لە دونیای ئەدەبی ئێمەدا و بەتایبەت لە بواری نووسینی چیرۆکدا، (ئارام کاکەی فەلاح) یەکێکە لە ناوە دیار و دەنگە جدییەکانی ئەو بوارە، بۆ ئەم ساڵیش، لە چوارەمین ڤێستیڤاڵی ئەندێشەدا، خەڵاتی چیرۆکی پێبەخشرا، بۆ ئاگاداربوونی زیاتر لە دونیای ئەدەبی ئەو و نووسینەکانی، ئەم دیدارەمان لەگەڵ سازدا:
لە وتارێکدا (شێرزاد حەسەن) دەڵێت: مومکین نییە مرۆڤ پاش خوێندنەوەی ھەر کتێبێک بەشێک لە دونیا بینییەکانی نەگۆڕڕێت. بەڕێزیشتان لە نووسینێکدا، دەربارەی ناسینی کتێب دەڵێن: ئەوەی ڕۆژێک دەستی برد و کتێبێکی بە چێژەوە خوێندەوە، ئیدی قەت وەک خۆی لێ نایەتەوە. مەبەستمە بپرسم: کتب بۆ لە ژیانی مرۆڤدا گرنگە؟ ئەم سیحرە، ئەم جادووە چییە کتێب لە مرۆڤی دەکات و دەیگۆرێ بۆ کەسێکی دیکە؟
ئارام کاکەی فەلاح: لە چیرۆکی (ژنی ژێر باران)دا وتەیەکی ژنە نووسەری فەرەنسی تیایە بە ناوی (مادام دی سڤێنگە)، کە لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەھەمدا ژیاوە و بە نووسینی نامەکانی، بە تایبەتی نامەکانی بۆ کچەکەی، زۆر بەناوبانگە و دەڵێت: ھەتا کتێب ھەبێت خۆمان ھەڵناواسین. لە ڕاستیدا لای من کتێب ئەو ماڵە ڕەمزییەیە کە مرۆڤ ھەمیشە ھەیەتی و دەتوانێت بچێتەوە ناوی و دەرگاکەی پێوە بدات وھەست بە ئارامیی بکات. ئەو ئاوێنە سیحرییانەیە لە جیاتی سیمای دەرەوەت دەتوانی لە خۆت بڕوانیت و ترس و ھاوار و نائومێدییەکانتی تێدا بدۆزیتەوە. یان دۆستۆێڤسکی وتەنی ئەو نھێننیانەی تێدا بدۆزیتەوە کە مرۆڤ تەنانەت جورئەتی ئەوەی نییە لەگەڵ خۆشیدا باسیان بکات. کتێب ئەو زەوییەیە کە دەتوانی خەونەکانتی تێدا بچێنی. ئەو سەفەرانەیە کە ناتوانی خۆت بیانکەیت، ئەو سەفەرانە بە نێو سەدەکاندا، بە نێو وڵات و شارەکاندا. ئەو کەسانەی بێ ئەوەی بیانناسیت، دەبنە بەشێکی گرنگی ژیانت. کتێب چەندێ گرنگە بۆ ناسینی دونیا، ھێندەش گرنگە بۆ ناسینی خۆت. کتێب دەستکاری ھەندێ شوێن دەکات کە وا دەکات لە خۆت زیاتر نزیکت بکاتەوەو زیاتر بەو مرۆڤەی ناو خۆتت ئاشنا بکات. بۆیە ئەوانەی پەیوەندییەکی قووڵیان بە کتێبەوە نییە، بە خۆیان زۆر غەریبن. ئەوانەی کتێب ناخوێننەوە، چونکە سەیری خۆیان زۆر ناکەن، زۆر قسە دەکەن و بە گشتی کەسانی زۆرە بڵێن.
زۆر جار دەوترێت کاتێک مرۆڤ دەستی بە ھێنانەدی خەونەکانی ناگات، پەنا بۆ نووسین دەبات. بەختیار عەلیش لە دیدارێکدا دەڵێت (مرۆڤ کاتێک لە ھەموو شتەکاندا فاشیل دەبێت، ڕوو دەکاتە نووسین و دەبێت بە (نووسەر). بەڕاستی نووسەربوون دواکارتی فشاری مرۆڤە بۆ بەردەوام بوون لە ژیان؟ یان نووسین بۆ دەستڕاگەیشتنی مرۆڤە بۆ ئاشنابوون بە دیوێکی تری ژیان و کەشفبوونی دونیایەکی نوێیە؟ مەبەستمە بپرسم تۆ بۆ دەنووسیت؟ نووسین وەڵامدەرەوەی چ پرسیارێکی تۆیە لە ژیان؟
ئارام کاکەی فەلاح: نووسین وەک عەشق وایە، تەنھا ئەو کاتە ھەستی پێ دەکەیت کە لەناو زیندانەکەیدایت. لەمەوە دەمەوێت بڵێم کە نووسین بڕیارێکی پێشوەخت نییە. نووسەری ڕاستەقینە ناتوانێت بڵێت ئیتر من لە بەیانییەوە دەبم بە نووسەر، یان گەورە بم دەبم بە نووسەر. مرۆڤ کاتێک پێ دەزانێت نووسەرە، کە ئیتر لە ھەموو شتێکی تر دەستی شتووە. رۆژێ ھەست دەکەیت تەواو بە تەنیا ماویتەوە، یان لەناو دەیەھا کەسدایت و تەنیایت. ھەست دەکەیت ھیچ شتێکی تر سوودی نەماوە و کەس گوێ ناگرێت، لاپەڕە سپییەکەی بەردەمت نەبێت. کتێب نووسین ئەو پەرچەکردارەیە بەرامبەر ناعەدالەتییەکانی دونیا، بەرامبەر برین و خواروخێچییەکانی. ئەو ھاوارانەیە کە کەس ئامادە نییە بیبیستێت. من دەنووسم، چونکە ھەست دەکەم بەشێکی زۆر زۆری من بە نووسین نەبێت قسە ناکات. نووسەر بوونەوەرێکی ئاڵۆز و پەرش و بڵاوە، کتێب نەبێت ھیچ شتێکی تر کۆی ناکاتەوە.
گوستاف فلوبێرلە شوێنێکدا دەلێت: (مادام بۆڤاری خۆمم)، منیش زۆر جار لە خوێندنەوەی چیرۆکەکانی تۆدا، وێنەی خۆت دەبینم و ئامادەییتان وەک کاراکتەر لەناو چیرۆکەکاندا دیارە، بەتایبەت لەناو چیرۆکی (باوکی ناو تەلەفۆن)دا. دەمەوێت بزانم تا چەند بۆچوونەکەم ڕاستە؟ تۆ دەتەوێت چیرۆکی خۆت بنووسیتەوە یان ھی ئەوانی تر؟
ئارام کاکەی فەلاح: وەک لە زۆر شوێنی تریش باسم کردووە، مرۆڤ ناتوانێت خۆی لە نووسینەکانی بھێنێتە دەرەوە. کە سەیری ژیانی گارسیا مارکیزو ئەو شوێنەی لێی دەژیا، دەکەین، ئەوسا تێدەگەین کە ژیانی ئەم نووسەرە بە چڕی لەناو ڕۆمان و چیرۆکەکانیدایە. من تا بیرەوەرییەکانی ئانا دۆستۆێفسکایام نەخوێندبووەوە، بڕوام نەدەکرد دۆستۆێفسکی ھێندە لەناو کتێبەکانیدا بێت. تۆ ھەر سەیری دوو رۆمانی بکە، (بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان ھی ساڵی ١٨٦٤ و قومارچی ھی ساڵی ١٨٦٦ )، ئینجا بۆت دەردەکەوێت سێبەری ئەم پیاوە لەھەموو شوێنێکی ئەم دوو ڕۆمانەیە. من لە پراگ ئەو کەلاوەو ماڵ و ژوورە ڕووخاوانەم بینی، کە کافکا تەمەنێکی زۆری ژیانی تێدا بەسەر بردبوو، ئەو شوێنانەی کە لێی دەژیا و دەنووسی، ئینجا لە نووسینەکانی باشتر تێگەیشتم و زانیم کە زۆربەی چیرۆک و ڕۆمانەکانی باسی ژیانی پڕ برین و پەڕپووتی خۆیەتی. بێگومان ئەمانە ھەموویان بێ ویستی نووسەر خۆی دێنە کایەوە. منیش وەک ھەر نووسەرێکی تر بێ ویستی خۆم بەشێکی زۆرم لەناو چیرۆک و رۆمانەکانمدایە. بەڵام ئەم باسکردنە، باسکردنێکی بایۆگرافی و ژیانی تایبەتی نییە، ھێندە ھەیە دەبێ لەشوێنێکی تردا بۆی بگەڕێین، ئەم شوێنەش یادەورییە. دوایش ئەم خودە ھێندە لە نێوان دیڕەکان و ئەوانی تردا دەتووێتەوە کەھەر باس کردنێکی خود، چەندەھا کەسی تر خۆی تێدا دەبینێتەوە.
لە دیدارێکدا خێزانی (مەحموود دەوڵەت ئابادی) باس لەسەر وەختی نوسینی رۆمانی (کلیدەر) دەکات و دەڵێت: شەوێک نیوەشەو خەبەرم بووەوە، مەحموود بە کوڵ دەگریا، پێم وت خێرە چی بووە بۆ دەگریت؟ وتی یەکێک لە پاڵەوانەکانم مرد کە نەدەبوو بمرێت. تۆش لە پێشەکی یەکێ لە کتێبەکانتا دەڵێیت: زۆر بە وردی و چڕی لەگەڵ پاڵەوانەکانم دەژیم و لاتان سەیر نەبێت گەر بڵێم لەگەڵ نووسینی ھەر چیرۆکێکدا نەخۆش دەکەوم. مەبەستمە بزانم تا چەند رووداو و کاراکتەر لە دەرەوەی ئیرادەی نووسەر لە دەقدا خۆیان فەرز دەکەن؟
ئارام کاکەی فەلاح: دەزانیت گارسیا مارکیز ھەمان چیرۆک دەگێڕێتەوە کە مارسیدیسی ژنی شەوێک ھەڵدەستێ و دەبینێت مارکیز دەگری و لێی دەپرسێت چی روویداوە؟ ئەویش دەڵێت: پاڵەوانێکی خۆمم لە ناو رۆمانەکەدا کوشت. ناچار بووم، مێرسیدیسی ژنیشی تا بەیانی لای دادەنیشێت و دڵی دەداتەوە. ئەم قسەیە لە کتێبێکدایە کە دیدارێکی دوورودرێژە لەگەڵ نووسەردا و ھەموو کتێبەکە بۆ دیدارەکە تەرخان کراوە. بەھەر حاڵ ئەوە لای من وایە کە لەدوای نووسینی ھەر چیرۆکێک و رۆمانێک من تەندرووستیم تێک دەچێت و نەخۆش دەکەوم، ھاوڕێ نزیکەکانم ئەوە دەزانن و من ھەندێ جار بە گاڵتەوە پێیان دەڵێم کە من دوای نووسینی ھەر چیرۆکیک، چوار تا پینج کیلۆ کەم دەکەم ونووسینی چیرۆک لای من بۆ ڕێجیم باشە، بۆیە پیشنیار دەکەم ئەوانەی دەیانەوێ وەزنی خۆیان دابەزێنن، بێن و چیرۆک بنووسن و بە چڕی و بە قووڵی لەگەڵ کاراکتەری ناو چیرۆکەکانیاندا بژین، کاتێک نووسەر وا بە قووڵی، بەو جۆرەی من مەبەستمە لەگەڵ چیرۆکەکەیدا دەژی، ئەوا نووسینی زەحمەتتر دەبێت، چونکە ئەرک و پێداویستی لەسەرت زیاتر دەبێت و گەر ئەوسا شتێکی واش ھاتە پێشەوە کە وای لێ کردی بڕیارێک بدەی بۆ نەمانی یەکێک لە کاراکتەرەکان، ئەوسا وەک دەبینی کاراکتەری ناو چیرۆک و ڕۆمانەکان وەک کاراکتەرەکانی دەرەوەی تێکستی لێ دێ و نەمانی ئەوانیش ژانێکی گەورەت پێدەگەێنێت.
لە ئێستادا ڕۆژانە و لە بڵاوکراوەکاندا بەر چەندین تێکست بە ناوی چیرۆکەوە دەکەوین، بەڵام کاتێک بەدوای چیرۆکی جددیدا دەگەڕێین، چیرۆکی جددیمان زۆر کەمە. بە بۆچونی بەرێزتان ئەم زۆر و بۆرییە ھی چییە؟
ئارام کاکەی فەلاح: سارتەر لە ساڵی ١٩٤٧ دا کتێبێکی ھەیە بە ناوی (ئەدەب چییە)، لەوێدا بەراوردێک دەکات لەنێوان نووسەر و دانەردا دەڵێت: مەرج نییە ھەموو دانەرێک، نووسەر بێت. منیش لەسەر ھەمان بۆچوونی سارتەر دەمەوێت بڵێم، دەبێت ئێمەش بەراوردێک بکەین لەنێوان نووسینی چیرۆک و چیرۆک نووسدا و بە بڕوای من مەرج نییە ھەموو ئەوانەی چیرۆک دەنووسن و تەنانەت کتێبی چاپکراویشیان ھەیە وەک کۆمەڵە چیرۆک بە چیرۆکنووس لەقەڵەمیان بدەین. با بێمەوە سەر زۆر و بۆرییەکە و لەچەند خالێکدا کۆیان بکەمەوە. یەکێک لەو خاڵانە ئەوەیە کە بەڕاستی نووسینی چیرۆکی جوان زەحمەتە. ھەر خۆی ھونەری گێڕانەوە کارێکی سەختە و بەھرە و لێزانین و ماندووبوونێکی زۆری دەوێت و کارێکی ھەتا بڵیی پڕووکێنەرە. دووەم ھۆ، ئاستی خراپی ئەو گۆڤار و رۆژنامانەن کە زۆربەی ئەوانەی سەرپەرشتی دەکەن ئاگایەکی زۆر قووڵیان لە ئەدەب نییە و شایستەی ئەو شوێنە گرنگە نین کە ڕای خۆیان لەسەر ئەو ژانرە گرنگەی ئەدەب دەربڕن و زۆربەیان زمانێکی زیندووی بیانی نازانن و ئاگایان لە ئاستی ئەدەبی جیھانی کەمە خوێنەرێکی تەمەڵن، بۆیە ھەر تێکستێکیان بە ناوی چیرۆکەوە بۆ بێت، بە کارێکی ناوازەو داھێنەرانە لەقەڵەمی دەدەن و بڵاوی دەکەنەوە، بۆیە ئەوان لای من ھۆکارێکی زیندووی ئەو زۆرو بۆرییەن و لێپرسراوی یەکەمی ئەو ناشرینییەن. ھۆکاری سێیەم، دەتوانم ئەو گروپ چێتییەی ناو ئەدەبی کوردی دەستنیشان بکەم، کە ھاورێیەتی و پیاھەڵدانی درۆ زیاتر بوونەتە ھێنانە پیشەوەی ھەندێ تێکستی خراپ، کە ماوەیەک سەرقاڵ و بێزارت دەکات و ئیتر بۆ خۆی ون دەبێت. بەڵام ئەوەیان لای من زۆر گرنگ نییە، چونکە ھیچ تێکستێکی خراپ بە مەدح و پیاھەڵدان ناژی، بەڵام لەوە نیگەرانم کەئەم جۆرە ئەدەبە تەواو ئەدەبی کوردی داپۆشیوەو بەخۆی و وەھمەکانییەوە خوێنەری ئێمەی سەرقاڵ کردووە و ئاستی چێژی ئینسانی ئێمەی لە تێکستی جوان دابەزاندووە و لەسەدا نەوەدی خوێنەری ئێمە نازانێ تێکستی جوان چییە؟ یەکێکی تر لە ھۆکارەکانی ئەم دە پازدە ساڵەی دوایش، دەرکەوتنی تۆڕێکی کۆمەڵایەتی وەک فەیس بووک و دەست خۆشییەکانێتی، نووسەرو خوینەری وا ساویلکە ھەیە کە ھێز و جوانی نووسین بە لایک و دەست خۆشییە درۆکانی ناو فەیس بووک دەپێوێت و بەو جۆرە خۆی لێ دەبێتە نووسەری چیرۆک و لە ھەمان کاتدا رۆماننووس و رۆژنامەنوس و وەرگێر و دەیەھا شتی تر. ھۆکاری تریش زۆرن، بەڵام ئەوەندە جارێ بەسە.
زۆر جار لە چیرۆکەکانتدا کۆتایی کراوە ھەیە، خوێنەر چاوەرێی بەشی تری چیرۆکەکانت دەکات. وەک بۆ نموونە چیرۆکی (ژنی ژێر باران). بە ڕاستی نەدەکرا کۆی بەشەکانی ئەم چیرۆکە و ھەندێک لەوانی تریش پێکەوە وەک ڕۆمان بنووسرانایە؟ ئەمە ویستی خۆتە خوێنەر تامەزرۆ بکەیت و وای لێ بکەیت چاوەڕێ بکات تا بەشێکی تری چیرۆکەکە؟ یان بێ ویستی خۆت ئەمە روودەدات؟
ئارام کاکەی فەلاح: بێگومان زۆربەی زۆری ئەو چیرۆکانەی من نووسیوومن، دەمتوانی بیانکەم بە رۆمان و ئێستاش دەتوانم بە شێوەی ڕۆمان بیاننووسمەوە، تۆ باسی (ژنی ژێر باران) دەکەیت، منیش نەک تەنھا ئەو چیرۆکە کە سێ بەشیم لێ نوسیووە و بەشی سێیەمیم تێکەڵاوی چیرۆکی نووسینەوەی دڕک کردۆتەوە، بەڵام ھەموو چیرۆکەکانی تریشی وەک (گوڵەکانی دۆزەخ، نووسینەوی دڕک، من و کامێراکەم، باوکی ناو تەلەفۆن، ئەو کوڕەی لە زۆر کەس دەچێت، دزینی خەونەکان و من بە بووکێکی گەورەوە) بە ڕۆمان بنووسیایە، بەڵام ڕاستت بوێت، من ھەر رۆمانێک بتوانم بە چیرۆک بنووسم، ئەوا وا دەکەم و بە چیرۆک دەیاننووسم با چەند بەشێکیش دەرچن. ئەوە بۆ من گرنگ نییە خاوەنی چەند رۆمان دەبم، بەڵکو ئەوە بۆ من گرنگە خاوەنی چەند چیرۆکی جوانم. چیرۆکێکی جوان، بە دە رۆمان ناگۆڕمەوە، بەڵام ئەم رۆمانەی دوایم (سیزیف، ئەو کوڕەی دوو دڵی ھەیە) بە چیرۆک بۆم نەنووسرا بۆیە بێ ویستی خۆم درێژ بووەوە بۆ رۆمان. ھەر چەند پێشم خۆش بوو، بوو بە رۆمان، بۆ ئەوەش خۆم بڕیار نادەم، بەڵکو نووسینەکە خۆی بڕیار دەدات، قەت ئەو بەشانەی چیرۆکەکانم، کە لە یەکەوە دەبنە دووان سیان، بۆ تامی ..تامی و تامەزرۆیی خوێنەر نایاننووسم، بەڵکو پێویستییەکەی رۆحی خۆمە وا دەکات درێژ ببنەوە تا ناکۆتا.جۆر و کاراکتەری ئەو چیرۆکانەی من دەیانووسم وا فەرز دەکاست تا ناکۆتا درێژ ببنەوە. من تەنانەت رۆمانی (سیزیف ئەو کوڕەی دوو دڵی ھەیە)، لەناو خۆیدا چەندەھا رۆمانی تری ھەڵگرتووە، چەندەھا بەشە رۆمانی نەنوسراوی تیایە، ھەر کاتێک بیەوێت بانگم دەکات تا بینووسمەوە. ھیچ شتێک سنوور بۆ ئەو خەیاڵ و نوسینانەی من دانانێت مەرگ نەبێت، بۆیە تا من بژیم و توانای نووسینم ھەبێت ئەوانیش دریژ و درێژتر دەبنەوە و بەشی تر لەدایک دەبێت.
لە ئێستادا ئێوە یەکێکن لە دەنگە جددییەکانی ناو چیرۆکی کوردی و خاوەن خوێنەری تایبەتی خۆتانن. دەکرێت لێرەوە بە خوینەرەکانتان بلێن، پڕۆژەی ئایندەتان چییە و خوێنەرەکانتان بەم زوانە چیرۆکی تازەتان دەخویننەوە؟
ئارام کاکەی فەلاح: بەڵێ ماوەیەکی تر چیرۆکێکی تازەم بە ناوی (کارگەی تووڕەیی) لە گۆڤارێکی تازەدا بڵاودەبیتەوە و لەوێدا خوێنەران بەر تەکنیکێکی تازەم دەکەون لە ناو چیرۆکدا کە دەتوانم ناوی بنێم (تەکنیکی شانۆیی لەناو چیرۆکدا). پرۆژەی نووسینی ترم زۆرە و رۆمانێکی تازەم بە دەستەوەیە و گەر بۆم کرا وەک چیرۆک بینووسم ئەوا دەیکەم، گەر نەمتوانی ئەوا دەیکەم بە رۆمان.
لەوەڵامی پرسیاری شەشدا دەڵێیت (ھەندێک چیرۆک ھەبووە دەمتوانی بیکەم بە رۆمان و ھەندێک لە رۆمانەکانیش دەمتوانی بە شێوەی چیرۆک بنووسم)، دەپرسم گۆڕینی چیرۆک بە رۆمان و گۆڕینی رۆمان بە چیرۆک ئەوەندە کارێکی ئاسانە؟ دەتوانی بە وردی باس لە جیاوازییەکانی چیرۆک و رۆمانمان بۆ بکەیت؟
ئارام کاکەی فەلاح: بێگومان ھێندە ئاسان نییە، بەڵام وەک لە پێشدا وتم، کاراکتەری ئەو جۆرە چیرۆکانەی من دەیاننووسم، بە پێی ئەوەی تەکنیکێکی کراوەیان ھەیە، ئەگەری درێژبوونەوەیان ھەیە تا ناکۆتا، ئەگەری ئەوەی ھەمیشە بێنەوە ناو ژیانی ئێستا، ئەگەری خۆتازەکردنەوە، ئەگەری ژیان خۆی لەھەمووی گرنگترە، کۆمەڵێک کاراکتەر ھەمیشە ئەگەری ئەوەیان ھەیە بێنەوە بەردەمت وھەناسەت لێ قەرز بکەن و بڵێن بمانووسە ئێمە نەمردووین.من گەر بتوانم ژنی ژێر باران بە سێ بەش بنووسم، بۆ ناتوانم بیکەم بە رۆمان؟بە تایبەتی ژنی ژێر بارانێک کە چیرۆکەکەی قەت تەواو نەبێت. من گەر غەریب ریکۆرد بە سێ بەش بنووسم، بۆ ناکرێ بەشێوەی رۆمان بینووسم بە جۆرێک ئەم کاراکتەرەم ھەمیشە دێتەوەو دەچێتە ناو چیرۆکەکانی تریشمەوە؟ لەکاتێکدا من خۆم رۆمانیش دەنووسم، دەزانی بۆ یەکێ نووسەری ھەردوو جۆرەکە بێت، ئەوە دەزانێ کە چیرۆک و رۆمان ھێندە دوو دونیای لێک جیاواز نین. ئەوە لای ئێمەی کورد چونکە رۆمان تەمەنێکی ھێندە کورتی ھەیە، لامان زەحمەت ترە و وا دەزانین چیرۆک نووسین ئاسانترە، بەڵام راستت بوێ پێچەوانەیە. گەرکەمێک لە پێوانە گشییەکانی چیرۆک و رۆمان قسە بکەم، دەتوانم بلێم کە چیرۆکێکی درێژ (نۆڤێل کە لە بنەڕەتدا وشەیەکی ئیتاڵییەو لە نۆڤێلاوە ھاتووە کە بەمانای ھەواڵ دێت، یان بە لاتینێکەی پروسە کە مەبەست لێی جۆرێک گێڕانەوەیە کە ھەناسەیەکی درێژی تێدایە) دەتوانی بۆ چل و نۆ لاپەڕەیەک درێژ بێتەوە، دوای ئەوە دەکرێ لە پەنجاوە ناوی بنرێت رۆمانی کورت. ھەرچەند من خۆم زۆر بڕوام بەم جۆرە پێوانانە نییە.ئیشی رۆمان ئیشێکە لە ئاسۆیەکی فراوانتردا، لە یاریگایەکی فراوانتردا، لەگەڵ کۆمەڵێک کاراکتەری زۆرتردا، لەگەڵ جیاکردنەوەی بە چەند بەشێک و ھەر بەشێکیش دەکرێ باسێکی سەربەخۆ بێت، دوایی بە تەکنیکێک ئەم بەشانە پێکەوە ببەسرێتەوە،بەڵام لە چیرۆکدا دەکرێ یەک بەسەرھاتت ھەبێ و یەک کاراکتەر،یەک ھەناسە، یەک رووداو، یەک چوونە ناوەوە، یەک کۆتایی، یەک گرێچن، یەک سەرەتا، بەڵام ئەمە کاری نووسین ئاسانتر ناکات، چونکە لە چیرۆکێکی جواندا دەبێ حیساب بۆ ھەموو ڕستەیەک و بۆ ھەموو وشەیەک بکەیت، دەبێ ھیچ شتێکی زیادەی تێدا نەبێت، لە کاتێکدا لە رۆمانێکی ئاساییدا دەتوانی چەندھا لاپەڕە بە وەسف پڕبکەیتەوە، دەتوانی چەندەھا شت بڵێیت کە دەکرێ نەیانڵێیت، وەک سیاسییەک چۆن دەتوانی سەعاتێک قسە بکات و ھیچیش نەڵێت، رۆمان نووسێکیش دەتوانی چەندەھا لاپەڕە بنووسێت و ھیچیش نەڵێت، نەک تەنھا نووسەران، بەڵکو خوێنەرانی رۆمانیش ئەوە دەزانن کە رۆمان پرێتی لە شتی زیادە، کە دەکرێ فڕێیان بدەیت و ھیچ کارێکیش نەکات، لە کاتێکدا چیرۆکی جوان بە شێوەیەک بیناکراوە دەسکاری یەک ڕستە بکەیت دەڕمێ،بێگومان ئەم پێوانەیە بۆ زۆربەی ئەو چیرۆک رۆمانە خراپانەی ئێستا لای ئێمە دەنوسرێن و بڵاودەبنەوە ناگونجێ، پێش ھەموو شتێ دەبێ ئەو سەرنجە باوە فڕێ بدەین کە نووسینی چیرۆک ئاسانتربێ لە رۆمان، بەتایبەتی ئەو جۆرە چیرۆکەی ئێستا ئێمە دەینووسین، مەبەستم چیرۆکی مۆدێرنە، ھەموو ئامادەکارەییەک و ھەموو ئەگەرێکی بوون بە رۆمانی تێدایە، من باسی ئەو دوو چیرۆکەی خۆم کرد، بێجگە لەوان، تۆ سەیری چیرۆکی (من و کامێراکەم ) چیرۆکی (دزینی خەونەکان)، ئەمانە بۆ نموونە وەک لە پێشەکی کۆمەڵە چیرۆکەکەشدا باسم کردووە، کە بە تەکنیکی مینی رۆمان نووسیومن، کەسانێکی زۆر کەم نەبێ، زۆرکەس ئاوڕیان لێ نەداوەتەوە و تێی ناگەن، تێشی بگەن، ھێندە سەرقاڵن بەخۆیانەوە دوو وشە لەبارەیەوە ناڵێن، زۆر کەسیش دەیبات و بەھەڵە بەکاری دێنێت،من ئەم ماوەیە چەند چیرۆکێکم خوێندەوە بەو جۆرە تەکنیکەی من دەینووسم نووسرابوون، ھێندە چیرۆکەکەیانی قەرەباڵەغ کردبوون، یەکسەر تێدەگەی کە ئەم برادەرانە لەم جۆرە تەکنیکە تێنەگەیشتوون و بەکاری دێنن.دەستخۆشیان لێ دەکرێ و ھەندێ جار خەڵاتیشی پێ وەردەگرن. بێ ئەوەی ئەوانەی بڕیاردەدەن لەبارەی ئەو چیرۆکانەوە، لە جیاتی ئەوە پێیان بڵێین کوڕی باش! چیرۆک وا نانووسرێ، ئەم تەکنیکە بە ھەڵە تێگەیشتووی. بۆ نموونە ئەو جۆرە تەکنیکە یارمەتیت دەدا چیرۆکێک بە تەکنیکی رۆمان بنووسیت، بەڵام ئەم جۆرە تەکنیکە دێت و رووداوەکانت بۆ کۆدەکاتەوە و دەیھێنێتە ژێر کۆنترۆڵی نووسینەوە،بۆیە چیرۆکەکە بەم جۆرە تێکەڵ و پێکەڵ و قەرەباڵەغ نابێ، وەک چۆن رووناکییەک لە دەرەوە دێتە ناو کامێرایەکەوە و عەدەسەی کامێراکە رووناکێیەکەت لە یەک خاڵدا بۆ کۆدەکاتەوە تا پەڕش و بڵاو نەبێتەوە، تا عەدەسەکەشت باشتر بێ، ئەو وێنەیەی دەیگریت روونتر دەبێت، ئەو تەکنیکەش وایە رووداوەکانت بۆ کۆدەکاتەوە تا کۆنترۆڵیان بکەیت و بۆ گێڕانەوە ئاسانتر بێت، لەچەند رووداوێکەوە بێنەوە سەر یەک دوو رووداو، لە رۆماندا بە پێچەوانەوەیە، لە عەدەسەکەوە جارێکی تر دێتە دەرەوە و پەرش و بڵاو دەبێتەوە، لە یەک رووداوەوە دەبێتە چەندەھا رووداو. لە یەک کاراکتەرەوە چەندەھا کاراکتەری تر لەدایک دەبێ.بۆیە ئەگەری ئەو ئەو چیرۆکانەم و کردن و نووسینیان بە رۆمان کارێکی ھێندە زەحمەت نییە، وەک لەچاوپێکەوتنێکی تریشدا باسم کرد، کە من بە نھێنی لابورێکم ھەیە کە تەکنیکی چیرۆکی تێدا لەدایک دەبێ، جارێ وا ھەیە لەدایک بوونی تەکنیکێک چەند مانگ وساڵ تێڕامان و بیرکردنەوەی وردو قووڵی دەوێت، ھەندێ کەسیش دەیانەوێ بە دوو چیرۆک ئەو تەکنیکانە بەرن و بەکاری بێنن بێ ئەوەی بەقووڵی لێی تێبگەن. وەک ماشێنێک بیدەیتە دەست قووتابییەکی نەزان لێی بخوریت، ئەوانەشی بریار لەسەر باشی ئەو تێکستە خراپانە دەدەن، وەک ئەو مامۆستایانە وان لەتەنیشت ئەو قوتابیانەوە دانیشتوون ولەبەر ورگ و گیرفانی خۆیان ھەر خەریکی دەستخۆشی کردنیانن بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە ھەموو ئەو رووداوانەی لە ڕێگا تووشیان بوون.
سازدانی/ شاخەوان سدیق