەکە بە کەنیسەکەدا، هەڵەیەکی مرۆییە و هیچ گرفتێکی تاکنیکی دەستی لە ڕووداوەکەدا نەبووە …

بەپێی لێكۆڵینەوەکان، هەرچەندە فڕۆکەوانی فڕۆکەی (Fiat.G.212)، پێرلویجی مێرۆنی کە بەشداری جەنگی جیهانی دووەمی کردووە و چەند مێدالیاییەکی ئالتوونی و زیوینی لەبەرامبەر خزمەتەکانیتدا بەدەستهێناوە و ئەزموونێکی زۆری لە بواری فڕۆکەوانییدا هەیە، کەچی  بەهۆی خراپی کەش و هەوا و باوبۆرانەوە، نەیتوانییوە بە شێوەیەکی ڕوون ڕێرەوی نیشتنەوە بدۆزێتەوە و لەئەنجامدا خۆی بە کەنیسەکەدا کێشاوە. 

کارەساتەکەی سوپێرگا، خەمێکی قووڵ بوو، باڵیکێشا بەسەر وڵاتدا، هونەرمەندان گۆرانی و هۆنراوەیان بۆ کارەساتەکە هۆنییەوە، هاندەران پەیمانی خۆشەویستییەکی ڕۆحییان لەگەڵ پاڵەوانانی تراژیدیایەکەدا بەست. لە بۆڵۆنیا ژنێکی تەمەن ٣٩ ساڵ لە دوای بیستنی هەواڵەکە، خۆی کوشت. پەرلەمانی وڵات دانیشتنی خۆی دواخست و کۆمپانیای فیات هەرچەندە خاوەنی یانەی یۆڤانتووس بوو، بەڵام بۆ یەک خولەک هەموو کارەکانی خۆی ڕاوەستان. هەموو ئیتاڵیا، بۆ ساتێک مرد …

تۆرینۆ کە چوار یاری دیکەی مابوو لە خولەکەدا، ناچار بە تیپی لاوانی یانەکە بەشداریکرد و یانەکانی ڕکابەریش هەمان هەنگاویان گرتەبەر. لاوانی تۆرینۆ توانیان بەبێ دۆڕاندن بگەنە کۆتایی و ڕێکۆردی گراندی تۆرینۆ تا گەڕێکیتر بپارێزن و نازناوەکە ببنەوە، لێ لە وەرزی دواترەوە، تۆرینۆ هەرگیز جارێکیتر نەبووەوە گراندی تۆرینۆ. هاندەرانی یانەکە جارێکی دی ڤالێنتینۆ مازۆلای کاپتنیان لە نێو یاریگای فیلادیلفیادا نەبیینیەوە و ئەو کاتانە گوزەشت کە لەگەڵ هاوڕێکانیدا بە تەڵەکە و فێڵە دڵڕفێنەکانی خۆیان یاریگای فیلادیلفیا و سەنتەری شارییان پڕدەکرد لە جۆش و خرۆش هاندەرە سەرمەستەکان.  تەنانەت خودی یاریگای فیلادیلفیاش وەکوو ئەوەی لەگەڵ مردنی پاڵەوانەکانیدا حەزی بە ژیان نەمابێت، وردە وردە پوکایەوە و لە ئێستادا تەنها خەراباتێکی لە جێگە ماوەتەوە. فیلادیلفیا کە لە ناوەڕاستی شارەکەوە نزیکە، ساڵی ١٩٢٦ وەکوو یەکێک لە پرۆژەکانی فاشیزمی ئیتاڵی، بۆ پێشخستنی تۆپی پێی وڵاتەکە دروستکرا. هاندەرانی تۆرۆ لێرەدا خۆشترین ڕۆژەکانی ژیانیان بەسەربرد. لە ئێستادا یاریگاکە هەرچەندە داڕخاوە، لێ هەڵگری مانا و بۆنی مێژوویەکی پڕ شکۆمەندی یانەکەی لێدێت. دوای دەرچوون لەم یاریگایە، خەونی گەڕانەوە، یەکێک بوو لەو دۆخە نۆستالۆژیانەی کە هاندەرانی تۆرۆ تێیدا دەژیان،  بەڵام ئەمە تاکوو ڕۆژگاری ئەمڕۆ ڕووی نەداوە و یانەکە چەندین یاریگای دیکەی وەکوو دیلا ئەلپی و ئۆلۆمپیک دی تۆرینۆی بە هاوبەشی لەگەڵ یوڤانتووس، یاخود بە تەنها کردۆتە ماڵی خۆی و لە هیچ کامیاندا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستنەهێناوە.

tragedia-superga_6471812_550x413
مەراسیمی ناشتنی تیپی گراندی تۆرینۆ، بە ئامادەبوونی هەزارەها هاندەری دڵشکاوی یانەکە.

پوختە: چیرۆکی ئاوابوونی خۆری گراندی تۆرینۆ، یەکێکە لە تراژیدترین بەسەرهاتەکانی دونیای تۆپی پێ، دوای ڕووداوەکانی سوپێرگا، هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بۆ ماوەی چەند ساڵێک بە دۆخێكی دژواردا تێپەڕی و بە تەواوەتی هێز و توانای خۆی لەدەستدا، سەرنەکەوتنی ئیتاڵیا بۆ کۆتاییەکانی مۆندیالی ١٩٥٠ لە بەرازیل، بە باشترین بەڵگەی ئەو دۆخە ناهەموارە دادەنرێت کە هەڵبژاردەکە  پێیدا تێپەڕی، دوای لە ناوچوونی گراندی تۆرینۆ. هاوکات خودی یانەکەش تەنها یەکجاری تر لە وەرزی ١٩٧٦-٧٧ توانی نازناوی خولی ئیتاڵی بباتەوە، لەوە بترازێت مێژووی تۆرۆ پڕە لە نوشوست و گیانەڵا لە نێوان مانەوە لە خولی پلە یەکی ئیتاڵیا و دابەزین بۆ خولی پلە دوو، جاروباریش بۆ خولی پلە سێی وڵاتەکە. هاندەرانی تۆرۆ بەرزاییەکانی سوپێرگایان وەکوو مەزارێک لێکردووە. هەندێک هاوسەرگیری تێیدا دەکەن و هەندێک بۆ دواینجار تیایدا ماڵئاویی لەیەکتر دەکەن. جێگاکە پڕە لە دژیەکی بۆ ئەو هاندەرانەی کە لە یەک کاتدا وەکوو جێگەی لە چاڵنانی خەونەکانیان تەماشای دەکەن و هاوکات بە دواین ماڵی ئەو ئەفسانانەی دادەنێن کە ڕۆژێک لە ڕۆژان خەندەیان خستووەتە سەر لێوانیان و دڵەکانیان پڕکردووە لە شكۆمەندی و شانازی. بەهۆی تێنەپەڕاندنی سێبەری سەردەمی زێڕینی گراندی تۆرینۆوە، هاندەرانی تۆرۆ، لە یەکی مایۆی ١٩٤٩وە تاکوو ئەمڕۆ، لە سەروەختی پاڵەوانێتی و کێبڕكێکاندا لە چاوەڕوانی گراندی تۆرینۆدا، دادەنیشن و چاوەڕێی گەڕانەوەی تیپەکەیان دەکەن لە سەفەرە ئەبەدییەکەی. 

 

سەرچاوەکان:

Calcio:A History of italian football, John Foot,2007

Zonal play: A Technical and Tactical Handbook, Angelo Pereni&Michele Di Cesare,1998

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.

You might also like More from author

Comments are closed.