بەیان سەلمان: لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ، گێرانەوە بەشێکی تەواوکەری گرنگی ژیانە

Loading

ژنە ڕۆژنامەنووس (بەیان سەلمان) یەکێکە لە ناوە دیار و دەنگە جدییەکانی ناو دونیای ئەدەبی کوردی و وەرگری خەڵاتی ئەم ساڵی ئەندێشەیە بۆ ڕۆمان. ئەو خاوەنی ھەریەکە لە ڕۆمانەکانی (شەوانی ئادەم و بەرزایی شوراکان و نەوەکانی مادائی) و لە ئێستاشدا سەرقاڵی نوسینی ڕۆمانێکی نوێیە کە تایبەتە بە شاری کەرکوک، بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە تێڕوانینی ئەو بۆ ئەدەب، ئەم دیدارەمان لەگەڵدا سازدا؛

(کۆڵن وڵسن) لە کۆندا وتویەتی “کاریگەری ڕۆمان لەسەر کلتوری مرۆڤایەتی لە تێکڕای تێزەکانی (داروین و فرۆیدو مارکس) زیاتر بووە.” ئەمڕۆ بەھۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و، بەتایبەت ھاتنی ئینتەرنێت، زۆرێک پێیان وایە، بایەخ و گرنگیی ڕۆمان لە ئێستادا وەک جاران نەماوە، ئێوە پێتان وایە تا چەند ئەم بۆچوونە ڕاستە؟

بەیان سەلمان: با لە وتەیەکی پۆل ڤالێری دەست پێ بکەم کە لە ساڵی ١٩٣٧ وتویەتی ”کاتی کۆتای دنیا وا دەست پێ دەکات.”. کە ڤالێری ئەوەی گوتوە، ماوەی دوای شەڕی جیھانی یەکەم و دوو ساڵ پێش دەسپێکی شەڕی جیھانی دووھەمە. ئاساییە کە مرۆڤ ڕەشبین بێت. دیارە ڤالێری بەو ڕستەیە، باس لە ”بەیەک رەنگکردنی” دنیا دەکات. وەک یەک بەرگ، ھەموو کەسێک یەک بۆچوونیان دەبێت و دەیانەوێت وەک یەکیان لێ بێت و وەک ئەویان ھەبێت. لە کوردستانیش، ئەو ڕەشبینییە بە بارو دۆخی ناوچەکەوە پابەندە. بێ گومان ئەوە کاریگەریی لە سەر بۆچوونی ئەو کەسانەشە کە تاقەتی خوێندنەوەیان نییە. ئەدەب ھەر دەمێنێت. ڕۆمانیش وەک بەشێک لەو، بە تایبەتی بەرگریی دەکات، جۆرێکە لە ”ئەنتی بایۆتیکی” سروشتیی، کە دژ بە ئایدیۆلۆژیا بەرگرییت پێ دەکرێت. ساتێکیش دێتە پێشێ، کەسەکە خۆی لە تەوژمی تەکنەلۆجی بێ تاقەت و وەڕس دەبێت، ئەوجا دەست بە خۆ ڕیکخستنەوە دەکات. لە جێیەکدا، تەکنەلۆجیاش دەبێتە ئایدیۆلۆجی و دەسەێندرێتە سەر تاکەکان. دەبێ تاک دژی ئەو سەپاندەنە بەرگریی بکات.
کێشەش لە خودی تەکنەلۆجیادا نییە، بەڵکو لەگەڵ شێوەی بەکارھێنانێتی، لە چاولێکردن لە بەکارھێنانی، وەک لە ناوەڕۆکی رستەکەی ڤالێری تێ دەگەین. کە بزانین: بۆ، کەی، لە کوێ، بەکاری دەھێنین، ھیچ گرفتێک دروست ناکات و ناتوانێت وەک ئامرازێک تۆ بەکار بھێنێت، بەڵکو تۆ، دەسەڵاتت بەسەر ئەو ئامرازەدا دەشکێت و سوودی لێ وەر دەگریت. تەکنەلۆجیا لەگەڵ داھێنانیدا، لەسەرەتاوە، تاکو گەشەی کۆمپیوتەر لە ئەمڕۆدا، ئەگەرچی زۆر ئالۆزیی جیھانی ئەمڕۆ و تاکێتیی و دوورکەوتنەوە وبگرە چوونە کەنار بە ویستی تاک خۆی، بەرجەستە دەکات، ھاوکات بەشێکیشە لە گەشەی ژیان. بمانەوێت و نەمانەوێت ئاسانکاریی داھێناوە، کەسایەتی تاکەکان و تەنانەت چەرخی فیکریشی گۆڕیوە. وێرای ئەوەش، ئێمە چیتر ناتوانین پشتگوێی بخەین، بەڵام دەکرێت، زۆر بە چاکیی خۆمانی لەگەڵ بگونجێنین، بە باشیی کاری پێ ئەنجام بدەین، بێ ئەوەی لە داھێنان و ھەوڵی تاکێتمان کەم بکاتەوە. بە تایبەتی نابێت لە دنیای ناوەوەی خۆمان دامان ببڕێت. کێشە لەو دابڕانەیە لەگەڵ خود، ئەگەر زۆر سەر بکەینە سەر بەکارھێنانیان. بێجگە لەوەی، بۆچوون و نووسین دەبنە دەستکرد و بەھایان نامێنێت، وەک نووسینی خێرای لاپەڕەیەکی فەیسبووکی لێ دێت. کە کەس بە ڕاستیی و بە قوڵیی نایان خوینێتەوە و بە ”لایکێکی” ڕێزلێنان کۆتاییان پێ دێت!
با سەیری ئەو لایەنەی تەکنەلۆجیاش بکەین، کە لە جێی خۆمانەوە، ھەزاران ڕۆمان لە ناو بەرزترین رەفەی کتێبخانە گەورەکانەوە دەھێنیننە سەر شاشەیەک و دەیان خوێنینەوە. ئەوە لە ساییەی گەشەی کۆمپیوتەرو ھاتنی ئینتەرنێت ھاتۆتە دی. گرنگە کەسانی ”ساغ” ئەندام کەمێک بیر لە ”کەم” ئەندامێکیش بکەنەوە. ئەوەی نابینا و تەنانەت نەخەوێندەواریشە، ئەمڕۆ دەتوانێت بە ئاسانیی گوێ لە ھەزاران کتێب بگریت. لەبری ئەوەی دەیان ڕۆمان و کتێب لەگەڵ خۆتدا بۆ سەفەر بەریت، کلیلێکی (یو ئیس بی) و تابلێتێک سەدان کتێبت بۆ دەگوازێتەوە. بە ڕاستیی لەگەڵ ئەو جۆرە ڕەشبیینیانە نیم کە بەزۆر پێمانی دەفڕۆشن. بە کورتیی، کەوتۆتە سەر ئەوەی، چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. دواجار، خوێندنەوە بەشێکە لە ھەوڵی تاک خۆی، خۆشەویستییە، پەیوەندی مرۆڤ بە خوێندنەوە و کتێب، پەیوەندییەکی ئیشقی ئەزەلیی سەیرە.

مرۆڤ بەدرێژای مێژوو لە ڕێگەی (ئەفسانە و حیکایەت و چیرۆک)ەوە دەماودەم شتی گێڕاوەتەوە، وەک ئەوەی (عەتا محەمەد)یش دەڵێت “ئەوەی مرۆڤی دروستکرد گێڕانەوە بوو”، مەبەستمە بپرسم، تۆ لە نوسیندا دەتەوێت چی بگێڕیتەوە، یان مرۆڤ بۆ ھەمیشە خەمیەتی بگێڕێتەوە؟

بەیان سەلمان: لە کۆنەوە بۆ ئەمڕۆ، گێرانەوە بەشێکی تەواوکەری ژیانە. ئەو بەشەیە کە پێویستە تێیدا بە وردەکاریی ڕۆژانەدا بچینەوە. ژیان بریتییە لە ھێماو نھێنی، تێکەڵەیەکە لە سەیروسەمەرە، پڕە لە بوونەوەر، لە شوێن، لە ڕووداو، لە توندوتیژیی و لە جوانییش. لە ھەموو چرکە ساتێکدا پێویستە باسیان بکرێت. ئیتر ئەو کەسەی چیرۆک دەگێڕیتەوە، وەک ئەوەیە کە کۆمەڵێک کۆد لە دەوروبەری بێت و ئەو بە گێڕانەوە یەک بە یەکی جفرەکانی بکاتەوە.لەلام، ئەوە مڕۆڤە کە زادی فەیلەسووف و ڕۆماننووس دابین دەکات، نەک بە پێچەوانەوە. لە میتۆلۆژیادا، ڕچەڵەکی گەردوون سەرەتا بە دروستکردنی ئاسمان و زەوی و بوونەوەرەکانی تر بوو، لە کۆتاییدا مرۆڤ. بۆ ئەوەی مرۆڤ ھەموو ئەوانە لە ڕێگای پرسیارکردن بگێڕێتەوە؛ ھەر خودی میتۆلۆژیا کە مرۆڤ دایھێناوە، ئەو پرسیارکردنە دەسەلمێنێت. ئەوە مرۆڤە لەبری سروشت و سەرجەمی بوونەورەکان و گیان لەبەرەکان قسە دەکات، پرسیار لە وجودی خۆی دەکات و دەیگێرێتەوە. گێڕانەوە، گەڕانە بە دوای شتی نادیار تا بیکەینە دیار. ھەندێک جار، شتی زۆر سادە و ئاساییە، بەڵام نەبیندراون. دەتوانم بڵێم، ئەو بەھەشتەیە کە ھەموومان بە دوایدا دەگەڕێین، ئەوەی لێی نزیک دەبێتەوە، ناشڵێم پێی دەگات، تا ڕادەیەک دەستی دەچێتە ناو نادیار و زمانەکەی وەر دەگێڕێت و دووبارە بە زمانێکی تایبەت کە خۆی دای دەھێنێت، شتەکانی پێ دەگێڕێتەوە. لەبیرشمان نەچێت، کە خودی زمان، ئامرازێکی ھاوپەیوەندییە، کە بە نێوەندی ئاماژە ئەنجام دەدرێت، ئەوە کە سەر لە شتە نادیارەکان ھەڵ دەداتەوە.

بەدرێژایی مێژووی نوسین جگە لە وەزیفەی گێڕانەوە، چیرۆک و ڕۆمان، بەپێی قۆناغە جیاوازەکان ئەرکی جۆراو جۆریشیان ھەبووە. وەک ئەوەی (باختین) دەڵێت “ئەوەی کە دوێنێ ئەرکی ڕۆماننووس بوو، ئەمڕۆ ئەرکی کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانە” مەبەستمە بپرسم، ئەرکی سەرەکی ڕۆمان پاش گێڕانەوە چییە؟ تا چەند نووسەر لە ڕێگەی کارەکتەرەکانیەوە، دیوی شاراوەی واقیع دەگوازێتەوە؟

بەیان سەلمان/ با لەوەوە دەست پێ بکەم کە باختین دەڵێت ”ڕۆمان جەندەرێکە کە لە پرۆسەی بە بوونە” بەم واتایە، ھەمیشە لە گۆڕاندایە. ئەمەش ئەو ئازادییە بێ سنوورەی ڕۆمان دەسەلمێنێت کە بەردەوام لە ھەڵسەنگاندنە. لە داھاتوودا فەلسەفە لە ڕۆمان زیاتر، ھەڵسەنگاندن بەخۆیەوە دەبینیت. ئەوە یاسای ئاڵۆزیی دنیاییە، کە جەغەت دەکاتە سەر فیکر و ھەڵسەنگاندنی. من وشەی ”کارئەکتەر” caractère بەکار نابەم، ئەوە بۆ خەسڵەتەکانی کەسایەتییەکی ناو شانۆیە، وشەی ”کەسایەتی” personnage ڕاسترە، ھەر بۆیە لە تیۆری ئەدەبیی فەرەنسیدا لەگەڵ ”کەسێک” personne جیایان کردۆتەوە. لێرەوە، ئەو کەسایەتییەی دەخرێتە ناو کارێکی ئەدەبیی، ھەڵگری بۆچوون و ڕوانینێکە لە بارەی مرۆڤ و دنیا. بێ گومان ھەرچی دەیزانێت، یاخود پێی ھەڵ دەسێت و بە نیازە بیکات، لە ڕێگای گێڕانەوە ئێمە پێی ئاشنا دەبین و دیزانین. ئیدی ئەمە لەسەر نووسەر کەوتووە، چۆن چیرۆک و ڕووداوەکان دەخاتە بەر چاو خوێنەر. کە باس لە ڕاستیش دەکەین ”واقع”، ئەوە ڕاستی ژیان دەگوازینەوە، بەڵام بە نێوەندی داھێنانێکی خەیاڵیی. لەوانەیە ئەو ”دیوە شاراوەیەش” کە لەلای تۆ پرسیارە، وەھا شاراوە نەبێت، بەڵام کەسایەتییەکی دەستنیشانکراو ئامانجی ئەوەی لە دوایە ببێتە زمان حاڵی ئەو کۆمەڵەی تێیدا دەژی، یاخود ببێتە ھەڵگری ھەستی کەسێک، بۆچوونی، تێگەیشتنی بۆ شتەکان، مامەڵەکردنی لەگەڵ کێشە و ڕووداو و ئەو کۆمەڵەی دەوروبەرەکەیشی.

ئەوەی ڕۆمانەکانی تۆ بخوێنێتەوە زوو لەوە تێدەگات کە ڕەگێکی گەورەی کارکردنی تۆ لەناو مێژوو دایەو دەتەوێت ھەمیشە مێژوو وەک تێمایەکی سەرەکی لەناو کارەکانتا وجودی ھەبێت، قسەک ھەیە دەڵێت “مێژوونووس مێژووی کۆمەڵ دەنوسێتەوە نەک مێژووی مرۆڤ، بەس ڕۆمان مێژووی مرۆڤ دەنوسێتەوە. تۆ دەتەوێت کامیان بنوسیتەوە مێژوو بۆ بۆ تۆ گرنگە؟

بەیان سەلمان: مێژوونووس ئیشی نووسینەوەی مێژووی مرۆڤیشە! مێژووی شارستانییەتێک بۆ نموونە، مێژووی مرۆڤەکانیشە. ھیچ کۆمەڵێک، شارستانییەتێک بێ مێژووی مرۆڤەکانی بەھای نییە. کە باس لە شارستانییەتی میزۆپۆتامیا و گرێک دەکەین، ئەو مێژووە، بێ مرۆڤەکانی کە لەو سەردەمەی ژیاون و ئەوانن کە خودی شارستانییەتەکەیان دروست کردووە، بوونی نییە! لە ڕۆمانەکانمدا، دیوێکی مێژووم نووسیوەتەوە، نەک ھەموو مێژوو. تێڕامانم لە مێژوویەک، ڕوانگەم لە ئاستی ڕووداوی ئەو مێژوودا ھێناوەتەوە. مێژووی ڕاستی سەردەمێکم دەقاودق زیندو نەکردۆتەوە. وەک ڕۆماننووسێک، ئەمە ئیشی من نییە. جاری وەھاشە، دەبیستم، ئەمەش ھەر لەبەر ئەوەی ژنە ڕۆماننووسم، پێم دەڵین، ھەموو دەقەکانی لەسەر ژنن. ڕۆمانەکانم باسی ھەموو مرۆڤێک دەکات. پیاو وەک ژن جێی خۆیان ھەیە. پاشان ئەوە پێویستیی ڕووداوەکانە کە کەسایەتییەکی سەرەکی ژن بێت یان پیاو، یان منداڵ. خۆ شاڕڵ دیکنز کە ” ئۆلیڤەر تویستی” نووسیوە، منداڵ نەبووە، پیاوە! ژاک لەندن ”دان چەرمۆ”ی نووسیوە، کە باس لە ئاژەڵێکی نیوچە سەگ و نیوچە گورگ دەکات!
پانتایی ڕۆمان بریتی نییە لەوەی تەنھا پیاو، یان ژنی تێدا بەکار ببرێت. نووسەر باس لە پێکھاتەی کۆمەڵێک، یاخود شارستانییەتێک دەکات، کە گرنگە ھەموو ڕەگەزی مرۆڤ و بوونەوەرێکیشی تێدا بێت. لە ”بەسەرھاتەکانی خەزنە مەملووک” بۆچوونێکم لەبارەی مێژویەکی کۆیلایتییەوە ھێناوەتەوە و کەسایەتی سەرکیش پیاوە، خودی گێڕانەوەکەش بە زمانی پیاوە. لە ”شەوانی ئادەم” کەسایەتی سەرەکی ئادەم و مەردۆخ و ژینۆ و سەکینە و بێڤەرە، کەسایەتییەکی نێرەمووکیشی تێدایە. لە نەوەکانی مادایی کۆمەڵە خەڵکێکن، ژن و پیاو و منداڵ. بەدەر لەوەی، ئەمانە ڕێگەر نین لە لێکدانەوەی ھەندێک کێشەی کۆمەڵایەتی و وجودیی و فیکریی، کە پێویستیان بە چوونەوە سەر مێژووییەکی تایبەتی خەڵکانێک، شوێنێک، ھەیە و لەو ڕوانگەیەوە لێکی بدەینەوە، وەک ئەوەی ”لە بەرزایی شوراکان”دا ھاتووە. ئەو جۆرە کارکردنە پێوستییە، دەستکرد نییە.

لە ساتی گێڕانەوەی چیرۆکی ھەردوو ڕۆمانی (خەزنە مەملوک و بەرزایی شوراکان)دا زۆر بە وردیی کار لەسەر کێشە بەردەوامەکانی ئینسانی ئێمە دەکەیت. پێت وایە مرۆڤی ئێمە بەردەوام گیرۆدەی کۆمەڵێک گرێی دەروونی تایبەتە، کە خۆشی شەرم لە باسکردنیان دەکات؟ لێرەشەوەیە کە تاکی ئێمە خاوەنی زیاتر لە دەموچاوێک و کەسێتیەکەو بەردەوام بە چەندین ماسک ڕوخساری داشارێتەوە. دەمەوێت بپرسم، تۆ دەتەوێت چۆن لەم بابەتە بڕوانی؟ تا چەند ڕۆمان دەست و پەنجە لەگەڵ کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی مرۆڤدا نەرم دەکات؟

بەیان سەلمان/ مرۆڤ لە ھەموو جێیەک دروستکەری ژیانە. ڕووی ئەودیوی خودی ژیانە. کە دەڵێین ژیان پڕ لە نێھنی و ھێما و کۆدە، واتە مرۆڤ ڕوویی ئەودیوێتی. لەبەر ئەوەی ئەقڵ و بیرکردنەوە و زمانی دەربڕینی پێیە. واتە، بوونەوەرێکی ئاڵۆزە، خاکیترین تاک، بێ ئاڵۆزیی نییە. لەلای خۆمان و لە ھەموو شوێنێکی دنیاش، مرۆڤ سەدان کێشەی دەروونیی ھەیە. جیاوازیی لە نێوان ئێرە و ئەوێ، لە جۆری شاردنەوەیەتی. چونکە کەسی نەخۆش ھەوڵ دەدات کێشە دەروونییەکانی بشارێتەوە، ئەوە ئەگەر ھۆشی پێیان ھەبێت. ئەو دەمامکانەی ئاماژەشی پێ دەکەیت، لەو ڕاستییەوە ھاتوون، کە مادەم مرۆڤ زمانی دەربڕینی ھەیە، کەواتە پێویستی بە ماسکە و بەکاریان دەبات، دەنا ناتوانیت ژیانی رۆژانەی بەسەر بەرێت. بگرە بێ ماسک لە دۆزەخدا دەژی. بێگومان دەمامکەکان بە ڕووی ئیجابی و سەلبی جودان. خەزنە دەمامکی شەرم و نەخوێندەواریی بەکار دەبات، تاکو لە دەسەڵاتی زۆرداران خۆی رزگار بکات. خاوەنەکەی دەمامکی چوونە مزگەوت بەکار دەبات، تاکو بازرگانەتێکەی ھەر لە گەشەدا بێت. لە ”بەرزایی شوراکان” ئەو کەسانەی لاقەی زەکیە دەکەن، گشتیان، رۆژانە ماسکیان ھەڵگرتووە و دواییش ئاسایی بۆ سەر ئیشی خۆیان دەچن. لە ”شەوانی ئادەم” پیاوەکانی ناو کۆشک گشتیان ماسکەکانیان لاداوە، بۆیە چیتر ناتوانن لە ناو کۆمەڵ بژین و لە چۆلەوانییدا جێی خۆیان دەکەنەوە. ئەوە کۆمەڵە کە ماسکی ھەمە جۆر دەسەپێنێتە سەر خەڵک. ڕۆمان ئیشیش لەناو ئەو دوو فاقەی ئاڵۆزیی کەسایەتییانە دەکات، کە کۆمەڵێک پێک دەھێنن، یاخود تاکێکی لێ بەرھەم ھاتووە.

زۆر جار باس لەوە دەکرێت، کۆتای ڕۆمانەکانت کۆتای کراوەن و ھەمیشە کەمتر خۆت لە چارەسەری کێشەی کارەکتەرەکانت دەدەیت، بەجۆرێک کۆتاییەکان بۆ خوێنەرەکانت جێدێڵیت، تا چەند ئەم بۆچونە ڕاستە؟ ئەمە بە مەبەست دەکەیت یان نا، ئەوە تەنھا بۆچونی خوێنەرەو کاری ڕێکەوتە؟

بەیان سەلمان: من دیسان دێمە سەر ژیان. دەڵێم بەرابەر بە مردن کە دۆخێکی داخراوە، ژیان تەواو کراوەیە. ئیتر بەو شێوەیە ئیش لە ڕۆمانەکانم دەکەم. تا ئەو جێیەی کە ”کۆتاییەکانی”، ھەر وەک لە ژیانی ڕاستیدا، کراوە بێت و لە شوێنێکدا، کە ئێمە نازانین بەرەو کوێیە، ناشزانین لە کەیە، واتە کاتیشی نازانین، ئەوە مرۆڤەکان بڕیاری خۆیان دەدەن، ھەر وەک ڕاستیی لە ژیاندا. ئێمە ناچین بڕیار بۆ کەسێک بدەین چی بکات. ڕۆمان چیرۆکی کۆن نییە، تاکو زەمانی شازادە و کچە پاشا بگێڕێتەوە، کە کۆتاییەکەی بە ”ھەپی ئێند” تەواو دەبێت و ”ھەموو بە یەک شاد دەبنەوە”! ڕۆمان خودی پێناسەی ژیانە، ڕۆماننووسیش بە زمانێکی تایبەت ڕووداوەکانی دەگێڕیتەوە. ئەوە لەگەڵ بۆچوونی خوێنەری ھەمەجۆریش دەگونجێت. لەوانەیە خواستی خوێنەری زۆر سادە نەپێکێ، کە ھەمیشە بەدوای چارەسەر دەگڕێت. دە بپرسین: کێ چارەسەری ڕاستیی لەلایە؟ چارەسەر خۆی بریتیە لە چی؟ ئەوەی کەسێک بە چارەسەر دای دەنات، یەکێکی دیکە بە سەرچاوەی کێشە سەیری دەکات. واتە ئێمە لێرە، لە بەرامبەر دۆخێکی ڕێژەیین ”نسبی”.

باس لەوە دەکرێت لە ئێستاداو دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی (شەوانی ئادەم) کار لەسەر ڕۆمانێکی نوێ دەکەیت. دەکرێت ھەندێک زانیاری گرنگ دەربارەی ڕۆمانەکە و بیرۆکەکەی بە خوێنەران بدەیت؟

بەیان سەلمان: ھەڵقوڵانی نەوت لە سەدەی ڕابردوو، لە گوندەکانی سەر بە کەرکووک، دەرکردنی خاوەن عەردەکان، شیرازەی بنەماڵەی باجە و مێژووی کوردیش لە ناوچەکە، بەرە بەرە ھەڵ دەوەشێتەوە. لەو ڕۆمانەدا، تا قوڵایی بنچینەی شار و پێکھاتەکانی دەچین. چۆن سەیری بەردەوامبوون لە شوێندا دەکرێت؟ خودی شار موڵکی کێیە؟ مرۆڤی ھۆشمەند ئەوەیە کە پلەیەکی بەرزی خوێندەواریی ھەیە، یاخود کەسێکی ئەقڵانییە؟ لەھەناوی ئەو مێژووە پڕ ئازارە، لە ڕێگای چارەنووسی (باجە گەورە)، بێ ئەوەی زۆر جێ گۆڕگێ بکات، چەرخی ڕووداوەکان دەسوڕێت. ئەو گەورە-کچە نەخوێندەوارە، باش دەزانێت، لە ھەر قۆناغێکی ژیانی، کە بە ھەڵسەنگاندنی مێژوویی و سیاسیی و فیکری کەسایەتییەکان گرێ دراوە، جڵەوی کەسایەتی خۆی و ئەوانەی بە دەوریشییەوەن، بگرێتە دەست. کۆمەڵێک کەسایەتی زۆر لە دەوری (باجە)ن. ئیشکەرەکانی ماڵەکە، (سپاردە)، (دەوڵەت) کە لە ھەرزەکارییەوە لەو ماڵەیە و جێی متمانەیەتی، خزم و کەسەکانی، ھاتوچۆکەرانی دیوەخانەکەی. ئەگەر دیوەخانەکەی بە پێی سەردەم ھەر لە شوێن خۆیەتی، ئەوە دۆخی کەسەکان و ڕووداوەکان نییە، کە ھەمیشە لە گۆڕاندان. کاتی خۆی، چوار کچ دەچنە لای باجە؛ لەم سەردەمەی ئێستاش، چوار کچی جیاواز کە پڕ پەنھانیین و جێی گومانن دەچنە لای. لە ھەردوو سەردەمدا، ئەو کچانە چییان لەبن سەرە؟ ڕۆژێکیان، داستان، خوشکەزای باجە، بۆ وڵات دەگەڕێتەوە. ئەو ھاتنەوەیە ڕووداوی زیاد لە نیو سەدە زیندوو دەکاتەوە. داستان بەدوای خۆشەویستەکەی (سپاردە) وێڵە. نەبوونی ھیچ ھەواڵێکی، نھێنیی چی شاردۆتەوە؟ قین و خۆشەویستی، چ ئاکامێکیان لێ دەکەوێتەوە؟ لە ڕێگای باجە، چارەنووسی ھەموو کەرکووک، لە ناو ئەو ڕۆمانە نوێییە. چارەنووسێک، کە ھەتا بڵێی لایەنی بەھێزیی دەرەخات، ھاوکات ناسکییشیی، واتە ھەمیشە جێی گرەوە.

سازدانی: شاخەوان سدیق

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.