ئەفسانەی لیستەرستی، لە نێو جیهانی ڕاستەقینەی تۆپی پێدا

بڵند جاف

445
1865778_orig-1
ئۆزڤاڵدۆ باگنۆلی ڕاهێنەری هێلاس ڤیرۆنا، لەسەر شانی هاندەرانی یانەکە، دوای بردنەوەی نازناوی خولی ئیتاڵی.

وەرزی 1984-85 یانەیەکی بچووک، هەموو ئیتاڵیای تووشی شۆک کرد. لە سەردەمێکدا کە یوڤانتووسی پلاتینی، ناپۆلی مارادۆنا، ڕۆمای فالکاو، ئینتەرمیلانۆی ڕۆمینگێ و ئۆدێنیزی زیکۆ، سەرکردایەتی خولی سیریاA یان دەکرد، هیچ هاندەرێکی خولەکە بە خەیاڵیدا نەدەهات، یانەی هێلاس ڤێرۆنای شاری ڤێرۆنا لەگەڵ کۆمەڵێک یاریزانی نەناسراو و ڕاهێنەرێك کە هەموو تەمەنی لە ژێرزەمینەکانی تۆپی پێی ئیتاڵیا بەسەربردبوو بتوانێت نازناوەکە بباتەوە.

هیلاس ڤیرۆن بە سەرکردایەتی ئۆسڤالدۆ باگنۆلی ڕاهێنەر و هێڕشبەری دانیمارکی پرێبێن لارسۆن و بەرگریکاری ئەڵمانی بە توانا هانس پیتر برێگێل، لە یانەیەکی بچووکەوە کە تەنها لەگەڵ دۆڕاندا ناوی دەهاتە سەر زاری هاندەران، هەستایە سەرپێ و هەموو ئیتاڵیای ناچارکرد کە بە ڕێز و ستایشکردنەوە ناوی بهێنن.

دوای چەند ساڵێك، لە جێگەیەکی دیکەی ئەورووپا، یانەیەکی بچووکی دیکە، توانی نازناوی پریمەرلیگ بباتەوە. پاڵەوانی ئەمجارە، یانەی بلاکبورن ڕۆڤێرزی شاری بێرمینگهام ستی بوو. کاتێك وەرزی 1994-95 لەگەڵ هەردوو ئەفسانەی ئینگلیزی، ئالان شیرەری یاریزان و کینی دالگلیشی ڕاهێنەر، یانەکە توانی بەسەر ناوی گەورەی وەکوو مانچستەریۆنایتد، لیدزیۆنایتد و لیڤەرپووڵدا سەربکەوێت و چیرۆکێکی دیکەی ئەفسووناوی لە مێژووی تۆپی پێدا تۆمار بکات.

لە نێوان نازناوەکەی هیلاس ڤێرۆنا و بلاکبورن ڕۆڤێرزدا، خاڵی هاوبەش زۆر بوو، هەروەها شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەیش زۆر بوو. هاندەران، چاودێران و پسپۆڕان، بە دوای وەڵامی لۆژیکیدا دەگەڕان بۆ پرسیارگەلی وەک: ئاخۆ چۆن یانەیەکی بچووک توانی بەسەر هەموو گەورەکانی  خولەکەدا سەربکەوێت و نازناوەکە بباتەوە؟؟!! ئاخۆ ئەو دەستە نهێنییە چی بوو وایکرد کە ئەم یانەیە بە ئەقڵیەتی تیپێكی گەورەوە بچێتە نێو یاریگاوە؟؟!!

پرسیارەکان زۆر بوون، لێ وەڵام و لێكدانەوەکان هێندەی پرسیارەکان قووڵ نەبوون، چوونکە هاندەران وەک پیشەی هەمیشەییان لە نێو دنیای تۆپی پێدا، ناویان لێنا جادوو و سحری ڕاهێنەر و یاریزانەکان. لە بەرامبەردا، چاودێر و پسپۆڕەکان بە زمانی تایبەتی خۆیان لێکدانەوەیەکی تەواو جیاواز، بەڵام هێشتا ڕووکەشیان بۆ دیاردەکە کرد. هەندێکیان پێیوابوو، داوەری یارییەکان بۆ یەکەمجار لە بەرژەوەندی تیپە گەورەکان، زوڵمیان لە  دوو پاڵەوانە بچوکەکە نەکرد، بەڵکوو، لە هەندێک یارییشدا، یارمەتیدراون و بەجۆرێک کە بڕیارەکانی داوەر، لە بەرژەوەندیاندا بووە. بەشێکی دیکەی ئەو پسپۆڕانە پێیانوابوو: “نەخێر ئەم یانانە خۆیان بەهێز بوون و شایستەی نازناوەکە بوون، بەڵام ئەمە لەوە کەم ناکاتەوە کە یانە گەورەکانیش لە ڕۆژی خۆیاندانەبوون، بۆیە ئاسۆی سەرکەوتنیان هەر لە سەرەتاوە ڕوون بووە.

لە کۆتایدا، هاندەر و بینەر، پسپۆڕ و لێکۆڵەر، هەموو باوەڕیان بە پەرجوو هەبوو، بۆیە، وتیان، هەبێ و نەبێ ئەمانە ئەفسانەن و هەرگیز لە واقعی یارییەکەدا هەموو ڕۆژ ئەم دیاردانە دەرناکەوێت، بۆیە سەرکەوتنەکانیان بە پەرجوویەکی ئیلاهی لەقەڵـەمدا.

Blackburn-title-win
ئاهەنگ گێڕانی تیپە ئەفسانەیەکەی بلاکبورن ڕۆڤێرز، دوای بردنەوەی نازناوی خولی ئینگلیزی بۆ وەرزی ١٩٩٤-٩٥

دوای نزیکەی ٢٠ ساڵ لە ڕوودانی دواین پەرجوو لە دنیای تۆپی پێی ئەورووپیدا، ئەم وەرزە، دیسان لەگەڵ یانەی لیستەرستی، هاندەرانی تۆپی پێ، چیرۆکێکی ئەفسووناوی دیکەیان ئەزموون کرد، لی ئەمجارەیان، چیرۆکەکە بینەری زیاتر سەراسیمە کرد، چوونکە ئەمڕۆ لەسەردەمێکدا دەژێین کە پارە و دەسەڵاتی نەوت، تۆپی پێی کۆنترۆڵ کردووە. لە ئەنجامدا، کەلێنێکی گەورە لە نێوان یانە بچووکەکان و یانە گەورەکاندا دروست بووە، هەر بۆیە ئەگەری ڕوودانی پەرجوو و چیرۆکی هەزارویەک شەوە کەمتر بووەتەوە.

بەهەمەحاڵ، دوای سەرکەوتنە ناوازەکەی لیسەرستی، دیسانەوە پسپۆڕ و چاودێرەکان، هاندەر و بینەرەکان، بە پرسیارە کۆنەکانیانەوە کەوتنە گەڕان بە دوای وەڵام و لێکدانەوەیەکی لۆژیکی بۆ ئەم دیاردەیە. ئەمجارەیان لێکدانەوەکان زۆر واقعیتربوون. هەر بۆیە، تەفسیرگەلێكی وەکوو: کاریگەری بەڕێوەبردنی لەسەرخۆ و هەنگاو بە هەنگاو، هێمنی، فرە ئەزموونی و دانایی ڕاهێنەر، تەندروستی ئەو ژینگەیەی تێیدا یانەکە وەرزەکەی بەسەربرد و تەنانەت کەش و هەوای یاریگاکەشیان بە هۆکاری پشت سەرکەوتنەکان دانا. تەفسیرگەلێک کە کەم تا زۆر، دوور و نزیک، گوزارشت لەو دەستکەوتە دەکەن کە یانەی لیستەرستی بەدەستیهێنا، لێ بەداخەوە، دیسانەوە وەڵامەکان و پرسیارەکان بەشێوەیەک لە شێوەکان لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا هەر وەکوو خۆیان مانەوە و هێشتا پرسیارێکی گرنگ لە سێبەردا خۆی پەنهانداوە، پرسیارێک کە کەسانی بەرپرس لە نێو بوارەکەدا ناوێرن دەستی بخەنەسەر، چوونکە چارەنووسی وەڵامدانەوەی پرسیارەکە، ڕەنگە ببێتە هۆکاری سەرئێشە و خەرجکردنی پارە و کەمکردنەوەی داهاتەکان.

شتێک کە سەرنجی هاندەرانی تۆپی پێ ڕادەکێشێت لە کاتی دروستی ئەم جۆرە دیاردانە، جۆر و کوالێتی ئەو یاریزانانەیە کە دەبنە هۆکاری سەرکەوتنەکە. بە مانایەکەیتر، هەمیشە نەناسراویی و بچووکی ناوی ئەو یاریزانانەی کە دەبنە هۆکاری دروست بوونی چیرۆکێکی ئەفسووناوی لەم جۆرە، هەمیشە هاندەران تووشی شۆک دەکەن، چوونکە هاندەری تۆپی پێ ڕاهاتووە بەوەی سیفەتی سەرکەوتن ببەستێتەوە بە ناوی یاریزانی گەورە و ئەستێری پرشنگدارەوە.

هەربۆیە کاتێک لیستەرستی لە کێبڕكێی نازناوەکەدا پێشەنگی گرت، هاندەران یەکڕاست سەرنجیان خستە سەر یاریزانە نەناسراو و لاوەکانی تیپەکە. لێڕەشەوە کانتێ، ڤاردی، محرز و درینکۆتەر.. هتد کەوتنە کەوتنە نێو بازنەی گرنگی پێدانەوە، هەموو بەیەک دەنگ پرسیاری ئەوەیانکرد: کێن ئەم کۆمەڵە هەرزەکارەی کە عەرشێ زلهێزەکانی خولەکەیان هێناوەتە لەرزین؟؟

jamie-vardy-leicester-city-goal-celebration_3373923
محرز، ڤاردی، کانتێ لە یەکێك لە یارییەکانی لیستەرستیدا

ئەگەر تەماشای کاروانی وەرزشی هەریەک ئەم یاریزانانە بکەین، دەبینین هەریەکەیان ئەزموونێکی کەمیان هەیە، چوونکە پێشتر لە ژێرزەمینەکانی دونیای تۆپی پێی ئەورووپادا ژیانیان بەسەربردووە. بۆ نموونە: پێنج ساڵ پێش ئێستا، ڤاردی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی کرێکاری دەکرد، میحرز لە خولی پلە چوار و کانتێ لە خولی پلە هەشتی فەرەنسی یارییان کردووە، کەچی ئەمساڵ، پێکەوە جامی یەکێک لە گەورەترین خولەکانی جیهانیان بەرزکردەوە.

ئەم داتایە، دەرگا بۆ پرسیارێکی گرنگ دەکاتەوە، پرسیارێک کە دەمێکە لەپشتی پەردەوە ماوەتەوە. پرسیاری ئەوەی ئاخۆ چەند ڤاردی، محرز و کانتێ-ی دیکە لە ژێرزەمینەکانی دونیای تۆپی پێدا ماونەتەوە؟؟ ئاخۆ چەند بەهرەی ئاڵتوونی وەکوو ئەم یاریزانانە بەبێ بایەخپێدان ژیانی وەرزشیان بەسەردەبەن؟؟

کاتێک چیرۆکی هەریەک لەم یاریزانانە دەخوێنیتەوە، تێدەگەیت کە جیهانی تۆپی پێ زۆر دڵڕەق و نادادپەرەوەرە لەگەڵ منداڵەکانیدا. هاوکات ئەو بەرپرسانەی کە ئەرکیان ئەوەیە ژینگەیکی تەندروست و کەش و هەوایەکی گونجاو بۆ یاریزان دروستبکەن، زۆر بێ بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ یاریزانە لاوەکاندا دەکەن و لە بری دروست کردنی بوار بۆ گەشەکردنیان، کۆسپ و تەگەرەیان بۆ دروست دەکەن، تاکوو گەورە نەبن.

بۆ نموونە سەرۆکی یانەی مارسیلیا، کاتێك بە هۆی هەندێک کێشەی کارگێری و ئابوورییەوە، ناتوانێت محرز پەلکێشێ یانەیەکی بکات، دژایەتی دەکات، ڕەخنەی ڕووخێنەری لێدەگرێت و دەڵێت: ”زۆر لەوە بچووکترە کە کراسی یانەی مارسیلیا لەبەربکات.” ئەمە لە کاتێکدا جیمی ڤاردی تووشی هەمان کارەسات دەبێتەوە، کاتێک یانەی شێفڵد وێنزدەی یاریزانەکە ڕەت دەکاتەوە، بە بیانووی ئەوەی کە ئەو مەرجانە پڕناکاتەوە کە یانەکە بۆ یاریزانی هێرشبەر دایناوە!!

چیرۆکی کانتێ هەرگیز لە چیرۆکی دوو هاوڕێ یاریزانەکەی باشتر نییە، بەو پێیەی لە سەردەمی لاویدا، کاتێ لە گەڕەکێكی تژێ لە ماددەی بێهۆشكەر و مافیا و کوشتن و بڕیندا گەورە دەبێت کە ئەمەش وا دەکات، زۆربەی هاوڕێکانی بە لاڕێدا بچن و کۆتاییەکی تراژیدییان هەبێت.

بەهەمەحاڵ، کاتێک دێینە سەر باسی کاروانی وەرزشی یاریزانانی تۆپی پێ، هاوشێوەی چیرۆکی ڤاردی و هاوڕێکانی بە بەردەوامی دووبارە دەبێتەوە. بۆ نموونە: ڕۆناڵدۆ و ڕۆناڵدینهۆی بەرازیلی، مێسی و زانێتی ئەرژەنتینی، زێدان و پلاتینی فەرەنسی، هتد… نموونەیەکی کەمی، ئەو یاریزانانە کە لە سەردەمی لاویدا لەلایەن یانەی گەورەی وەکوو ریڤەرپلەیت و فلامینگۆ و ئیندیپێندێنت ڕەتکراوەنەتەوە. 

لێرەدا ئەگەر بێتوو ئێمە، گریمانەی ئەوە بکەین کە ئەگەر بهاتبایە لیستەرستی باوەشی بۆ ئەم یاریزانانە نەکردبایەتەوە و بواری دەرکەوتنی پێنەدابان، ئاخۆ ئێستا لە کوێ دەبوون؟؟، ئاخۆ ئێستا چ کارە بوون؟؟ بەداخەوە بەشێکی زۆری، وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە کە ڕەنگە ئیستا دوور لە بواری تۆپی پێ، ناچارانە سەرقاڵی کارێکی دیکە بونایە. بێگومان ڤاردی هاوڕێکانی لەو قوربانیانەن کە چانس یاوەریان بووە، ئاخر جیهانی تۆپی پێ زۆر دڵڕەقتر و ناشرینتر دەردەکەوێت بەرامبەر ئەو یاریزانانە کە پێکانیان هەیە، کە کێشەیەکی مێنتاڵی یاخود دەروونیان هەیە، چوونکە جگە لە چەند یانەیەکی دەگمەن نەبێت، هیچ یانەیەکی تر لە هیچ جێگا و ئاستێکدا ئامادە نییە یاریزان پەرەوەردە بکات، بەڵكوو یاریزانی ئامادەی دەوێت، تاکوو لە ڕێگایەوە دەستکەوت و داهات بچنێتەوە. ئەمە وادەکات، زۆربەی هەر زۆری یاریزانەکانی تۆپی پێ تووشی چارەنووسێكی خەمناک ببنەوە و جیهان چێژ لە ئاست و ئادایان نەبینێت.

تۆپی پێ، وەرزشێکە پڕە لە کەموکوڕی، بۆیە یاریزانی تۆپی پێ هەرگیز ناتوانێت و ناکرێت کامڵ بێت. ئەمە وا دەکات هەموو یاریزانێک پێویستی بە بەخێوکردن و گرنگی پێدانی تایبەتی هەبێت. گرنگیدان بە پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکان و دەرخستنی خاڵە بەهێزەکانی یاریزانەکە. هەر بۆیە، ئەرکی بەرپرسانی بوارەکەیە بە ڕاهێنەر، سەرۆکی یانەکە و بەڕێوەبەری وەرزشییەوە ئەوەیە کە یارمەتی هەموو یاریزانێک بدەن تاکوو تواناکانی خۆیان بدۆزنەوە.

لیستەرستی لە ژێر کۆمەڵێک هەلومەرجی زۆرەملێی وەکوو لاوازی باری ئابووری و سەرنەکەوتن لە ڕاکێشانی سەرنجی یاریزانی ئاست باش، ئەم کارەی ئەنجامدا. ناچار لە قووڵایی زەریای تۆپی پێدا بە دوای یاقووتەکاندا گەڕا، وە ئەوەی جێگەی سەرسووڕمان بوو، ئەوە بوو کە لە لیستەرستی لە گەڕانەکەیدا هێندە کات و وزەی خەرج نەکرد، بەڵکوو بە شێوەیەک لە شێوەکان، تەنها بە وردبوونەوەیەکی کوورتی سەرپێی لە قووڵایی زەریاکە، توانی کۆمەلێک یاقووتی پرشنگدار بدزۆێتەوە و کۆمەڵێک یاریزانی خاوەن بەهرەی ڕاستەقینە چنگ بخات. هەربۆیە پرسیارەکە ئەوەیە کە ئاخۆ لە قووڵایی ئەم زەریایەدا چەند یاقووتی دیکە ماوەتەوە کە چاوەڕێی گرنگیپێدان و پەروەردەکردنێكی لەو جۆرەی لیستەرستین؟؟!!

لە ڕاستیدا، سەرکەوتنی لیستەرستی، بۆ من هێندەی زەنگی بە ئاگابوونەوەیە، هێندە تەپڵی خۆشی و شادی نییە بە داکەوتنی گەورەکان و هەستانەوەی چینە هەژارەکانی نێو جیهانی تۆپی پێ. ئەزموونی لیستەرستی پێویستە وا لە هەموو یانەکان بکات، لە جیهانی تۆپی پێدا، بێ گوێدان بە ئاست و جێگایان، گرنگی زیاتر بە یاریزانە لاوەکانیان بدەن و دەرفەتی زیاتریان بۆ بڕەخسێنن تاکوو گوازرشت لەخۆیان بکەن. پێویستە یانەکان لە هەرکوێیەکی ئەم جیهانە بن، سوود لە ئەزموونی لیستەرستی وەربگرن و بەراوردی دۆخی یاریزانەکانیان بە دۆخی ڤاردی هاوڕێکانی بکەن و هەمیشە متمانەیان بە یاریزانەکانیان هەبێت، وەکوو بەهرەیەکی پرشنگدار مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، بە چاوی ڤاردی و هاوڕێکانی تەماشای لاوە پڕ توانا و بەهرەکانیان بکەن. ئەگەرنا چیرۆکی سەرکەوتنی یانەی بچووک و ئاست مامناوەندی وەکوو هیلاس ڤیرۆنا و بلاکبورن ڕۆڤێرز و لیستەرستی هەمیشە وەکوو چیرۆکی هەزارویەک شەوە دەمێنێتەوە و هەرگیز نابێتە واقعێک کە دەکرێت هەموو یانەیەک ئەزموونی بکات.

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.

You might also like More from author

Leave A Reply

Your email address will not be published.

error: Content is protected !!