باڵندەی موسافیر

Loading

 

لەچەقی بێ‌ ئومێدییەوە
سڵاو لەتۆ
ئەی باڵندەی موسافیر
تۆ بەو گەرووە تەنگ و بچووكەوە
چ مۆسیقایەك دەژنی
تۆ فلووتی ئاسوودەیی
من مۆسیقای دڵێكی تاریك
تۆ مۆزارتێكی سپی و
من مۆزارتێكی رەش.
تۆ باڵەفڕە لە سەر رۆحی گوڵ دەكەیت
من لەسەر دڕك پەلەقاژێمە
ماڵی تۆ
لەنێوان دوو گەڵایە
گۆڕی من
لە نێوان دوومەمكدایە
من
لەبەرچرایەكدا وشە كوژراوەكان
بەفرمێسكی چاوم دەشۆم.
تۆ لەسەر چڵی چنار دەخوێنی
ئەی باڵندەی موسافیر
پێم بڵێ‌ تەمەنی ئەم سەردەمە بێتامە چەند وەرزە؟
پێم بڵێ‌ رەعنا چەند سەدەی تر لە خەو هەڵدەستێ‌؟
پێم بڵێ‌ كەی متمانە بەراوچی دەكەیت؟
پێم بڵێ‌ كەی خەنجەرەكان كول دەبن؟
پێم بڵێ‌ كەی من و تۆ و رەعنا و خودا
لەسەر یەك سفرە بۆ نۆشینی شەرابی بەختەوەری كۆدەبینەوە؟
پێم بڵێ‌
نهێنی ئاسمانی تەماویم پێ بڵێ‌،
با وەك درەختی پاییز گەڵاكانی
جوانیم هەڵنەوەرێ‌.
با وەك دۆزەخ نەسووتێم.
ئەی باڵندەی موسافیر
تۆ باڵەكانت ئاسمان دەپێوێ‌
من پێیەكانم لە قوڕەلیتەی شارێكدا چەقیوە.
تۆ كە ئارەزووت لێ‌ نەبێت بۆ خوداش
ئاوازێكت نییە.
من بەبێ‌ ویستی خۆم، گۆشتم لەسەر ئاگردانی
خودایەك دەسووتێ‌.
تۆ لە ئاسمان عەشق دەكەیت
من لەسەر زەوی.
تەنانەت بەدزی گەڵاكانەوە
عەشق دەكەم.
من لەزەویم و
تۆ لە ئاسمان
با بەیەك ئاڕاستە بڕۆین
تۆ بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت رێنوێنیم کە
من ئەو راوچییە راو دەكەم كە عەشق كوژە
ئەی باڵندەی موسافیر
وەرە با غوڵامی مۆسیقا بین
مۆسیقا نەغمەی عەشقە
ئاسمان دێنێتە سەما
مۆسیقا سیحرێكە جەنگ
لەنێو ئاوازەكاندا وندەكات.
ئەی باڵندەی موسافیر
هاورێگام بە
تا گەردوون
تا ئەو پەڕی سەراب
تا نێوان ددانە برونزییەكانی یار
تا نێوان ماچ و گاز
تا سپێتی حەقیقەت
تا تاریكی غەم
تا نێو دڵی گیتار.
ئەی باڵندەی موسافیر
من خەمێكم بە كۆڵەوەیە
تا قەرەی قیامەت لێم نابێتەوە.
رۆحم نوقمی سەرابە
خەم دەمكوژێ‌ و
ئومێد زیندووم دەكاتەوە
وەك بیابانێكی خنكاو
جگە لە سەربازەبریندار و
رێبوارە ونبووەكان، كەسێك بەناخی مندا گوزەر ناكات.
لە كولبەی درۆیەكدا گەمارۆ دراوم
پێی دەڵێن ژیان.
ئەی باڵندەی موسافیر
تەنیام و عاشقی نادیارم
تەنیام و یاخیم لە كۆڵانەكانی شار
تەنیام و لەقەرەباڵغیدا گەمارۆدراوم
ئەی باڵندەی موسافیر
ئۆقرە مەگرە لە سەر درەختێك
كە لەو دیوی وەرزێكەوە دەمرێ‌
باڵەكانت پر بكە لەهێز و
بەسەر ئۆقیانووسەكاندا بفڕە
ژیان لێرە سووتانە لەنێو درۆیەكی قەشەنگدا
ژیان لێرە
دەریای خوێنە و وێژدان تێیدا خنكاوە
ژیان لێرە
مردنێكە لە ئێوارەیەكدا
لەدایك بوونەوەیەكە لەكازیوەی خەمدا.
ئەی باڵندەی موسافیر
دەنگی دەهۆڵی جەنگاوەرە خوێن خۆرەكان
كەڕی كردین.
پێم بڵێ‌
چەندی تر بەهاری ئێرە بە ئەندازەی پاییزی
هەسارە ونبووەكان جوان دەبێت؟
ئەی باڵندەی موسافیر
لە گەروومدا ئاوازێك بە زیندوویی نەماوە
هەموو ئاوازەكانیان خنكاند.
وەرە ئەی لە بتهۆڤن خۆش ئاوازتر
وەرە ئەی پاگانینییە شێتەكەی ئاسمان
پرپرم كە لەمۆسیقا
وەرە،
تۆ دەتوانی ئەتڵەسەكان ببڕی
من هەنگاوەكانم لەكۆڵانەكانی شار دەرناچێ‌
بەرۆحێكی سپییەوە
هەنگاو دەنێم بەكۆڵانی تاریكی شاردا
كۆڵانێك تاریك
وەك پرچی رەعنا
كۆڵانێك دەرگاكانی خڕ داخراون
كۆڵانێك تەواوی پەنجەرەكانی پەردە پۆشن
كۆڵانێك ساڵ دوانزە مانگ پاییزێتی
بۆساتێك كەسێك نایاتە بەرپەنجەرە
كەسێك ناپرسێ‌ ئەی ئەو رێبوارەی
لەژیان یاخی بوویت،
بۆ كوێ‌ هەنگاو دەنێیت؟
ئەی باڵندەی موسافیر
تیژبڕۆ
با تیری راوچی نەگاتە سەردڵت
با باڵەكانت نەسووتێ‌.
دۆزەخ سەختە
سەختر ئەوەیە بە دارستانەكانی بەهەشتدا
بەكەلەپچەكراوی بۆ دۆزەخ بتبەن.
ئەی باڵندەی موسافیر
عاشقبوون چەند سەختە
پڕبووم لە سۆز و ئەوین
پڕپڕیان كردم لە حوزن.
ئەی باڵندەی موسافیر
ئەمجارەیان عاشقەكان
خەنجەر لەسەردڵەكان دەچەقێنن
دڵم لەسۆراغی هێلانەیەكدا ونبوو
رۆحم لەژێر پێی پۆستاڵ رەشێكدا تاسا
پێیەكانم بەرێگایەكدا گوزەریان كرد
ئەو سەری تارمایی بوو.
چاوەكانم فرمێسك خنكاندنی
دەستەكانم لەنێوان مەمكی رەعنا بەجێما
سەرتاپام لەگەردەلوولی خەمێكدا نووقم بوو
ئەی باڵندەی موسافیر
تیژ بڕۆ
تێژ بڕۆ
ئێرە دۆزەخە
گیانداری دڵناسك
لەم قەسابخانەیەدا چلۆن دەژی؟
كە بست بەبستی ئاسمانیشی
موڵكی جەللادەكان بن!
لەودیوی مردنەوە
لە پشتی دنیاوە
كولبەیەك هەیە بۆ خەوی رەعنا
باخچەیەك
درەختێك
دیوارێك
بۆ نیشتنەوەی باڵەماندووەكانی تۆ.
ئەی باڵندەی موسافیر
لێرە مۆسیقا دەهۆڵی جەنگە
هاواری رۆحێكی بریندارە
لێرە كۆڵان وەك چاوی كوێرێك تاریكە.
لێرە ئایەتەلكورسی خەنجەرە لە سەر
دڵمان چەقیوە.
لێرە بەژێی كەمانچە مۆسیقا دەخنكێنرێ‌.
پاگانینی لەنێو ئەم كەڕ وكاسانەدا
چەند غەریبە.
ئەی باڵندەی موسافیر
تیژ بڕۆ
با دەنووكت نەشكێنن
مۆسیقای گەرووی تۆ وەرسكەرە بەگوێی عەوامێك
كە عەشقی خوێن و جەنگن.
بڕۆ
گوێ‌ لە ئاوازێك مەگرە
كە خەنجەر بەدەستێك ژێیەكانی
گیتار ئازاردەدا
بڕۆ
زوو بڕۆ
تیژ بڕۆ
با وەكو من لەخەونی رەعنایەكدا
ون نەبی.
بڕۆ
تیژ بڕۆ
لەمەملەكەتێكدا مەژی
كە منداڵێك تێیدا بە خەونی نانێكەوە
سەردەنێتەوە.
لەسەر چڵی درەختێك مەنیشەرەوە
كە پەتی سێدارەی دڵێكی پێوە هەڵواسراوە.
ئەوەندە بەسەر رۆحی رووبارەكاندا مەیە و مەچۆ
چاوەڕوانی گەمەی ماسییەك مەكە
لە سەر ئاگردانی كۆشكی خوداكان
بۆ ئاهەنگی لەدایكبوونی جەللادێك دەبرژێ‌.
بڕۆ
لێرە دڵ هەمیشە قەلغانە بۆ تیری جەللادەكان.
لێرە پەنجەكان مۆسیقا دەخنكێنن.
لێرە گەرووی كانییەكان خوێنی لێ
هەڵدەقوڵێ‌.
لێرە موشەكەكانی جەنگ
منداڵێكی بەحەزی پاسكیلەوە كوشت.
كچێكی بەخەونی ژوانێكەوە كوشت.
لەدەمی كۆڵانێكدا لەودیوی پەرژینێكەوە
ژنێكی لەسەر بەرماڵی ئاشتبوونەوە كوشت.
ئەی باڵندەی موسافیر
بەزەمەنی هەسارەی عەشق
سەدەیەكە
لەبەردەرگای كڵۆم دراوی ماڵی
ڕەعنایەكدا
ئەشك ئەڕێژم
وەنەوز دەدەم و خەیاڵ دەمباتەوە
شەمەندەفەری خەیاڵ
لەپایزێكەوە بۆپایزێكی تر دەمباتەوە.
لێرە
مۆسیقا لەدەنگی موشەكەكانداخنكا.
ڕەعنا لەپایزێكدا بۆ هەمیشە
پەنجەرەی داخست.
لەگەڕەكی جەللادەكان گۆشتی منداڵانی بێلانە
دەبەخشرێتەوە.
مەمكی كچە بێ‌ نازەكان
سەرینی جەللادەكانە.
تیژ بڕۆ
لەنێو ئەم تەم و مژەدا مەفڕە.
بەسەر ئاسمانێكدا مەفڕە
كە سوور سوورە بەخوێنی ئەو دڵە پاكانەی بەناحەق دوولەت كران.
باڵندەی موسافیر
بەلای گشت دارچنارەكاندا گوزەرم كردو و نەیانهێشت
لێوم بەر ڕوومەتی گەڵایەك بكەوێ‌
ئای دار چنارەكان
گشت تەمەنی من ڕوانینە لە ئێوە
جوانیەك و ئازارێك و جادوویەك
لە هەموو دارچنارەكاندا دەبینم.

باڵندەی موسافیر
بڕۆ
لەسەر چڵی دارچنارەكان مەنیشەرەوە
باوەكو من جادووت لێ‌ نەكەن
نەتكەن بەهەڵم.
تیژ بڕۆ
بەناو ئاسمانێكدا مەفڕە
كە من و ڕەعنا و دار چنارەكان
لەژێریدا لەم پاییز بۆ ئەو پاییز
زەمەن دەكوژین.

باڵندەی موسافیر
دڵم لە زەردەپەڕێكدا سووتاو
لەكازیوەیەكدا خۆڵەمێشەكەی
بەسەر دارچنارەكاندا باری
ڕەعنا لەوكاتەدا
لەژێر چەترێكەوە
هێدی هێدی بۆ ژوانگەی دڵێکی دی دەچوو.
دایكم لە پاش هەڵوەرینی پانزەهەمین جاری

گراس و ژن و کوندەپەپوو
گراس و ژن و کوندەپەپوو

گەڵاكانی درەختەوە
لەنێو بێدەنگیدا گەمارۆ درابوو
كەچی ئەو كازیوەیە
بۆ سووتانم
دەنگی لای لایەی گشت
درەختەكانی غەمگین كرد.
بڕۆ تیژ بڕۆ
ئێرە ماڵی حوزنە
كازیوەیەك ئومێدێكی چكۆلەم بوو بەخۆڵەمێش
كازیوەیەك دایكم بەبێ‌ ویستی خۆی بەجێی هێشتم
كازیوەیەك ڕەعنام لێ‌ ونبوو
كازیوەیەك دارچنارەكانی خەیاڵمیان
بڕییەوە.
كازیوەیەك دڵم وەك سێوێك لەتكرا.
ئەی باڵندەی موسافیر
كۆڵان بارانە
ژنێك بەكراسی ئاوییەوە
لەژێر باراندا هەنگاو دەنێ‌ و
لەدرەخت دەڕوانێ‌ و دەڵێ‌
منیش وەك تۆ ڕووت و ڕەجاڵم
باران تەڕم دەكات و
دڵی سیسبووم ڕەشەبای زوڵم
بەكۆڵانەكاندا دەیبا ودەیهێنێت.
من
لەبەلەكۆنەی خەیاڵێكەوە
گۆرانیم بۆ ڕێحانە دەگوت
دایكم لەودیوی كاتژمێرەكانەوە بەخودای گوت
بۆچی ملی من تاڵە
دەزوویەك بێت لەبەردەم چەقۆدا.
باران دەبارێ
كۆڵان ڕێگایەكی خوساوبوو.
كۆتاییەكەی سەرەتایەك بوو
كۆڵان لەژێر نمەنمەی باراندابوو
من لەیادەوەری دارچنارێكدا
بەلای گشت دارچنارەكاندا گوزەرم كرد
ئەوە من بووم هەلاهەلایان كردم
كە گریام چاویان دەرهێنام
كە عاشق بووم دڵیان دەرهێنام
كە بەئاسماندا فڕیم باڵیان شكاندم
كە گۆرانیم گوت زاریان قرتاندم
كە گوێم لەمۆسیقا گرت كەڕوكاسیان كردم
كە لێوم بۆ ماچێك برد
كردیان بەكانی خوێن
كە دارچنارێكم خۆشویست
بەباڵایدا هەڵیان واسیم.
باڵندەی موسافیر
بڕۆ بڕۆ
ئەم زەلكاوە بەجێبهێڵە
تا باڵیان نەشکادووی
بفڕە بۆ گوڵستانێك دوور لێرە
تا چاویان دەر نەهێناوی
بڕۆ لەو دیوی ئاسمانەوە
لەئەستێرەكان بڕوانە
بڕۆ تا كەڕوكاسیان نەكردووی
گوێ‌ لەسەمفۆنیای هەورە تریشقە بگرە
بڕۆ تا زمانیان نەبڕیوی
ستران بۆ مانگ بڵێ‌
بڕۆ
تا دەنووكیان نەشكاندووی
دەنووك لەدەنووكی مەعشوقەکەی خۆت بدە
بڕۆ
بڕۆ بڕۆ
تیژ بڕۆ
باڵندەی موسافیر
بانەبی بەخۆڵەمێش
ئێرە دۆزەخە