هۆکار زۆر من لێرە باس لە یەک هۆکار دەکەم
لە ٢٠٠٤ رێگەم کەوتە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری ئەدلاید لە ئوسترالیا، کە ناسراوە بە مزگەوتی ماریۆن. ئەمن چووبووم بۆ بەدەستهێنانی چەند سەرچاوەیەک، وەک کتێبەکانی سەید قوتبو قەرەزاوی، چون بیستبووم لەوێ دەستدەکەون. کاتێک کە چوومە مزگەوتەکە دیتم خوتبە دەخوێنرێتەوە، منیش بە هەلمزانیو دانیشتمو گوێم لە مەلاکە گرت کە بە ئینگلیزیو عەرەبی بە تێکەڵاوی خوتبەی دەخوێندەوە. کاتێک کە گوێم لە مەلاکە دەگرت تەماشای دەوروبەری خۆم دەکردو لەخۆم دەپرسی ئەی خوایە ئەوە ئێرە ئوسترالیایە یان ئەفغانستانی تاڵیبانە. لە خوتبەکەدا مەلاکە دەیانجار هەرچی کریستیانو جولەکەی ئەم دنیایە هەیە بەلەعنەت دەکردو بە سەرچاوەی دواکەوتوییو دابەشکردنو شەڕو پێکدادانو خوێنڕشتنەکانی دنیای موسڵمانانی دادەنا.
جارێ ئەگەر ئەوەش قەبوڵبکەین کە وڵاتە رۆژئاواییەکان لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمو سەرەتای سەدەی بیست هۆکاری دابەشکردنی وڵاتانو دنیای موسڵمانان بووبن بەڵام
(١) ئەوان ئەو کارەیان نە وەک هێزێکی کریستیانی کردوە نە وەک جولەکە بەڵکو ئەوروپاو رۆژئاوا لەو ئانوساتانەدا تەبەنی سێکولاریزمیان کردبوو.
(٢) خۆ ئەگەر ئەوان ئەو کارەشیان کردبێت، بۆ دەبێت هەرچی کریستیانو جولەکەی دنیا هەیە تاوانباربن لەو کارەدا؟
(٣) ئەم گوتارە جەوهەرگەراییە کە دەیەوێت لە بنەڕەتدا کریستیانەکانو جولەکەکان تاوانباربکات بە نەهامەتییەکانی موسڵمانان گوتارێکی ئایدیۆلۆجییەو هیچ راستی تێدا نییە، وەک ئەوە وایە کە موسڵمانان هەموو تاوانباربکرێن بە تیرۆریزم لەبەر ئەوەی هەندێک موسڵمان تیرۆریستن.
پرسیار ئەوەیە کێ لە پشت ئەم مەلا دڵڕەشو ڕقڕێژو دەم بەکەفانەوەیە. دیارە بەدڵنیاییەوە یەک لایەن نییە کە لە پشت ئەم گوتارەو گوتاری هاوشێوەی ئەمە بێت لەسەرتاسەری دنیای موسڵمانانو دەرەوەی موسڵمانان، بەڵام با هەندێک بەدوای یەکێک لەو سەرچاوانەدا بگەڕێین. ئەمە هەر بۆ نمونەیە، لەم رۆژانە بە رێکەوت راپۆرتێکی رێکخراوێکی ناحکومی ئەمریکی بەناوی خانەی ئازادی (Freedom House) بەرچاوکەوت.خانەی ئازادی دەزگایەکی سەربەخۆیەو پشتیوانی لە ئازادی رادەربڕین دەکات. لە راپۆرتەکەیاندا چەند توێژەرێک بەوردی لێکۆڵینەوەیەکیان لەسەر ئەو کتێبو بڵاوکراوانە کردوە کە سعودیە بەخۆڕایی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا تا ٢٠٠٤ بەسەر مزگەوتەکانی ئەمریکادا دابەشیان کردوون. ئەنجامەکانی توێژینەوەکە لەو راپۆرتەی کە باسی دەکەم بڵاوکراوەتەوە، کاتێک ئینسان بیخوێنێتەوە سەری دەسوڕمێ لەو دەقو پەیامانەی کە لەنێو ئەو کتێبانە نوسراونو لە دنیادا بڵاوکراونەتەوە.
ئەگەر ئەوە بەبیرخۆمان بێنینەوە کە سعودیە تا ئەم ساڵانەی ئەم دواییە ٢١٠ سەنتەری بەناو کەلتوریو ١٥٠٠ مزگەوتو ٢٠٠٠ قوتابخانەی بۆ “پەروەردەکردنی” منداڵانی موسڵمانان لە ئەوروپاو ئەمریکاو کەنەداو ئوسترالیاو ئاسیاو ئەفریقا دروستکردوەو کتێبی هاوشێوەی ئەو کتێبانەی کە توێژینەوەکەی خانەی ئازادی لەسەرکراوە، بەسەر ئەوانیشدا دابەشکردوە، ئەوسا تێدەگەین کە بکوژانو تیرۆریستانی پاریسو هەموو ئەو موجاهیدانەی لە رۆژئاواوە دێنو لە سوریاو عێراق “جیهاد” دەکەن لە کوێو بەپارەی کێ دەرسی جیهادیزمو ڕقو قینە دەخوێنن. وەک لە راپۆرتەکەی خانەی ئازادی هاتوە، لە یەکێک لەو کتێبانە کە لەسەر بەرگەکەی نوسراوە لەلایەن حکومەتی عەرەبستانی سعودی چاپکراوەو لەلایەن باڵوێزخانەی سعودیە لە واشنتن دابەشکراوە، نوسراوە: “ئەمریکا مەڵبەندی کافرەکانە” و داوا لەو موسڵمانانە دەکات کە ئەو کتێبە دەخوێننەوە “هاوڕێیەتی کافرەکان نەکەن؛رقتان لێیانبێتەوە لەبەر ئەو دینەی کە هەیانە؛ بەجێیانبێڵن؛ هیچ کاتێک پشتیانپێمەبەستن بۆ یارمەتی؛ قەت حەزیان لێمەکەنو هەمیشە لە دژیان بن لە هەموو شتێک، وەک یاساکانی ئیسلام بۆتانی دیاریکردوە.” کتێبەکە درێژە بە “رێنماییەکانی” دەداتو دەڵێت: “ئەم شتانە ئیجماعی موسڵمانانی لەسەرە، هەر کەسێک یارمەتی بێباوەڕان بدات لە دژی موسڵمانان، جا یارمەتییەکە هەر شتێک بێت، ئەوە بەخۆی بێباوەڕ دەبێت.”
لێرە رۆڵی مزگەوتو قوتابخانەو سەنتەرە دینییەکانمان بۆ دەردەکەوێت لە بڵاوکردنەوەی فکری تەکفیریو جیهادیو شوشتنەوەی مێشکی گەنجان. هەر لێرەشەوە سەرەداوای سەرچاوەی ئەو گوتارو پەیامە پڕڕقو قینانەشمان دەستدەکەوێت کە مەلاکەی مزگەوتی ماریۆن لە ئەدلاید، وەک نمونەیەک، هەڵیدەڕشتن بەسەر هاتوچۆکەرانی مزگەوتەکەو گوێگرانی خوتبەکەی.
دوای دەرچوونی راپۆرتەکەی خانەی ئازادیو هەندێک راپۆرتی دیکە لە کۆنگرێس لەسەر ئەو مزگەوتو سەنتەرو قوتابخانانەی کە سعودیە پارەی بۆ تەرخانکردون، واپێدەچێت کە ئەمریکا بڕیاریدابێت دەستبەسەر ئەو کتێبو بڵاوکراوانەدا بگرێتو بیانفەوتێنێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەگەر ئەو دەقو پەیامانە لەسەر رەفەکانی کتێبخانەی ئەو مزگەوتو قوتابخانەو سەنتەرانەش لادرابن ئەوە هێشتان لەسەر لاپەڕەکانی ئینتەرنێت هەنو گەنجانی موسڵمان لە هەموو دنیادا دەستیانپێڕادەگات. هاوکات، ئەم دوو نمونەیەی کە بۆم باسکردن نیشانماندەدات کە مزگەوت وەک دامەزراوەیەک چۆن دەتوانێت رۆڵێکی نێگەتیڤ ببینێتو ببێتە بێشکەی ئینسانی توندڕەوو موجاهید ئەگەر رێگەبدرێت کە گوتاری پڕقینو ژەهراوی تێیدا بە گوێی گەنجاندا ڕابگەیەنرێت.
بۆ شەیرو بڵاوکردنەوەیە