بەحوکمی ئەوەی کە بەڕێزت بەبنەما لەسەر ئەمری واقیعی بێت یان هەر شتێکی دیکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان‌و بەرپرسی یەکەمی لە دەسەڵاتی جێبەجێکاری لە هەرێمدا، بۆیە بەچاکمزانی لە پەیوەند بە نامەکەی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان کە لە ١٩/٣/٢٠١٦ بۆ تەحسین یازار وەزیری وزەی تورکیا ناردوە چەند پرسیارێکت لێبکەم.
بەڕێز بارزانی سەرەتا دەمەوێت بزانم داخۆ جەنابتان ئاگاداری ناردنی نامەکەو ناوەڕۆکەکەین یان نا؟ ئەگەر ئاگادارن دەمەوێت بزانم کە بۆ تا ئێستا بێدەنگن‌و بڕیاری لێکۆڵینەوەو لێپێچینەوەتان بۆ وەزیری ناوبراو و سەرۆکەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی، دەرنەکردوە؟

بەڕێز بارزانی بەپێی ئەو پەیامەی کە جەنابت لە ٩/٦/٢٠١٦ دا بڵاوتکردۆتەوە لەسەر پلانی ڕیفۆرمی ئابوریی لە حکومەتی هەرێم دەبوایە لانیکەم لەو مێژووە بەدواوە ئیدی حکومەت بەگشتی‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەتایبەتی کارەکانیان شەفافانە ئەنجامبدەن. بۆ بەبیرهێناوە بەشێک لە ناوەڕۆکی ئەو پەیامەی کە بەڕێزت لەو پەیوەندە بڵاوتکردبۆوە لێرە دەنوسمەوە. جەنابت لە پەیامەکەت نوسیبوت کە “حكومه‌تی هه‌رێم له چوارچێوه‌ی پڕۆسه‌ی چاكسازی و شه‌فافیه‌ت و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی و زیادكردنی داهات له‌ماوه‌ی ڕابردوو نزیكه‌ی ٤٠ بڕیاری ده‌ركردوه، به‌شێكی زۆری ئه‌م بڕیارانه تایبه‌تن به شه‌فافیه‌ت و ڕێكخستنه‌وه‌ی كه‌رتی نه‌وت، بۆیه به‌لامانه‌وه گرنگه خه‌ڵكی كوردستان ئه‌نجامی بڕیاره‌كان ببینێت و چاكسازی بنەڕه‌تی له وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان ئه‌نجام بدرێت.” هەر لە پەیامەکەدا بەڕێزت ئەوە دەخەیتەڕوو کە “له ڕێكه‌وتی ١٧/٤/٢٠١٦ بڕیاری هه‌رێمی ژمارە(٤)ـمان ده‌ركردووه كه سه‌رجه‌م داموده‌زگای هه‌رێم ده‌رگاكانیان بۆ دیوانی چاودێریی دارایی هه‌رێم بكه‌نه‌وه و زانیاری و داتای پێویستیان بخه‌نه به‌رده‌ست له ناویشیان ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به‌داهاته‌كانی نه‌وت و شه‌فافیه‌ت له‌م سێكته‌ره گرنگه” (بڕوانە ئەم لینکە: http://www.presidency.krd/kurdish/nprint.aspx?id=sh36cLfZvZI= ).
ڕاستە نامەکەی ئاشتی هەورامی پێش نوسینی پەیامەکەی بەڕێزت ڕەوانەکراوە بەڵام جەنابتان پێش ناردنی نامەکەی ئاشتی هەورامی لە ١٠/٢/٢٠١٦ دا، واتە ٤٠ ڕۆژ پێشتر، بەبڕیارێک جەختت لەسەر چاکسازی لە حکومەتدا کردوە (بڕوانە ئەم لینکە: http://www.presidency.krd/kurdish/articledisplay.aspx?id=pAh/DFMFCOU=).
بەڕێز بارزانی بەئیزافەی ئەو پرسیارانەی کە پێشوتر خستمەڕوو، لێرە دوو پرسیاری دیکەی گرنگ خۆڕاپێشدەکەنو حەزدەکەم لە جەنابتیان بکەم، پرسیاری یەکەم ئەوەیە، ئەگەر جەنابت وەک هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئاگاداری نامەکەو ناوڕۆکەکەی نین، ئەوە دەمەوێت بزانم داخۆ جەنابت لە خۆت ناپرسی کە چۆن دەکرێت کەسانێک بەبێ ئاگاداری بەڕێزت سامانی هەرێمێک هەڕاجبکەنو سەروەرییەکەی پێشێلبکەن؟ ئەمەش لەکاتێکدا بکەن کە بەڕێزت بەرپرسی یەکەمی لە پاراستنی سەروەریی هەرێمی کوردستان‌و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی.
پرسیاری دووەمیش ئەوەیە ئەگەر بەڕێزت ئاگاداری ناوەڕۆکی نامەکەیت، داخۆ ئامادەی کە گەلی کوردستان‌و دامەزراوە شەرعییەکانی، وەک پەرلەمان‌و دادگا، لێپێچینەوە لە بەڕێزت بکەن لەسەر ئامادەییت بۆ هەڕاجکردنی سامانەکانی هەرێمی کوردستان‌و خستنەژێر مەترسی سەروەریی هەرێم؟
چاوەڕوانی وەڵامم.
لەگەڵ ڕێزدا
شێرکۆ کرمانج
٢٩/١٢/٢٠١٦

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته به‌نوسه‌ر خۆی