جێمی هۆگان، پەیامبەری نەفرەتلێکراو لە نیشتمانی خۆی

بڵند جاف

372

کاتێك تۆپەکە لە پێیدا بوو، ناوچەی گۆڵ بە تەواوەتی لە بەرچاویدا ڕوونبوو. دوای بڕینی چەند یاریزانێک، دەکرا بە شوتێکی بەهێز گۆڵەکە بکات بە دوو پارچەوە، بەڵام تۆپەکە دوور لە ناوچەی گۆڵ، بۆ دەرەوەی یاریگا بەرزبووەوە. جێمی لاوێكی بزێو و وریا بوو، لەو جۆرە یاریزانانە بوو کە هەڵەکانی خۆی نەدەخستە ئەستۆی چیمەنی یاریگای ناڕێک و ناهاوسەنگی تۆپ. هەربۆیە خێرا بەرەو ڕاهێنەرەکەی تاویدا و پرسی “بۆچی تۆپەکە بەو ئاراستەیە ڕۆیشت؟ ئایا جێگای پێم لەسەر تۆپەکە لە کاتی لێدانەکەدا هەڵە بوو؟ ئایا هاوسەنگی خۆم لەدەستدا؟“ ڕاهێنەر دەمووچاوی گرژ کرد و وتی: “ئەگەر یەکێك لە دە شوتی ئاوها، بکەیتە گۆڵەوە ئەوا بە ئامانجی خۆمان گەیشتووین” لێ جێمی کە هەمیشە بیری لە کەماڵ دەکردەوە، هەرگیز وەڵامێكی لەم جۆرە حەزی دۆزینەوە و زانینی دانەمرکاندەوە، بۆیە لەو رۆژەوە بڕیاریدا کە خۆی ببێتە ڕاهێنەری خۆی و بەدوای ئەو وەڵامانەدا بگەڕێت کە ڕاهێنەرەکانی تر خۆیانی لێدەدزنەوە و حەوسەڵەی وەڵامدانەوەیان نەبووە.

لە دونیای تۆپی پێدا، ئینگلیزەکان بە دایکی یارییەکە دادەنرێن. ئەوان ئەو گەلەن کە هەناسەی ژیانیان خستە بەر تۆپە خڕەکە. هۆکاری ئەمە بۆ ئەوە ناگەڕیتەوە کە ئینگلیزەکان یاری تۆپی پێیان داهێناوە، چوونکە مێژووی داهێنانی یارییەکە لقوپۆپی زۆری لێدەبێتەوە، بەجۆرێک ئەگەر گوێ لە هەموو ئەو بیروبۆچوونە جیاوازانە بگرین کە لەبارەی ڕەچەڵەکی گەمەکەوە هەیە، ئەوا تەنانەت دەکرێت جەنگاوەرێکی خوێنمژی ڕۆمانی کە بە شەق یاری بە کەلە سەری دوژمنەکانی دەکرد، دەستی لە دروستبوونی یارییەکەدا هەبێت. لێرەدا ئێمە ناچینەوە سەر ئەو مێژووە شەرمەندە و نادیارەی تۆپی پێ، بەڵکوو باسی دایکی ئەو تۆپی پێیە دەکەین کە لە ئەمڕۆدا دەیناسین.

بە شێوەیەکی گشتی، لە هەر پارچەیەکی دونیا ڕێگای بازرگانی و سەوداگەری هەبووبێت، ئینگلیزەکانیش بوونیان هەبووە. ئەوان کە بازرگانی کوتاڵ، دەرمان، ئاڵتو، هتد… بوون، لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات، لە باشوورە و بۆ باکوور بە بەردەوامی کەشتێکانیان لە زەریا و ڕووبارەکاندا بووە. هەر بۆیە لەگەڵ لەنگەرگرتنی هەر کەشتییەکدا لە کەناری هەر دەریاییەک تۆپێكی ئینگلیزیش وەکوو موسافرێک دابەزیووە و ئیدی بۆ ئەبەد ئەوێی کردووەتە ماڵی خۆی. ئەو ئینگلیزانەی کە تۆپێان دەکردە هاوسەرفەری خۆیان، زۆرجار بازرگان و سەرباز بوون و هەندێکجاریش پەناهەندە و مەنفیکراو بوون. جێمی هۆگان، جۆری دووەمی ئەو پیاوانە بووە.hogan-001

بەو پێیەی لە منداڵییەوە لەنێو خێزانێکی کاتۆلیکدا گەورە بووە، وابڕیار بووە کە ببێتە قەشەیەک و لە یەکیك لە کڵێساکانی شاری بورنلی، ڕۆژگارەکانی خۆی بە ئامۆژگاریکردن و ڕێنوێنیکردنی خەڵك بەسەر ببات. لەم ڕووەوە جێمی هۆگان، لە قەدەری قەشەیی خۆی, تەنها خەسڵەتی ئامۆژگاری و ڕێنوێنی وەرگرت و سەرئەنجام بوو بە یەکێک لە کاریگەرترین ڕاهێنەرەکانی مێژووی تۆپی پێ. لە تەمەنی شازدە ساڵیدا، کاروانی وەرزشی خۆی دەستپێکرد. هەر لە سەرەتاوە جێمی بە وردبینی و کۆڵەندان و تێبینیکردن و گەڕان بە دوای باشترکردنی ئاستی خۆیدا ناسرا بوو، بە جۆرێك هاوڕێ یاریزانەکانی نازناوی “قەشەکە”یان پێبەخشیبوو، چوونکە بە هەموو شێوەیەک بە دوای کەماڵدا دەگەڕا لە مەشقەکانیدا. بۆ نموونە هەموو رۆژێک لەگەڵ باوکیدا، لەسەر دووچەرخەیەکی دارین ٤٨کم ڕێگای دەبڕی بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکانی و زیادکردنی خێرایی خۆی. سروشتی جێمی وایکرد،هەر لە سەرەتاوە ئایدیا و ڕووانگەی تایبەت بە خۆی هەبێت دەربارەی چۆنێتی ئەنجامدانی یاری تۆپی پی. لێ وەکوو هەموو داهینەرێکی دیکە، بیرۆکەکانی جێمی لەگەڵ دابوونەریتی ئەو کاتەی تۆپی پێی ئینگلیزدا نەدەگونجا، ئەمەش وایکرد کە ئینگلیزەکان تێڕوانینێکی گاڵتەجاڕانەی نزمیان سەبارەت بە بیرۆکەکانی جێمی هۆگان هەبێت.

لەو کاتەدا تۆپی پێی ئینگلیزی بریتی بوو لە توانای تاکی یاریزانەکان. واتا هیچ یاریزانێک گرنگی نەدەدا بە یاریزانانی هاوڕێی خۆی و بە تەنها تۆپەکەی دەبردە پێشەوە تا ئەو کاتەی تۆپەکەی لێدەبچرا. هاوکات پاسی درێژ و تۆپی بە هەوادا نێردرا و کۆڵەکەکانی تۆپی پێ وڵاتەکە بوون. ئەمە جگە لەوەی لە هەفتەیەکدا تەنها دوو جار یاریزانان بە تۆپەوە مەشق و ڕاهێنانیان دەکرد و ڕۆژەکانیتریان بە کاری جەستەیی و ڕاکردن و بڕینی هەوراز و نشێوەوە بەسەردەبرد. لەبەرامبەردا بیرۆکەکانی جیمی هۆگان بە تەواوەتی بە پێچەوانەی ئەم نەریت و کولتورە ئینگلیزییەوە بوو. بە جۆرێک گرنگیدان بە تاکتیک و تەکنیک و بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان یاریزان و تۆپ و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا، کرۆکی بیرۆکەکانی بوون.

یەکێك لە خاسێتە گرنگەکانی بازرگانی زیرەک ئەوەیە کە ڕۆڵی خۆی تەنها لە ڕێکخستن و بەکارهێنانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاودا ببینێتەوە. ئەم خاسێتە بە تەواوەتی لە هاری برادشۆی بەڕێوەبەری یانەی فۆڵهامدا بەدی دەکرا. بۆیە کاتێک جێمی هۆگانی بێهوا بە هۆی شێوازی یارکردنی بورنلییەوە ویستی یانەکەی جێبهێڵیت، برداشۆ ئەم هەلەی قۆستەوە و هۆگانی هێنایە ڕیزی یانەکەیەوە. بێگومان برادشۆیش هەر وەکوو هۆگان پاڵپشتی یاری هەرەوەز و پاسی کوورت و جوڵەی خێرای بوو، کە ئەمەش خەسڵەتێکی گرنگی شێوازی یاریکردنی ئسکۆتلەندی بوو لەو سەردەمەدا.هۆگان لەگەڵ فۆڵهامدا بۆ دوو ساڵ لەسەر یەک لە ١٩٠٦/٧ توانی نازناوی خولی باشوور بباتەوە و لە دوای گەیشتنیان بە خولی پلە دووی ئینگلیزی، توانیان بگەنە چوارگۆشەی زێڕینی جامی FA لە وەرزی ١٩٠٧/٨.

بەهەمەحاڵ، ژیانی وەرزشی هۆگان وەکوو یاریزان نشێوی زیاتری تێیدا بووە، بەجۆرێک کە هیچ دەستکەوتێکی بەرچاوی بەدەستنەهێناوە، بەڵام دواین گەشتی وەکوو یاریزان لەگەڵ بۆڵتۆن واندەرز بۆ وڵاتی هۆڵەندا، بیرهۆشی هۆگانی بەسەر دنیاییەکی نوێدا کردەوە، هۆگان لەو گەشتەدا بۆی دەرکەوت کە کولتوری وڵاتانی دیکەی ئەورووپا کرانەوەی زیاتریان هەیە بەسەر ئایدیای نوێ و تاقیکردنەوەی جیاواز و داهێنان لە تۆپی پێدا.

dfc-team-1910
وێنەی تیپی دۆردرێج لەو یارییەی کە بەرامبەر بۆلتۆن واندەرز بە ئەنجامی ١٠-٠ شکتیانهێنا

لە ڕاستیدا بە تەماشاکردنی تۆپی پێ لە بەشەکانی دیکەی ئەورووپا، تێدەگەین کە جیاواز لە
ئینگلتەرا، لەو وڵاتانە، کولتور و داب ونەرتی باڵادەستیی لە چۆنێتی ئەنجامدانی تۆپی پێدا بوونی نەبووە. ئەمە وایکردووە، وڵاتانی وەکوو هۆڵەندا، نەمسا، سویسرا، هەنگاریا و ئەڵمانیا خاکێکی بەپیت بن بۆ بیرۆکەکانی هۆگان. هەربۆیە لە دواین یاریاندا لە هۆڵەندا و پاش بردنەوەیان بە ئەنجامی ١٠ـ٠ بەرانبەر یانەی دۆردرێچ، هۆگان پەیمانیدا کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بگەڕێتەوە بۆ هۆڵەندا و ئەو یاریزانانە فێری ئەوە بکات چۆن بە باشی یاری تۆپی پێ بکەن.

هەر دوای ساڵێک و لە لایەن داوەری هاوڕێی، جەیمس هاورکرافت کە زۆرجار بۆ بەڕێوەبردنی یاری، لە لایەن یانە و هەڵبژاردەکانی وڵاتانی ئەورووپا بانگهێشت دەکرا، هۆگان ئاگادارکرایەوە کە یانەی دۆردێچ بەدوای ڕاهێنەرێکدا دەگەڕین کە لە شێوازی یارکردنی ئینگلیزیدا پسپۆڕبێت. هاوردکرافت کە لە نزیکەوە ئاگاداری بیرۆکەکانی هۆگان بوو، لاوە ئینگلیزییەکە ئاگادار دەکاتەوە و بەمشێوەیە هۆگانی ٢٨ساڵ بۆ یەکەم جار، وەکوو یەکەمین ڕاهێنەری پرۆفشناڵ لە دەرەوەی ئینگلتەرا دەستبەکاردەبێت.

تیپی یانەی دۆردێچ شارەزایی و کارامەییان لە تۆپی پێدا نەبوو، بەڵام بۆ هۆگان ئەم یاریزانانە بە هەلێک دادەنران تاکوو ئەو شێوازە پرۆفێشناڵەی مەشق و ڕاهێنانەیان لەگەڵدا جێبەجێ بکات کە بیری لێدەکردنەوە. یاریزانەکان خوێندکاری زانکۆ و قوتابخانە بوون، ئەمە لە رووی تیۆرییەوە یارمەتی هۆگانیدا تاکوو لەسەر کاغەز و تەخەتەی ڕێنمایی، بە زمانی نووسین، بیرۆکەکانی بۆ یاریزانەکانی شیبکاتەوە.

گرنگیدان بە خودی تۆپ لە بری یاریزان، دروستکردنی یاری بە شێوەی هەنگاو بە هەنگاو و لەسەرخۆ، پاسی کوورت و جوڵەی خێرا، هۆشیاری و ئامادەگی زیهینی لە ناو یاریگادا و بیرکردنەوەی پێش بڕیاردان، گرنگیدان بە لایەنی تەکنیکی چۆنێتی کۆنترۆڵکردنی تۆپ و ناردنی تۆپ و بەهێزکردنی توانای جەستەیی، لە گرنگترین ئەو خاسێتانە بوون کە شیوازی یاریکردنی جێمی هۆگانی لەوانیتر جودا دەکردەوە. لە هۆڵەندا هۆگان هێندە ناوبانگی دەکرد، کە یەکێتی وڵات بۆ یەک یاری بەرانبەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیا داوایانلێکرد ببێتە راهێنەر و لەئەنجامدا، هۆڵەندا بە ئەنجامی ٢ـ١ یارییەکەی بردەوە.

1910-oktober-16-duitsland-nederland-1-2-met-links-dfcer-beeuwkes
ئکتۆبەری ساڵی ١٩١٠ یاری نێوان هۆڵەندا و ئەلمانیا کە بە ئەنجامی ٢-١ لە بەرژەوەندی هۆڵەندا تەواو بوو. هۆگان لە ئەو سەری دەستی ڕاستەوە وەستاوە.

دوای گەڕانەوەی بۆ ئینگتەرا و یاریکردنی وەکوو یاریزان، بۆ وەرزێکی تر، دووبارە دەستیکردەوە بە گەڕان بە دوای هەلێکی تری ڕاهێنەرایەتیدا. ساڵی ١٩١٢، لە سەرەتاکانی دەستپێکردنی جەنگی جیهانی یەکەمدا، دیسانەوە لە ڕێگای جەیمس هاوردکرافتەوە، ئەمجارەیان لە نەمساوە، هەلی کارکردنی بۆ ڕەخسا. هوگۆ مێسلی ئەفسانە و باوکی ڕۆحی تۆپی پێی نەمساوی کە دەستێکی گرنگی هەبوو لە دامەزراندنی تۆپی پێی وڵاتەکەیدا و دواتریش لە کردنەوەی خولی تۆپی پێی نەمساویدا، بەدوای ڕاهێنەرێکدا دەگەڕا کە تۆپی پێی وڵاتەکەی باشتر بکات. دوای یەکسانبوونیان بەرانبەر هەلبژاردەی هەنگاریا بە ئەنجامی ١ـ١، مێسل پرسیاری لە هاوردکرافتی داوەری یارییەکە کرد کە ئاخۆ چۆن بتوانێت ئاستی هەڵبژاردەکەی باشتر بکات؟؟ لە وەڵامدا هاوردکرافت ناونیشانی جێمی هۆگانی پێدەدات. هوگۆ و هۆگان ڕێکدەکەون لەسەر گرێبەستی ٦ هەفتە، تێیدا هۆگان بەشێکی کاتەکەی لەگەڵ یانەکانی نەمسا بەسەردەبات و بەشەکەیتریشی لەگەڵ هەڵبژاردەی نەتەوەیی.

هەرچەندە سەرەتای ئەزموونەکەی هۆگان لە نەمسا بە باشی بەڕێوە نەچوو، بەهۆی هۆکاری جیاوازەوە، بەڵام وەکوو خۆی باسی دەکات بۆ هۆگان بەجێهشتنی شاری لانکشەری سارد و سڕی پیشەسازی و نیشتەجێبوون لە ڤەینای دڵگیر، وەکوو چوونە بەهشت وابووە. لە نەمسا هۆگان ئاشنای جۆرە کولتورێکی تەواو جیاواز بوو، چوونکە لە کاتێکدا لە ئینگلتەرا، لەگەڵ خواردنەوەی بیرە و لە گەرمی ژاوەژاوی باڕ و ڕێستورانتەکاندا دەربارەی تۆپی پێ مشتومڕ و دەمەقاڵە دەکرا، لە نەمسا خەڵکی پێیان دەخستە سەر پێ و بە گرنگییەکی زۆر زیاترەوە بە دەم قاوە خواردنەوە و گفتوگۆی هێمنانەوە، لە ڕەهەندە جیاوازەکانی تۆپی پێیان دەڕوانی. ئەم کولتورە نوێیە بۆ هۆگان جێگەی سەرنج و ستایشکردنێکی زۆر بوو. هاوکات شانبەشانی تێگەیشتن و ئاشنابوونی بە کۆمەڵگای تۆپی پێی نەمساوی، ئەنجامەکانی هۆگانیش لە ڕاهێنەرایەتیکردنی تیپە جیاوزەکاندا باشتر و باشتر دەبوو. بە جۆرێک لە ئۆلۆمپیادی ساڵی ١٩١٢ لە ستۆکهۆڵم هەلبژاردەی نەمساوی بە ئەنجامی ٥ـ١ هەڵبژاردەی ئەڵمانیای تەفروتووناکرد.

هەرچەندە هەڵبژاردەی نەمسا لە چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا بە دەستی هۆڵەندا دەرکرا، بەڵام هوگۆ مێیسل متمانەی تەواوی بە هۆگان هەبوو، بۆیه گرێبەستەکەی بۆ درێژکردەوە تاکوو نەمسا بۆ ئۆڵۆمپیادی ١٩١٦ کە لە ئینگلتەرا دەکرا، ئامادە بکات. وەلێ ئەورووپا بە خێرایی کەوتە نێو هەوای شەڕی جەنگی جیهانی یەکەمەوە.

هۆگان پێش ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنی جەنگی جیهانی یەکەم، سەردانی کۆنسۆڵخانەی ئینگلیزی کرد، بۆئەوەی لە ئەگەری دروستبوونی جەنگ ئاگاداربێت و بتوانێت خێرا لەگەڵ خۆی و خانەوادەکەیدا بەگەڕێتەوە ئینگلتەرا. کەچی لە وەڵامدا، کۆنسۆڵخانەی ئینگلیزی ئەنجامدانی کارێکی وەهای بە پێویست نەزانی، بە بیانووی ئەوەی ئەگەری جەنگ بە هیچ شێوەیەک لە ئارادە نییە. لێ ڕۆژی دواتر هۆگان و خێزان و منداڵەکانی بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکران.

21595760.jpg-pwrt3
جێمی هۆگان لە کاتی مەشقەکانیدا

بەهەمەحاڵ، لە کۆتایدا خێزانەکەی بە یارمەتی کۆنسۆڵخانەی ئەمریکی دەگەڕێتەوە بۆ ئینگلتەرا، بەڵام هۆگان لە ڕۆژی دواتردا بە ڕێگاوە دەبێت بۆ کامپی سەربازی، کاتێك بارۆن دیستەی دەرچووی زانکۆی کامبرێج و سەرۆکی یانەی MTKی هەنگاری کەفالەتی دەکات، بە مەرجێک ببێتە ڕاهێنەری یانەکەی. لێرەوە هۆگان پەڕەیەکی تر لە مێژووی ڕاهێنەرایەتی خۆی دەنووسێتەوە و بیرۆکە و ئایدیا مۆدرێنەکانی لە وڵاتی هەنگاریا بڵاودەکاتەوە و کولتور و داب و نەریتییەکی نوێ بۆ وڵاتێکی دیکەی تازە پێگەیشتووی نێو دونیای تۆپی پێ دادەمەزرێنێت. لەوێ لەگەڵ یانەی MTKدا توانی بەخێرایی جێدەستی خۆی دیاری بکات و نازناوی خولی وڵاتەکە بۆ وەرزی ١٩١٦/١٧ بباتەوە.

گەشتی هۆگان لە وڵاتی هەنگاریا لەگەڵ تەواوبوونی جەنگی جیهانی یەکەمدا، کۆتایی پێهات و گەڕایەوە بۆ لانکشەر تاکوو دوای چوار ساڵ چاوەڕوانی دووبارە چاوی بە خێزانەکەی بکەوێتەوە. هۆگان دوای ئەزموونێکی زۆر و کاروانێکی دووردرێژ لە دەرەوەی وڵاتی دایک، کە دەگەڕێتەوە لە کارگەیەکی جگەرە کار دەکات، بە هۆی کەم دەرامەتییەوە ناچار داوای یارمەتی لە یەکێتی تۆپی پێی ئینگلیزی دەکات، لێ فرێدریک ۆڵی سکرتێری یەکێتییەکە بە بیانووی ئەوەوە کە یارمەتی بە کەسانی خائین و ئەو کەسانە نادرێت کە بەشداری جەنگی جیهانیان نەکردووە و خەزمەتی بەریتانیای مەزنیان نەکردووە، داواکەی ڕەت دەکاتەوە.

هۆگان بە ناچاری دیسانەوە جانتاکانی هەڵدەگەڕیتەوە و دوور لە وڵاتی دایک هەڵدێت بۆ باوەشی نیشتمانە لاوەکانی نێو دونیای تۆپی پێ و ئەمجارەیان سویسرا دەیگرێتە باوەش. لەوێ لەگەڵ چەند هاوڕێ ڕاهێنەرێکی ئینگلیـزدا لە یانەکانی ئەو وڵاتە دەستبەکار دەبێت. هاوکات ئەڵمانییەکان دوای ئەو دۆڕانە قورسەی بەرامبەر نەمسا تووشی هاتن لە ئۆلۆمپیادی ستۆکهۆڵمدا، چاوەکانیان هەر لەسەر هۆگان دەبێت و بە هەموو جۆرێک دەیانەوێت سوود لە تواناکانی وەربگرن. هەربۆیە یەکێتی تۆپی پێی وڵاتەکە هەلی کارکردنی بۆ دەڕەخسێنێت، تاکوو هۆگان وەکوو مامۆستایەک وانە بە ڕاهێنەر و یاریزانەکانی ئەڵمانیا بڵێتەوە و بیرۆکەکانی خۆی دەربارەی تاکنیک و مامەڵەکردن لەگەڵ تۆپدا، بۆ نێو دونیای تۆپی پێی ئەڵمانی بگوازێتەوە. لە کۆتاییدا کاریگەری هۆگان لە ئەڵمانیا دەبێتە هۆی دروسبوونی چەند ئەفسانەیەکی گەورەی مێژووی وڵاتەکە لەوانە: هیلموت شیون و ڕیچارد هۆفمان و هتد… ئەمە جگە لەوەی کە لە لاوانی تیپی یانەی درێسدنێردا لە ژێر دەستیدا توانیان، نازناوی جامی گلاولیگا سێکسۆنی و جامی پاڵەوانێتی ناوەڕاستی ئەڵمانیا ببنەوە.

_71299788_hungary6
هەنگاریا لە نێو یاریگای مێژووی وێمبلیدا بۆیەکەمینجار ئینگلتەرا بەزەویدا دەدات و بە ٦ گۆڵ شكۆمەندی شاهانەی ئینگلزەکان دەشکێنێت.

بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین، جێمی هۆگان بە گرنگترین کارەکتەرەکانی نێو دونیا تۆپی پێ دادەنرێت کە توانیویەتی کاریگەرییەکی تەواو بەرچاو و ڕاستەخۆی هەبێت لەسەر کولتور و شیوازی یارکردنی تۆپی پێ لە نێو گەلانی ئەورووپادا بە تایبەتی و لە جیهاندا بە گشتی. جێمی هۆگان بەشێوەیەک لە شێوەکان کە نوێنەرایەتی شێوازی یاریکردنی ئسکۆتلەندی دەکرد لەو سەردەمەدا، توانی گەلانی نێو دونیای تۆپی پێ لە گرنگی تەکنیک ئاگاداربکاتەوە. تۆپ بکات بە ئامانج و مەبەستی یاریزانان و ڕاهێنەران. ئەمە لەکاتێکدا پێشتر تۆپ تەنها بە کەرەستەیەکی خزمەت دادەنرا.

هۆگان هەرچەندە لە وڵاتی خۆی وەکوو پەیامبەرێکی نەفرەت لێکراو تەماشاکرا، لێ لە دەرەوەی وڵاتەکەی و لە سەرانسەری ئەورووپادا ڕێز و ستایشێکی تایبەتی بۆ دانرا. ڕەنگە گەورەترین ددانپێدانان و ڕێزلێنان کە لە ژیانی وەرزشی خۆیدا وەریگرتبێت، چرکەساتەکانی ڕۆژی ٢٥/١١/١٩٥٣ بێت، کاتیك هەڵبژاردەی هەنگاریا لە نێو یاریگای وێمبلی لە لەندەن، بە سەرکردایەتی بۆشکاش هەڵبژاردی ئینگلتەرای بە ئەنجامی ٦ـ٣ داڕزاند، بەمەش ئینگلتەرا بۆ یەکەمین جار لە نێو یاریگای خۆیدا بە هەڵبژاردەیەکی دەرەوەی بریتانیا دۆڕا. لە دوای یارییەکە کاتێک هۆکاری ئەو بردنەوە گەورەیەیان لە گوستاڤ سێبێسی ڕاهێنەری هەنگاریا پرسی، لە وەڵامدا سێبێس وتی: “ ئێمە بەو شێوەیە یاریمان کرد کە جێمی هۆگان فێریکردین، کاتێک مێژووی ئێمە دەنووسرێتەوە، پێویستە ناوی ئەویش تیایدا بە ئاوی ئاڵتوون بنووسرێت.”

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.

You might also like More from author

Comments are closed.

error: Content is protected !!